هەولێر: لە 10 مانگدا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لەدایکبوونە
  2026-11-21     

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر، 67 هەزار و 301 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و 13 هەزار منداڵ لەدایکبوونە.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەو ماوەیەدا بە گشتی 13 هەزار و 610 منداڵ لە نەخۆشخانەکە لەدایکبوون. لەم ژمارەیە 8 هەزار و 491 منداڵیان بە شێوەی سروشتی بووە کە 4 هەزار و 265 کوڕ و 4 هەزار و 226 کچن، هەروەها 5 هەزار و 119 منداڵیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون کە 2 هەزار و 685 کوڕ و 2 هەزار و 434 کچن، هاوکات 6 هەزار و 600 منداڵ لە بەشی منداڵە ناکامەکان خەوێندراون.

لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە، 3 هەزار و 673 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتن و 301 نەخۆشیش لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU) خەوێندراون، لە کاتێکدا 3 هەزار و 86 سەردان لە بەشی بلوورە منداڵ تۆمارکراوە. لە بواری پشکنین و وێنەگرتنی پزیشکیشدا، 255 هەزار و 397 پشکنینی تاقیگە، 59 هەزار و 936 سۆنار و 2 هەزار و 647 تیشک ئەنجام دراون.

لەبارەی ئاماری نەشتەرگەرییەکانەوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت "لەماوەی ئەو 10 مانگەدا 327 نەشتەرگەریی بچووک، هەزار و 3 نەشتەرگەریی مامناوەند، 2 هەزار و 905 نەشتەرگەریی گەورە و 2 هەزار و 457 نەشتەرگەریی سەرووی گەورە بۆ نەخۆشان ئەنجامدراون".

"وەزارەتی تەندروستی لەسەر راسپاردە و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستیی کوالێتیی بەرز بە شێوەی خۆڕایی و بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتییان بەردەوامە لە پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە گشتییەکان، هاوکات سوپاسی ماندووبوونی سەرجەم پزیشک، پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی کردووە بۆ خزمەتکردنی بەردەوامی چارەخوازان". بەشی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی وایوت
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×