کێ جرف سەخر دەپارێزێت؟​ هێزە حکومییەکان چوونە ناوەوە، بەڵام کەتائیبی حیزبوڵڵا دەڵێت: «ناوچەکە جێناهێڵین»
  2026-11-20     

ئەمڕۆ هەینی، هێزە حکومییەکانی عێراق چوونە ناو ناوچەی جرف سەخر (جرف نەسر) لە باشووری بەغدا و یەکە ئەمنییە هاوبەشەکان دەستیان بە دووبارە بڵاوبوونەوە کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکارە حکومییەکاندا بۆ دابەشکردنەوەی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی وزە یەکەم خاڵی پشکنینی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵایان لە جرف سەخر تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا چەکدارانی کەتائیب هێشتا لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە. هاوکات ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاویکردەوە کە یەکە ئەمنییە هاوبەشەکان بە مەبەستی دووبارە بڵاوبوونەوە چوونەتە ناو جرف نەسر.

​لەلای خۆیەوە سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، «هاوئاهەنگییەکی زۆر گەورە» لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی و لیواکانی ٤٥، ٤٦ و ٤٧ هەیە، لە بەرامبەریشدا حەشدی شەعبی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕپێکردنی یەکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە ڕاگەیاند.

​لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە کەتائیبی حیزبوڵڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە گرووپەکەیان جرف سەخر جێناهێڵێت، هاوکات چەند سەرچاوەیەک بۆ هەمان ئاژانس ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەو لێکتێگەیشتنەی ڕێگەی بە بڵاوبوونەوەی هێزە حکومییەکان داوە بە سەرپەرشتیی ئێران بووە و مەرج نییە بە مانای کشانەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا بێت لە ناوچەکە.

​کردنەوەی «بارەگای سەرپەرشتیار» و ڕێگە داخراوەکان

​بەرپرسانی ئەمنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای بابل ڕایانگەیاند، کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، «بارەگای سەرپەرشتیار» (المقر المسيطر) لە جرف نەسر کراوەتەوە. ئەرکی ئەم بارەگایە بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی دووبارە بڵاوبوونەوە، ئاڵوگۆڕی یەکە سەربازییەکان و هاوئاهەنگیکردنی نێوان پێکهاتە ئەمنییەکانە لە ناوچەکەدا.

​بارەگاکە نوێنەرانی حەشدی شەعبی، لیوایەک لە سوپای عێراق و لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، لە ڕووی کارگێڕی و کردەییەوە سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییە و لە ژێر فەرماندەیی فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم کاردەکات.

​وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد کە سبەینێ ئەو پرد و ڕێگەیانەی لە ناوچەکەدا داخراون دەکرێنەوە. بەرپرسان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕوونیانکردەوە کە قۆناغی داهاتوو ڕێکخستنی کردنەوەی ڕێگەی پردی «فازڵییە» بە ئاراستەی کەربەلا بەپێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو لەخۆدەگرێت و دواتر پرۆسەی ئاڵوگۆڕپێکردنی یەکە سەربازییەکانی ناوچەکە تەواو دەکرێت. حەشدی شەعبیش دووپاتیکردووەتەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت هاوکارن و سەرجەم یەکەکان پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن.

​دابەشکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکان و پاراستنی بۆریی نەوت

​سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کرد کە پۆلیسی وزە دەستبەکاربووە بۆ سەرپەرشتیکردنی بۆرییە نەوتییەکەی ناوچەکە. لە هەمان چوارچێوەدا، بەرپرسێکی سەربازی ڕوونیکردەوە کە نزیکەی ٥ کیلۆمەتر لە ڕێڕەوی بۆرییە نەوتییەکان دەکەوێتە ناو سنووری جرف نەسرەوە و بۆ پاراستنی ئەو بەشەی هێڵەکە، فەوجێکی کۆماندۆ (مەغاویر) گەیشتووەتە ناوچەکە.

​بەپێی پلانی دابەشکردنەوەی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان:

​سوپای عێراق: ئەرکی پاراستنی یەکێک لە کەرتەکان دەگرێتە ئەستۆ.

​پۆلیسی فیدراڵی: بەرپرسیارێتیی ئەمنیی سەنتەری ناحیەی جرف نەسری پێدەسپێردرێت.

​حەشدی شەعبی: کەرتێکی دیکەی ناوچەکە دەپارێزێت.

​پۆلیسی وزە: ئەرکی پاراستن و ئەمنییەتی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە ئەستۆ دەگرێت.

​بەرپرسان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختیان کردەوە کە ئاڵوگۆڕی یەکەکان و گۆڕینی کەرتەکانی بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی ڕێکارە ئاساییەکانی دامەزراوەی سەربازیدایە و «بارەگای سەرپەرشتیار» چاودێری جێبەجێکردنی ئەرکی هێزە جیاوازەکان دەکات.

​پاشخانی بڕیارەکە و دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت

​ئەم هەنگاوە دوای ئاڕاستەکردنی فەرمانێکی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران دێت بۆ چوونەناوەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ جرف سەخر (جرف نەسر)، ئەمەش لەسەر پاشخانی بوونی گومانەکان لەبارەی قاچاخچێتیی نەوتەوە. پێشتریش ئاژانسی هەواڵی عێراقی هەواڵی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوتی لەسەر دۆسیەی «کارەکانی قاچاخچێتی» لە ناوچەی جرف بڵاوکردبووەوە.

​ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقی بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندبوو کە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەت و کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق کراوە بۆ چوونەناوەوەی هێزە حکومییەکان بە مەبەستی پاراستنی هێڵی نەوتەکە. هاوکات کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە گرفتە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت «لە ڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە چارەسەر دەکرێن بۆ ئەوەی دەرفەت بە دوژمنان نەدرێت».

​ناوچەی جرف نەسر کە پێشتر بە جرف سەخر ناسرابوو، دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل و نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر لە باشووری بەغداوە دوورە. لە ساڵی ٢٠١٤دا هێزە عێراقییەکان و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ناوچەکەیان لە دەستی ڕێکخراوی داعش کۆنترۆڵکردەوە، لەو کاتەشەوە ڕێکاری ئەمنیی توند لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرێت و گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانە ئاوارەبووەکانی هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

زۆرترین بینراو
یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی لاهور شێخ جه‌نگی له‌ زیندانه‌وه‌
دوای ٣٥ ساڵ لە مانەوەیان لە تونس؛ عێراق دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧" دەفرۆشێت
هاوپه‌یمانی نیشتمانی: هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای سەرەکیی حزبمان لە هەولێر
تره‌مپ: له‌ په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ تا دوای سه‌ری ساڵی نوێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین
له‌سه‌ر دۆسیه‌ی قاچاخچێتی له‌ جورف سه‌خر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی بۆرییه‌‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ستگیركرا
پاش هەنگاوەکەی جورف سەخر و پەیامەکەی عەلی زەیدی؛ فەرماندەی زێرەڤانی: هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەرێم
ڕەشنوسی بودجەی 2027ی عێراق تەواوکرا؛ داهاتی نانەوتی دەگاتە 19٪ و دۆسیەی نەوتی هەرێم وەک بەربەستی سەرەکی دەمێنێتەوە
جرف الصخر لەسەر لێواری تەقینەوە؛ ئەمریکا بە تەلەفۆن و ئێران لە مەیداندا
یەرەکە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و تۆپخانە سنووری سەردەشتی بۆردوومان کرد و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە
ترەمپ بە ئامادەبوونی پووتین و شی جینپینگ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×