لێکۆڵینەوەی دادوەری و بڵاوەپێکردنی هێز؛ دیوە شاراوەکانی جووڵە نوێیەکەی حکوومەت لە جورفولسەخر
  2026-11-20     

پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەی جورفولسەخر تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا بۆ لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت قەتیس نەماون، بەڵکوو جارێکی دیکە دۆسیەیەکی هەستیاریان هێنایەوە پێشەوەی هاوکێشەی نێوان حکوومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان، کە زیاتر لە دەیەیەک بوو دەوڵەت لە مامەڵەکردنی مەیدانی لەگەڵیدا دەستەوەستان مابووەوە.

​ئاوێنە: ئەم ناوچەیە لە ئێستادا بووەتە تاقیکردنەوەیەکی مەیدانی بۆ دروشمی «قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا»؛ تاقیکردنەوەیەک کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ئایا بەغدا توانای چوونە ناو ناوچەکانی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و لێکۆڵینەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی هەیە، یان تواناکانی هێشتا بەستراونەتەوە بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو هێزانەی کە بەپێی بنەما دەستوورییەکان دەبێت لەژێر سێبەری یاسادا بن.

​بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێویستە ڕووداوەکان بە وردی پۆلێن بکرێن؛ چوونەناوەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە یاوەریی هێزێکی ئەمنی و ڕاگەیاندنی دواتری حکوومەت بۆ بڵاوەپێکردنی هێزە فەرمییەکان، تا ئەم ساتە بە واتای گەڕانەوەی کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەمنی و کارگێڕی نایەت، هەروەها بە واتای ئەوەش نییە کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بنکە یان چەکەکانیان ڕادەست کردبێت. جیاوازیی نێوان سەردانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و گواستنەوەی هەمیشەیی دەسەڵات، جەوهەری ئەو تاقیکردنەوەیەیە کە لە پێش عێراقدایە.

​هێما و پێگەی ستراتیژیی جورفولسەخر

​شارۆچکەی جورفولسەخر دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدا و وەک بەشێک لە پشتێنەی پایتەخت ئەژمار دەکرێت، هەرچەندە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای بابلە. پێش ئەوەی لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا بکەوێتە دەست ڕێکخراوی داعش، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە نێوان ١٢٠ بۆ ١٤٠ هەزار کەس بووە، کە زۆرینەیان عەرەبی سوننە بوون و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بوون.

​بەشێکی دیکەی دانیشتووانەکە لە دوو کۆمەڵگەی گەورەی پیشەسازیی سەربازیدا کاریان دەکرد کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە سنووری کارگێڕیی شارۆچکەکەدا بنیات نرابوون؛ یەکەمیان «دامەزراوەی حەکەم» بوو کە تایبەت بوو بە توێژینەوەی بایۆلۆجی و لە نەوەدەکاندا کەوتە بەر پشکنینی نێودەوڵەتی، دووەمیشیان «دامەزراوەی قەعقاع» بوو کە کۆمەڵگەیەکی زەبەلاح بوو بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی مووشەک، سووتەمەنیی ڕەق، کڵاوەی جەنگی، تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازی.

​سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەندین ڕاپۆرتی میدیایی کە باس لە بەکارهێنانی ئەو دوو دامەزراوەیە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ دروستکردن یان عەمبارکردنی چەک دەکەن، هەروەها دەنگۆی بوونی بەرفراوانی ئێران بەتایبەت لە بواری هەواڵگری و ڕاوێژکاریدا، بەڵام بەهۆی داخرانی تەواوەتیی شارۆچکەکە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، هیچ کام لەم زانیارییانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.

​جورفولسەخر دوای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ وەک یەکێک لە یەکەم ناوچەکان لە دەستی داعش کۆنترۆڵ کرایەوە، کەوتە بەر سەرنجی میدیاکان. لە نێوان داگیرکردنی لەلایەن داعش و دەرکردنی ڕێکخراوەکەدا، دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی مامەڵەی توند و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ بوونەوە. هەرچەندە ئەنجوومەنی پارێزگای بابل ئەوکات ڕایگەیاند ناوچەکە بۆ ماوەی هەشت مانگ دادەخرێت بە مەبەستی «هەڵگرتنەوەی بۆمبە چێنراوەکان و پاککردنەوەی ماڵە بۆمبڕێژکراوەکان»، بەڵام ئەو داخرانە تا ئێستا بەردەوامە و خەڵکەکەی لە کەمپ و ناوچە هەڕەمەکییەکانی دەوروبەر و دوور لە زێدی خۆیاندا بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

​بەدرێژایی ئەم ساڵانە، جورفولسەخر وەک هێمایەک بۆ هێز و قەڵەمڕەویی گرووپە چەکدارەکان دەرکەوتووە؛ بە جۆرێک قەدەغەکردنی چوونەناوەوە سەرجەم لایەنە فەرمییەکانی حکوومەت، تەنانەت سەرۆکوەزیران و هێزەکانی سوپاشی گرتووەتەوە. لەو کاتەوە چوار سەرۆکوەزیرانی یەک لە دوای یەک نەیانتوانیوە یان نەیانوێراوە ئەو بەربەستە بشکێنن. هەر ئەمەش وای کردووە چوونی هێزە عێراقییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی نەوت گرنگییەکی تایبەتی هەبێت، وەک یەکەم چوونەناوەوەی فەرمی لە ماوەی ١٢ ساڵدا بۆ شارێک کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە بەغداوە دوورە. هەمان دۆخ لە پرسی ئاوارەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە سەرجەم هەوڵە مرۆیی و یاساییەکان بۆ گەڕاندنەوەیان لە بەردەم ڕەتکردنەوەی بەردەوامی کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا بە بیانووی «مەترسیی ئەمنی» شکستیان هێناوە.

​لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخەوە بۆ تاقیکردنەوەی سەروەری

​لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا، لە هەنگاوێکی بێوێنەدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵای حکوومی بە یاوەریی هێزێکی ئەمنیی زەبەلاح چووە ناو جورفولسەخر، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ زانیاریی هەواڵگری لەبارەی گومانی دزینی نەوت لە بۆرییەکی حکوومی کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ دروستکردنی خەزان و پاڵاوگەی نایاسایی.

​بەپێی ڕاگەیێنراوی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەکە دروستیی زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت، بوونی دامەزراوەی نەوتی و دەستکاریکردنی هێڵەکان پشتڕاست کردووەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی دا تێوەگلاوان ڕەوانەی دادگا بکرێن — بێ ئەوەی ناسنامە و پێگەیان لەناو کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا ئاشکرا بکرێت — و هاوکات ٩ بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.

​لە بەرامبەردا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، لیژنەکە هیچ کونکردنێکی لە بۆرییەکاندا تۆمار نەکردووە، بەڵکوو ئەوەی دۆزراوەتەوە بریتی بووە لە عەمباری سووتەمەنی و دامەزراوەیەکی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنی کە بۆ مەبەستی سەربازی تەرخان کراون.

​هاوکات، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیدا بۆ زەیدی باسی لە ئاستەنگی گەورەی مەیدانی کردووە؛ بە جۆرێک کەتیبەکانی حیزبوڵڵا جووڵەی ئەندامانی لیژنەکەی سنووردار کردووە و ڕێگەی نەداوە بچنە قووڵایی ناوچەکە و پشکنینی گشتگیر بکەن، هەروەها بەشێک لەو شوێنانەی پشکنراون پێشوەختە ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە. لای خۆیەوە بەرپرسێکی کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکان ڕەتی کردووەتەوە کە پشکنینی بەشێکی سنوورداری بۆرییەکە بەس بێت بۆ بڕیاردان لەسەر تەواوی ڕێڕەوەکەی، ئەمەش وا دەکات یەکلاکردنەوەی ڕاستییەکان بکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی دادوەری کە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کردووە.

​پێشهاتی گرنگتر دوای ئەوە، ڕاگەیاندنی گوتەبێژی حکوومەت بوو سەبارەت بە چوونەناوەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ جورفولسەخر و دیاریکردنی مۆڵەتێک بۆ چوونەدەرەوەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا. هەرچەندە گوتەبێژەکە وادەیەکی دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد، بەڵام پەیامنێری کەناڵی جەزیرە لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە گواستییەوە کە دوا مۆڵەت بۆ دەرچوونی کەتیبەکان و جێگیربوونی هێزە حکوومییەکان، ڕۆژی هەینی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ە.

​بە بڕوای چاودێران، هەوڵەکەی عەلی زەیدی تەنیا بە مەبەستی ڕێگری لە قاچاخچێتیی نەوت و سوودوەرگرتن لەو پاڵپشتییە سیاسی و جەماوەرییە نییە کە لە پەراوێزی لێکۆڵینەوەکەدا دروست بووە، بەڵکوو سەرەتایەکی ڕوونە بۆ وەرگرتنەوەی دەستپێشخەری لە پێناو جێبەجێکردنی دیدگاکەی بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە دیاردەی گرووپە چەکدارەکان تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٧. هەڵبژاردنی جورفولسەخر وەک خاڵی دەستپێکیش بە وردی لێک دراوەتەوە، چونکە ئەم ناوچەیە بەرجەستەکەری نەتوانینی دەوڵەتە لە کۆنترۆڵکردنی خاکەکەی و قۆرخنەکردنی بڕیاری ئەمنی و بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتی.

​چۆنیەتیی مامەڵەی دواتری حکوومەت، کاردانەوەی گرووپەکان و هێزە سیاسییە پاڵپشتەکانیان و تەنانەت ئەگەری کاردانەوەی لایەنە دەرەکییەکان، لەگەڵ وەڵامدانەوەی داواکاریی گەڕانەوەی دانیشتووان، ڕاستەوخۆ ئایندەی پرۆسەی قۆرخکردنی چەک و چەسپاندنی سەروەریی تەواوەتی دیاری دەکەن.

​لەم نێوەندەدا، ناوەندە حکوومییەکان جەختیان کردووەتەوە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و لە ڕێگەی گفتوگۆوە بەڕێوە دەچێت. لە کاتێکدا هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان جیاوازیی پێوە دیارە؛ هەندێکیان ئامادەییان بۆ ئاستێک لە تێکەڵبوونەوە یان ڕادەستکردنی چەک نیشان داوە، بەڵام کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا و ژمارەیەک گرووپی دیکە چەکداماڵینی گشتگیریان ڕەت کردووەتەوە و بەستوویانەتەوە بە چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان و مەرجی سەروەری و ئەمنیی فراوانترەوە.

​بەم پێیە، پێشبینی دەکرێت هەر پێشکەوتنێک لە جورفولسەخر سەرەتا لە چوارچێوەی دابەشکردنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی، کردنەوەی خاڵەکانی دەوڵەت و دانانی ڕێسا بۆ جووڵە و دامەزراوەکاندا بێت، نەک ڕادەستکردنی خێرا و تەواوەتیی کۆگای چەکەکان. ئەگەریش هەیە بەشێک لە سەرکردەی گرووپەکان بە ڕێکارگەلێک ڕازی ببن کە لە ژێر ناوی «ڕێکخستنەوە»، «تێکەڵکردن» یان «بڵاوەپێکردنەوە»دا پێشکەش دەکرێن، لە کاتێکدا لە واقیعدا پارێزگاری لە توانای سەربەخۆی خۆیان دەکەن. ڕێککەوتنێکی لەم جۆرە ئەگەرچی مەترسیی پێکدادانی ڕاستەوخۆ کەم دەکاتەوە، بەڵام قۆرخکردنی چەک بۆ دەوڵەت مسۆگەر ناکات ئەگەر فەرماندەیی، بڕیار و سەرچاوەی دارایی نەگرێتەوە و تەنیا لە ڕووکەشی کارگێڕیدا بمێنێتەوە.

​لە ڕوویەکی دیکەشەوە، دۆسیەی جورفولسەخر دەریدەخات کە سەرکەوتنی دەوڵەت تەنیا بە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی ناپێورێت؛ بەو پێیەی ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە ڕووی دانیشتووانە ئاوارەبووەکانیدا داخراوە، تەنانەت ئەگەر حکوومەت کۆنترۆڵی بنکە سەربازییەکان و ڕێگاکانیش بکاتەوە، سەروەری بە ناتەواوی دەمێنێتەوە ئەگەر ڕێڕەوێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی خەڵک و یەکلاکردنەوەی کێشەی موڵکداری دانەنرێت، دەنا تەنیا دەسەڵاتێکی نوێ جێگیر دەبێت بێ ئەوەی ئەو ستەمانە چارەسەر بکرێن کە بێمتمانەییان قووڵ کردووەتەوە.

​ئێران؛ لە نێوان کۆنترۆڵکردنی گرژی و پاراستنی هەژمووندا

​بەپێی خوێندنەوە سیاسییەکان، تاران ناچار نییە لە نێوان پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان یان حکوومەتی عێراقدا بژاردەیەکی یەکلاکەرەوە و سفرێتی هەڵبژێرێت. ئەگەری بەهێزتر ئەوەیە کە ئێران هەوڵی ڕێگریکردن لە پێکدادانێکی فراوانی ناوخۆیی عێراقی بدات، هاوکات پارێزگاری لە توانای گرووپە هاوپەیمانەکانی بکات بۆ کاریگەری دانان لەسەر بڕیاری ئەمنی و سیاسی. تەنانەت تێکەڵکردنی فەرمیی ئەم پێکهاتانە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا ڕەنگە بۆ تاران جێی قبووڵ بێت، بە مەرجێک کۆتایی بە سەربەخۆیی کردەییان نەهێنێت.

​شیکارییەکی «ناوەندی ستیمسۆن» ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە تاران سازشێکی پێ باشتر بێت کە توانا سەرەکییەکانی گرووپەکان بپارێزێت و دەستەواژەی دۆسیەکە لە «چەکداماڵین»ەوە بگۆڕێت بۆ «ڕێکخستن و تێکەڵکردن»، هەرچەندە ئەمە وەک هەڵسەنگاندنێکی شیکاری دەمێنێتەوە و بەڵگە نییە لەسەر بڕیارێکی ڕاگەیێنراوی ئێران تایبەت بە جورفولسەخر.

​لەم سۆنگەیەوە، ڕەتکردنەوەی بوونی نێوەندگیری یان دەستێوەردانی ئێران لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەم دۆسیەیەدا، پرسی هەژموونی فراوانتری ئێران یەکلایی ناکاتەوە؛ چونکە هەژموون هەمیشە لە ڕێگەی فەرمانی ئاشکرای تارانەوە کار ناکات، بەڵکوو لە ڕێگەی پەیوەندیی سیاسی و ئەمنی، تۆڕی بەرژەوەندی و توانای هاوپەیمانە ناوخۆییەکان بۆ ئاراستەکردنی بڕیارەکانی دەوڵەتەوە بەرجەستە دەبێت.

​لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا سەبارەت بە هەوڵەکانی چەکداماڵین، سەرچاوە عێراقییەکان گرووپە چەکدارەکانیان وەک هێزی پەیوەست بە سوپای پاسداران وەسف کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە عەلی زەیدی چەندە پێویستی بە پاراستنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ واشنتن، هێندەش پێویستی بە پشتیوانیی تارانە. ئەمەش ئەو قەیرانە قووڵەی حکوومەت دەردەخات: چۆن ڕێکاری سەروەری جێبەجێ بکات بێ ئەوەی ببێتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزگەلێک کە ئامرازی فشاریان لەناو خودی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە.

​واشنتن و پاڵپشتیی مەرجدار بۆ بەغدا

​دۆسیەی جورفولسەخر بۆ واشنتن ئاماژەیەکی کردەیی دەبەخشێت لەسەر ڕژدبوونی بەغدا لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت کە پرسی چەکداماڵین بەستراوەتەوە بە پابەندییەکانی عەلی زەیدی بەرامبەر ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و بڕیاری ڕاگەیێنراوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەشدا، چوونەناوەوەی حکوومەت بۆ ناوچەکە بە شێوەیەکی خۆکار بە واتای ئەوە نایەت کە واشنتن دۆسیەکە بە کۆتاییهاتوو دەزانێت؛ پێوەری پێشبینیکراوی ئەمریکا بریتییە لە ڕێگری لە هێرشەکان، سنووردارکردنی سەربەخۆیی بڕیاری چەکداری، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی توانای گرووپەکان لە بەکارهێنانی سامان و هەژموونی دەوڵەت دژی سیاسەتی واشنتن.

​هاوکات، بەغدا ناتوانێت بە شێوەیەک وەڵامی ئەم فشارانە بداتەوە کە وا دەربکەوێت داواکارییەکی ئەمریکی بەسەر پێکهاتەیەکی عێراقیدا جێبەجێ دەکات؛ هەر بۆیە سوورە لەسەر ئەوەی دۆسیەکە وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی یاسا و سەروەری وێنا بکات.

​ئەگەر دۆخی جورفولسەخر سەر بکێشێت بۆ پێکدادانی سەربازی لە نێوان هێزە حکوومییەکان و گرووپە چەکدارەکان، ئەگەری هەیە فشارەکانی ئەمریکا لەسەر بەغدا زیاتر بن و لە ناوخۆشدا حکوومەت تۆمەتبار بکرێت بە ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێیەک بە وەکالەت. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت کە چەک و فەرماندەیی سەربەخۆی گرووپەکان بپارێزێت و تەنیا شوێن یان ناوەکانیان بگۆڕێت، ئەوا ڕەنگە واشنتن وا لێکی بداتەوە کە حکوومەت تەنیا گرژییەکانی کەم کردووەتەوە بێ ئەوەی دەست بۆ جەوهەری کێشەکە ببات.

​بەم شێوەیە پەیوەندیی سێقۆڵیی «عێراق، ئەمریکا و ئێران» وەک پرۆسەیەکی هاوسەنگڕاگرتن لەژێر فشاردا دەردەکەوێت، نەک گواستنەوەیەکی سادە لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی دیکە. واشنتن دەوڵەتێکی دەوێت بتوانێت ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی خۆی بکات، تاران نایەوێت ئەمە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی هەژموونەکەی، بەغداش هەوڵی بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدات بێ ئەوەی هاوسەنگیی سیاسیی ناوخۆ لەدەست بدات یان ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرەو پەرەسەندنی گرژی پاڵ بنێت.

​لە کۆتاییدا، نیشانەی یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی ئەم ڕێڕەوە ڕوون دەبێت: ئایا هێزە فەرمییەکان دەتوانن بچنە ناو شارۆچکەکە و بە ئازادی بجووڵێن و یاسا جێبەجێ بکەن؟ ئایا دانیشتووانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟ و ئایا تۆمەتباران بە پشتبەستن بە بەڵگەی شایستەی پشکنینی دادوەری لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ بەبێ بەدیهاتنی ئەم ڕەگەزانە، ڕاگەیاندنی کۆنترۆڵکردنەوە لە ڕێکخستنەوەی هەژموونەوە نزیکتر دەبێت تا کۆتاییهێنان پێی.

نوسینی: د. لیقا مەکی، توێژەری باڵا بۆ لێکۆڵینەوەکان و پڕۆفیسۆر لە بواری ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە لە زانکۆی بەغدا.

 

زۆرترین بینراو
یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی لاهور شێخ جه‌نگی له‌ زیندانه‌وه‌
دوای ٣٥ ساڵ لە مانەوەیان لە تونس؛ عێراق دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧" دەفرۆشێت
هاوپه‌یمانی نیشتمانی: هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای سەرەکیی حزبمان لە هەولێر
تره‌مپ: له‌ په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ تا دوای سه‌ری ساڵی نوێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین
له‌سه‌ر دۆسیه‌ی قاچاخچێتی له‌ جورف سه‌خر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی بۆرییه‌‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ستگیركرا
پاش هەنگاوەکەی جورف سەخر و پەیامەکەی عەلی زەیدی؛ فەرماندەی زێرەڤانی: هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەرێم
ڕەشنوسی بودجەی 2027ی عێراق تەواوکرا؛ داهاتی نانەوتی دەگاتە 19٪ و دۆسیەی نەوتی هەرێم وەک بەربەستی سەرەکی دەمێنێتەوە
جرف الصخر لەسەر لێواری تەقینەوە؛ ئەمریکا بە تەلەفۆن و ئێران لە مەیداندا
یەرەکە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و تۆپخانە سنووری سەردەشتی بۆردوومان کرد و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە
ترەمپ بە ئامادەبوونی پووتین و شی جینپینگ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×