شیرین فوئاد مەعسوم، کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لە ڕۆڵی مێژوویی ئەو حزبە و ئەدای سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی کرد لە پرسی ئاوەدانی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا.
ئاوێنە: بە وتەی شیرین فوئاد مەعسوم، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو لایەنەیە کە باسی کورد، یەکبوون، ئاڵای کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێم دەکات، پێشی وایە کە هەر بەم هۆیەوە «مۆری نەتەوەیی» بەو حزبە دراوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووشدا، هەر پارتی ڕۆڵی دانبەخۆداگرتنی بینیوە و لە پێناو تێکنەچوونی ناوماڵی کورد و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا قوربانیی زۆری داوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو لایەنەکان دڵخۆش بن بەوەی کوردستان خاوەنی سەرکردەیەکی وەک مەسرور بارزانییە، کە بە گوتەی ئەو «خەبات دەکات لە پێناو ئاوەدانی و گەشانەوەی زیاتری کوردستاندا».
سەبارەت بەو ڕەخنە و دژایەتییانەی ڕووبەڕووی سەرکردەکان دەبنەوە، شیرین فوئاد مەعسوم پەندێکی بە نموونە هێناوەتەوە و دەڵێت: «داری بەردار هەمیشە بەردی تێدەگیرێت و سەرکردە خزمەتویستەکان ئامانجی نەیارانن». لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاروانی شۆڕشی وەبەرهێنان، گەشانەوە، سەقامگیری و جووڵەی ئابووریی کوردستان ناوەستێت و بە سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوبراو مەسرور بارزانیی وەک «دەوڵەتمەدارێکی ڕاستەقینە» وەسف کردووە و باسی لەوە کردووە کە بە هەستێکی بەرپرسیارێتی و دادپەروەرییەوە مامەڵە دەکات، بە جۆرێک کە کردەوەکانی وەک پەیامی یەکڕیزی و ئاشتی خزمەت دەکەن.