ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی ھەردوولا کۆبوونەوەو بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆبوونەوەکە بۆ ئاوێنە، کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووەو "تەنیا کۆبوونەوەیەک بووە بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکەی باڵاتر، بەڵام یەکێتی دوو داواکاری ھەیە بەبێ ئەو دوو داوایە ناچێتە ھیچ گفتوگۆیەکەوە".
ئاوێنە: سەرچاوە ئاگادارەکە بۆ ئاوێنە، لەبارەی کۆبوونەوەی یەکێتیو پارتیییەوە دەڵێت "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتیو پارتی بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکەی باڵاتر ئەنجام دراوە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە بێت، یەکێتی بەم دوو داواکارییە دەچێتە کۆبوونەوەیەکی باڵاتر کە دەبێت پارتی جێبەجێی بکات، ئەویش "ئەو سێ پەرلەمانتارەی بوون بەسەربەخۆ دەست لەکاربکێشنەوە، ھەروەھا داواشیانکردووە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ٤ی مانگ ھەڵبوەشێتەوە. لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا یەکێتیو پارتی پەیامیان بۆ یەکتری ناردووە واتە کۆبوونەوەیەک نەبووە بۆ بڕیاردان".
٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ ڕەزامەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە بەشداریی سێ پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی، دانیشتنی پەرلەمانی ئەنجامدا و دەستەی سەرۆکایەتیی ھەڵبژارد، کە بووە ھۆی دروستبوونی قەیرانێکی قووڵی سیاسی لەنێوان ھەردوو لایەندا.
دەربارەی ئەوەی ئایا پارتی دەربارەی داواکارییەکانی یەکێتی بڕیاری چییە؟ سەرچاوە ئاگادارەکە وتی "بۆ ئاڵۆزییەکانی ئێستای ھەرێم؛ پارتی نەرم بووە، کاتێک یەکێتیش داوای دەستلەکارکێشانەوەی ھەرسێ پەرلەمانتارەکەی کردووە، پارتی وتویەتی سەربەخۆن، هەروەها نەرمی نواندووە کە بیانگەڕێنێتەوە".
ھەر لەبارەی داواکارییەکانی یەکێتی، ئەو وتی "یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی یەکێتی لەپارتی سەڵاحیاتی سلێمانییە پاشان وەزیرو وەزارەتەکان، پاشان ئەوەی کێ ببێت بۆ وەزیر".
ئەمڕۆ شەممە ١٢ی تشرینی دووەم، لە ئاستی مەکتەبی سیاسی ھەردوولا یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و ھەریەک لە رێواز فایەق و یوسف گۆران بەشداربوون و پشتیوان سادق و مەحمود محەمەد-یش نوێنەرایەتیی پارتییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە. ئەم کۆبوونەوەیە یەکەم دیداری فەرمیی نێوان ھەردوو حزبە لەدوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتییەوە بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی یەکێتی.