یانهی ههولێر رایدهگهیهنێت، شهوی رابردو لهمیانی یاری یانهكهیاندا لهگهڵ یانهی دهۆك، لەلایەن بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی یاریگە، هاندەرانی یانەی دهۆک و بەشێک لە ڕێکخەرانی یارییەکە، هێرشێکی ناڕەوا، دڕندانە كراوهته سهر هاندهران و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانهكهیان و ژمارهكیان لێ برینداربون. دهشڵێت، ئەمڕۆ یانەکەمان بە فەرمی سکاڵای خۆی بە هاوپێچکردنی تەواوی بەڵگە و ڤیدیۆکان تۆمار دەکات.
ئاوێنه: یانهی ههولێر، ئهمڕۆ شهممه، له راگهیهندراوێكدا وتی"بەداخێکی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە میانەی بەڕێوەچوونی یاریی یانەکەمان بەرانبەر یانەی دهۆک لە گەڕی (١٤)ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لەسەر یاریگەی دهۆک ئەنجام درا، لە کاتی یارییەکە و دوای کۆتاییهاتنیشی، لەلایەن بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی یاریگە، هاندەرانی یانەی دهۆک و بەشێک لە ڕێکخەرانی یارییەکە، هێرشێکی ناڕەوا، دڕندانە و ترسنۆکانەی بەرنامە بۆ داڕێژراو کرایە سەر هاندەرانی دڵسۆزمان، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانانمان."
ئهوهشی خستۆتهڕو "کارەساتەکە بەوەندە نەوەستا، بەڵکو هێرش و دەستدرێژییەکان گەیشتنە ناو ژووری جلگۆڕینیش، دوای ئەوەی شاندی یانەکەمان و هاندەرانمان بۆ ماوەی سێ کاتژمێری تەواو لە ناو یاریگەدا گەمارۆ دران و ڕێگەی دەرچوونیان لێ گیرا، لە ماوەی ئەو گەمارۆدانەدا ژمارەیەک لە هاندەران دزەیان کردە ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان لە ئەنجامی ئەو پەلامارە توندوتیژانەدا، سێ ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان بە سەختی بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە هاندەرەکانمان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران."
یانهكه ئاماژهی بهوهشداوه "جێگەی داخە ئێمە دەستەی کارگێری یانەی دهۆک بەکەمتەرخەم دەزانین لەو بابەتە کە جگە هیچ رۆلێکیان نەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنی باروودۆخەکە و هاندەرانیان و هێزە ئەمنیەکانی یاریگا و زۆر کەمتەرخەم بوون بەرانبەر رژانی خوێنی رۆلەکانی شارەکەمان."
ئهوهشی خستۆتهڕو "ئێمە لە یانەی هەولێر ڕایدەگەیەنین کە تەواوی ئەو ڕووداوە تاوانکاری و پێشێلکارییانەی سەرەوەمان بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و تۆماری ڤیدیۆیی ڕوون لەبەردەستدایە، بە ڕوونیش هەست بەوە دەکەین کە بوونی سەرپەرشتیاری ئەمنیی یارییەکە کە خەڵکی شاری دهۆک بووە، بێ کاریگەر نەبووە لە دروستبوونی ئەم کەشە ناهەموار و پڕ لە مەترسییە و کەمتەرخەمی لە پاراستنی گیانی میوانان و وەرزشکاران."
جهختیشی كردۆتهوه "بەو پێیە و بە مەبەستی پاراستنی مافی ڕۆڵەکانمان و شکۆی وەرزشوانانمان ئەمڕۆ یانەکەمان بە فەرمی سکاڵای خۆی بە هاوپێچکردنی تەواوی بەڵگە و ڤیدیۆکان تۆمار دەکات."
وتوشیهتی "یانەکەمان بە نووسراوی فەرمی داوا لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها داوا لە لێژنەی ڕێککاریی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین بە شێوەیەکی جیدی، خێرا و بێلایەن لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بکات و سزای یاسایی و وەرزشیی توندی هەموو ئەوانە بدات کە دەستیان لەم هێرشانەدا هەبووە، چونکە خوێنی مرۆڤ و گیانی وەرزشکاران و هاندەران بەو شێوەیە هەرزان نییە کە بێ سزا و لێپرسینەوە تێپەڕێت."
جەختیشی كردۆتهوه کە جگە لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە هەموو دەرگا و دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکانی تر دەدەین بۆ بەدەستهێنانی ماف و سەندنی حەقی خوێنی ڕۆڵەکانمان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوە ناوەرزشی و مەترسیدارانە لە داهاتوودا.