ئەمڕۆ شەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەقامگیری دارایی و بانکە حکومییەکانی کرد و تیایدا بانکی تی بی ئای راسپارد نرخی هەر دۆلارێک بەو نرخە فەرمییە بفرۆشێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەندکراوە.
ئاوێنە: نووسینگەی میدیایی سەرۆکوەزیران لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دراو، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بانکە حکومییەکان و پلانەکانی دووبارە ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی ئەدایان، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئەو ڕێکارانەی کە دەتوانن ببنە هۆی سەقامگیری نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆدا".
سەرۆکوەزیران راشیگەیاندووە "ڕاسپاردەی بانکە حکومییەکان و ڕێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ ئاسانتر بکرێت".
هەروەها وەزارەتی دارایی ڕاسپارد ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج و باجی گومرگیی سەپێنراو بەو کاڵا و بەرهەمانە بکات کە هاوردە دەکرێن، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی ئاسانترکردنی پرۆسەی هاوردەکردن و سەقامگیری جووڵەی بازاڕ.
هەروەها زەیدی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی دا کە ژمارەیەک وەزیر و سەرۆکی دەستە پەیوەندیدارەکان لەخۆدەگرێت، بۆ ئامادەکردنی پێشنیارە پێویستەکان دەربارەی باجی گومرگی. ئەم لیژنەیە دەبێت لە ماوەیەکی زیاتر لە ٧٢ کاتژمێردا کارەکانی تەواو بکات.
لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی دراوی بیانی بە نرخی فەرمی، زەیدی بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)ی ڕاسپارد دۆلار بەو نرخە فەرمییە بفرۆشێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە؛ واتە ١٥٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک.
هەروەها فەرمانی دا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری فراوانکردنی ڕۆڵی بانکەکان بکرێت لە دابینکردنی پارە بۆ کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمی، بە سنووری دارایی گونجاو کە دەگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار لە مانگێکدا، بەپێی ڕێسا و تواناکانی بەردەست.
لەهەمانکاتدا، سەرۆکوەزیران هەموو بانکە حکومییەکانی ڕاسپارد ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کۆمپانیاکان و تاکەکەسەکان ئاسان بکەن و ئەم پرۆسەیە لەماوەیەکدا کە لە ٢٤ کاتژمێر تێنەپەڕێت تەواو بکەن، بۆ کورتکردنەوەی ڕێکارە کارگێڕییەکان و خێراکردنی مامەڵە بانکییەکان.