عێراق ١٠ کەشتیی نەوتهەڵگر دەکڕێت
  2026-11-21     

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەناردەی نەوت، بڕیارە ١٠ کەشتیی نەوتهەڵگر بکڕن.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت "وەزارەتی نەوت لەماوەی رابردوودا پلانی هەبوو کەشتی نەوتهەڵگر بۆ کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت ئامادە بکات، بەڵام بەهۆی سنوورداریی بودجەی تەرخانکراو و بوونی کاری دیکەی گرنگ وەک توانای هەناردەکردن و دامەزراوەکانی تایبەت بەو بوارە، وەزارەت ناچار بوو پشت بەو کەشتییانە ببەستێت کە بە کرێ دەیانگرێت".

وتیشی "گرێبەستی هاوبەش لەنێوان کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراق و خاوەن کەشتییەکان واژۆ دەکرێت. هاوکات لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەمان هەیە بەمەبەستی دابینکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ کڕینی لانی کەم ١٠ کەشتیی نەوتهەڵگر، تا پشتیوانی لە گواستنەوەی نەوت بکرێت".

باسم محەممەد جەختیکردەوە، کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر ئەو تێچووە داراییە بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە کە پێشتر بۆ بەکرێگرتن خەرج دەکرا. هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، ئێستا عێراق خاوەنی شەش کەشتیی نەوتهەڵگری مامناوەند و بچووکە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×