جروف لسەخر؛ هێزە عێراقییەکان یەکەم قۆناغی جێگیرکردنی هێزەکانیان تەواوکرد و بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکە دەچن
  2026-11-21     

رۆژنامەی عەرەبی ئەلجدید بڵاویکردووەتەوە، هێزە عێراقییەکان قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانیان لە ناحیەی جروف لسەخر تەواوکردووە. هەروەها سەرۆکی خانەی میدیایی ئەمنیی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ڕێگای هەماهەنگیکەری نێوان لاتيفیە و جروف لسەخر تا دەگاتە کەربەلا، کراوەتەوە.

 

ئاوێنە: رۆژنامەکە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە فەریق محەممەد قاسم، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) راگەیاندووە "گۆڕینەوەی یەکەکانی بەرپرسی پاراستنی ناوچەی جروف لنەسر (جروف لسەخر) بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراو و لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەدەچێت. هەروەها یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵ بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئاسایش لە تەواوی ناوچەی جروف لسخر دەگرنە ئەستۆ".

وتوشیەتی "هێزەکان بەردەوامن لە تەواوکردنی پرۆسەی کردنەوەی ناوچەکە و جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکان. لەهەمانکاتدا، گواستنەوەی ئەرکەکان لەنێوان هێزەکاندا بەشێوەیەکی ئارام و ڕێکوپێک ئەنجام دەدرێت، بۆ پاراستنی ئارامی و ڕێگریکردن لەهەر پێکدادانێکی مەیدانی لە کاتی گۆڕینەوەی یەکەکاندا".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەفسەرێکی ئەمنیی عێراقی کە ناوی ئاشکرانەکراوە لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ "ئەلعەرەبی ئەلجدید"، ڕوونیکردووەتەوە کە ئەوەی ڕوویداوە بە مانای جێگیرکردنی تەواوی هێزەکان یان وەرگرتنی هەموو ناوچەکە نییە؛ بەڵکو جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانێکی فراوانترە بۆ ڕێکخستنەوەی بوونی سەربازی و ئەمنی لە ناوچەکەدا.

هەروەها ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکان ئامادەباشییە سەربازییەکەیان کۆتایی پێهێناوە و ئێستا دۆخی ئاسایش لە جروف لسەخر زۆر ئارامە. وتوشیەتی "بۆ ئارامی شوێنەکە، گرووپی کەتائیبی حزبوڵا هاوکار دەبێت و خۆی رادەستی هێزەکانی عێراق دەکات".

ئەو جەختیشکردووەتەوە کە هێزەکان بەرەو تەواوکردنی هەنگاوەکانی کردنەوەی ناوچە و جێگیرکردنی هێزەکان دەچن و لەکاتی گۆڕینەوەی یەکەکاندا هەوڵدەدەن ئارامی بپارێزن و لەهەر پێکدادانێکی مەیدانی دوور بکەونەوە. دەشڵێت "قۆناغی داهاتوو گۆڕینەوەی تەواوی یەکەکانی بەرپرسی پاراستنی هەموو ناوچەی جروف لسەخر دەگرێتەوە".

لەگەڵ تەواوبوونی ئەم قۆناغەدا، چەند هەنگاوێکی مەیدانیی دیکەش هەڵگیراون کە گواستنەوەی پلانی حکومەتن لە ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی یەکەکانەوە بۆ کردنەوەی ناوچەکە بەڕووی هاتوچۆی مەدەنی.

لەوبارەیەوە سەعد مەعن، سەرۆکی خانەی میدیایی ئەمنیی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە کە ڕێگای هەماهەنگیکەری نێوان لاتيفیە (لە باشووری بەغدا) و جروف لسەخر، تا دەگاتە کەربەلا، کرایەوە. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پەیوەستکردنەوەی ناوچەکە بە دەوروبەری جوگرافیی خۆی، دوای ساڵانێک لە گۆشەگیری و داخستنی ئەمنی.

لەلایەکی دیکەوە، سەباح نوعمان، وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وتویەتی کە پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

هەروەها ناوبراو ئاشکرایکردووە "بەرپرسیاریەتیی ئەو قەزایە لە گروپی ٤٥، کە سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵایە، گوازراوەتەوە بۆ گروپی نوێی حەشدی شەعبی".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×