دوای تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا، دۆسیەی کوشتنی ساڵی ١٩٧٤ کە بووە هۆی زیندانیکردنی دەرهێنەر و هونەرمەندی دیار یڵماز گونەی، جارێکی دیکە هەڵدەدرێتەوە و دەخرێتە بەردەم دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM).
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووس سیبێل یوکلەر لە ماڵپەڕی «T24»ـی تورکی، بیشار ئاڵیناک، پارێزەری بنەماڵەی یڵماز گونەی، ڕایگەیاندووە کە دۆسیەی دادگاییکردنەکە لە ماوەی ڕابردوودا بە پاساوی ئەمنی بە نهێنی هێڵرابووەوە و تەواوی بەڵگەنامەکان تازە گەیشتوونەتە دەستیان. لەو سکاڵانامەیەی پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کراوە، بەرگری لەوە دەکرێت کە گونەی لە کاتی ڕووداوەکەدا لە چوارچێوەی «بەرگریی ڕەوا»ـدا مامەڵەی کردووە و پرۆسەیەکی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی بۆ ئەنجام نەدراوە.
گومانی شایەتیی ناڕاست و نامەکەی ساڵی ١٩٧٦
یڵماز گونەی لەسەر دۆسیەی کوشتنی دادوەر «سەفا موتلو» لە گازینۆیەکدا لە شارۆچکەی یومورتاڵکی سەر بە پارێزگای ئەدەنە سزا درابوو. بەپێی ناوەڕۆکی سکاڵاکە، نوران موتلو، هاوژینی دادوەرە کوژراوەکە کە تاکە شایەتحاڵ بوو بانگەشەی کردبوو بینیویەتی گونەی نیشانەی گرتووە و تەقەی کردووە، ڕووبەڕووی تۆمەتی «شایەتیی ناڕاست» کراوەتەوە.
لە سکاڵانامەکەدا هاتووە کە نوران موتلو لە ساڵی ١٩٧٦ نامەیەکی بۆ کەسێکی سێیەم نووسیوە و تێیدا دانی بەوەدا ناوە کە لە ڕاستیدا ساتی ڕووداوەکەی نەبینیوە. هەرچەندە لەو سەردەمەدا لیژنەیەکی سێ کەسیی شارەزا پشتڕاستی کردبووەوە کە دەستوخەتی نامەکە هی نوران موتلو خۆیەتی، بەڵام دادگای ساڵی ١٩٧٦ ڕەتی کردەوە نامەکە وەک بەڵگە لە دۆسیەکەدا قبووڵ بکات.
ڕاپۆرتی تاوانکاری و داواکاریی هەڵدانەوەی گۆڕ
پارێزەری بنەماڵەی گونەی تیشکی خستووەتە سەر ڕاپۆرتی تاوانکاریی (کریمناڵیستیک) ئەو سەردەمەش و ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای ئەوەی گونەی لە ڕووی شوێنی وەستانەوە نزیکەی ٨٠ سانتیمەتر لە دادوەرەکە بەرزتر وەستابوو، بەڵام ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە گولـلەکە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە چووەتە ناو جەستەی دادوەرەکەوە.
هاوکات ئاڵیناک ئەوەی بیر هێناوەتەوە کە لە بڕیاری پاساوداری دادگای ساڵی ١٩٧٦ـدا بە ڕوونی دەستنیشان کراوە گونەی ڕووبەڕووی «وروژاندنی ناڕەوا» (تەحریکی ناڕەوا) بووەتەوە؛ لەم سۆنگەیەشەوە داوای کردووە گۆڕی دادوەر سەفا موتلو هەڵبدرێتەوە و پشکنینی دووبارەی بۆ بکرێت.
ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان لە ناوخۆی تورکیا
بەر لە بردنی دۆسیەکە بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ڕێکارە یاساییە ناوخۆییەکان لە تورکیا تاقی کراونەتەوە؛ لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا دادگای یەکەمی تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوەی ڕەت کردەوە، دواتریش لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا دادگای دەستووریی تورکیا سکاڵاکەی بە «قبووڵنەکراو» لە قەڵەم دا.
یڵماز گونەی، کە بەهۆی بەرهەمە سینەماییەکانییەوە خەڵاتی «چڵەخورمای زێڕین»ـی فێستیڤاڵی فیلمی کانی بەدەستهێنابوو، لە ساڵی ١٩٨٤ـدا لە تاراوگە لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد.