ڕۆژھەڵاتی عەدەن!
  2026-11-19     

ھێمن مەحموود 

 

ھەندێ وتەی کورت ھەیە کە کاریگەرییان لە دەیان سەعات قسە و درێژدادڕی زیاترە؛ ھەندێک وتە وەک خەنجەر وان ڕاستەوخۆ بەر دڵ دەکەون و تا بۆیان بکرێ زیاتر دەڕۆنە خوارەوە، وەک دەڵێن: «وتە لە فیشەک کاریگەرترە».
​ڕەنگە ماوەیەکی زۆر بێ ڕێم لە چەند وتەیەکی زۆر جوان و کاریگەر نەکەوتبێ، وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆمان یاخود درامای «ڕۆژھەڵاتی عەدەن»دا ڕێم لێی کەوت:
🔹​ئادەم پیاوێکە بەڕاستی عاشقی ژنێک دەبێت، دەیھێنێت و ماڵێکی جوان و خۆشی بۆ دروست دەکات، کەچی ژنەکە لەو ژنانەیە کە لە خۆشەویستیی زۆر دەترسن؛ لەو جۆرە کەسانەیە کە باوەڕ ناکەن کەسێک ھەبێت ئەوەندە خۆشی ویوێت، بە کورتییەکەی، لەو کەسایەتییانەیە کە خۆشەویستیی ڕاستەقینە بە کۆت و زنجیر دەزانن و حەزیان لە خۆشەویستیی ساختە و درۆزنانەیە، حەزیان لە ئازادی و ستایشی درۆزنە. بۆیە زۆر نامێنێتەوە. کاتێک لە دەستی خۆشەویستییە ڕاستەقینەکە ھەڵدێت و دوای ساڵانێکی زۆر چاوی بە پیاوەکەی دەکەوێتەوە، پیاوەکە پێی دەڵێت: «بۆچی بەجێتھێشتم؟» ژنەکەش بیانووی زۆر دەھێنێتەوە کە پیاو ھەمووی درۆ دەکات، ھەموویان خراپن و تەنیا یەک شتیان دەوێت.
​پیاوەکەش پێی دەڵێت: «تو بۆچی ھەمیشە دیوە تاریک و خراپەکەی مرۆڤ دەبینیت؟» کەواتە نابێت مرۆڤ لایەنە خێرەکەی ئەوی دی نەبینێت.
🔸​لە شوێنێکی دیکەدا، ھاوڕێیەکی بەئەزموون و دنیادیدە بە پیاوەکە دەڵێت: «تەمەنت زۆر لەوە بچووکترە کەوا پەیوەست بێ بە بیرەوەرییەکانەوە، پێویستە بیرەوەریی نوێ دروست بکەیت!»
کەواتە لەبیرکردن و لەبیربردنەوە و دروستکردنی ژیانێکی نوێ بۆ ھەموو مرۆڤێک کە یادەوەرییەکی ناخۆشی ھەیە پێویستە و تەمەن بەشی بیرەوەریی ناکات.
🔹لە شوێنێکی دیکە ئادەمی باوک کاتێک کوڕە ١٧ ساڵانەکەی بەبێ ئاگاداری ئەو خەریکی پارە پەیداکردنە و پارەیەکی زۆری بۆ دەھێنێت دەیکاتە دیاری بۆ باوکی، باوکی لەسەرچاوەی پارەکە دەپرسێت سەیردەکات پێش جەنگ فاسۆلیایان کڕیوەو دواتر بەھۆی جەنگەوە نرخی فاسۆلیایان بەرزکردۆتەوە پارەکە فڕێدەدات و بە کوڕەکەی دەڵێت: "ئەگەر بتەوێ شانازیت پێوە بکەم دەبێت ژیانێکی ساڵحانە بژیت!"
ژیانێکی ساڵحانە و مرۆڤانە و بەخشندانە باشترین دیارییە پێشکەشبکرێت.
🔸لە شوێنێکی دیکە کاتێک "ئارۆن"ی کوڕ دەیەوێت بڕوات بۆ شارێکی دیکە بخوێنێت، ئادەمی باوک پێی دەڵێت:"کوڕم ھیوادارم ماڵێکت ھەبێت کە بتوانی بۆی بگەڕێیتەوە!"
لێرەدا ڕاستەوخۆ وتەکەی دۆستۆیڤسکیم بیرکەوتەوە کە دەڵێت مرۆڤ ھەر دەبێت ماڵێکی ھەبێ بۆ بگەڕێتەوە. 
مرۆڤی بێ شوێن، بێ ماڵ، بێ ناونیشان مرۆڤێکی تەنیا و سەرگەردانە.
🔹دوایین شت، دوایین دێڕ، دوایین پەیامی چەمکێکی
 عیبرییە بەناوی (تێمشێل) کە بە مانای (ھەڵبژاردن، بژاردە، ئیختیار) دێت.
کە قفڵی ڕۆمانەکە یاخود دراماکە ئەوەیە مرۆڤ خۆی سەرپشکە لە ھەڵبژاردنی چۆنیەتی ژیانی خۆی..جا بە باش یاخود خراپ.
چەمکەکە واتای ئەوەیە مرۆڤ ئازادیی ھەڵبژاردنی ھەیە؛ دەتوانێت چاکە ھەڵبژێرێت یان خراپە، ڕابردوو و سروشتی خێزانەکەی بە تەواوی چارەنووسی دیاری ناکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×