كافكا داوایەک بۆ وەرگرتنی ڤیزای کار دەنووسێت
  2026-11-12     

نووسینی: مەحموود ئەلعاکوم

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ڕۆژی یەکی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی١٩٠٧، فڕانز کافکا وەک فەرمانبەرێک لە کۆمپانیای دڵنیاییAssicurazioni Generali دەستبەکار بوو، لەوێندەر ماوەی نزیکەی ساڵێک کاری کرد. بۆ نەگبەتیی خۆی، کۆمپانیاکە پێشتر دەستیکردبوو بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەخشینی فەرمانبەرەکان لە کار و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کارەکەیان، هەروەها بەم جۆرە کافکا لە ڕۆژی پانزەی تەموزی ساڵی١٩٠٨ کارەکەی لەAssicurazioni Generali لەدەست دا و، بۆ خۆشبەختیی خۆی لەدوای دوو مانگ ئیشێکی لە ئەمستردام لە پەیمانگای بیمەی ڕووداوەکانی کرێکاران دۆزییەوە. بەم شێوەیە کافکا نووسراوێکی ڕەزامەندیی لە کۆمپانیاکە دەست کەوت ڕایدەسپارد داوای ڤیزا بکات تا بەمەبەستی چوونە سەر کار بچێت بۆ هۆڵەندا.

لەدوای تێپەڕینی مانگێک، کافکا لە فڕۆکەخانە لەناو جەنجاڵیی خەڵکدا چاوەڕوانی کرد. هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا و بیری کردەوە: “ئامانجم لە ژیاندا، پەیداکردنی ئیشێکە، بە دیاریکراویی ئیشێک خەرجیی نان و کرێی ئاو و کارەبای پێ بکێشم. من ڕقم لەوە دەبێتەوە. دوو مانگی ڕابووردووم لە ڕاکەراک لەم نووسینگە بۆ ئەو نووسینگە و، لە باڵەخانەیەک بۆ باڵەخانەیەکی دیکە، بۆ پەیداکردنی ڤیزایەکی کار و تکتێکی فڕۆکە بەسەر برد. هەستێکی تا ڕادەیەک کافکاییانەیە... ئەرێ ئەمانەن میچی خواستەکانی چەشنی مرۆڤ؟ ئەمە بوو ئامانجی ڕەوتی گەشەکردن؟ من چووزانم؟ هەموو ئەو شتەی من دەیزانم، ئەوەیە لەناو ئەم مۆتەکەی ڕێکارە کارگێڕییانەدا گیرم خواردووە.”

لەدوای چەند کاتژمێرێک، لە سەرەی تۆمارکردنەکەدا نۆرەی کافکا هات. بە خلیچکی و لەشی گرانەوە ڕووەو ژنەی فەرمانبەر چووە پێش تا تکتی گەشتی بەرەو ئەمستردام ڕادەست بکات. بەڵام فەرمانبەرەکە، کە خانمێکی قژزەردی چاوشینی ماندووە، تکتەکەی کافکای وەرگرت، ناوەکەی خوێندەوە، ماوەیەک وەستا و هیچی نەگوت، تەماشای کافکای کرد و گوتی: “بەڕێزم، پێیان ڕانەگەیاندوویت ئەو داوایەی بۆ وەرگرتنی ڤیزا کردبووت ڕەتکراوەتەوە؟”

کافکا وتی: بەڵام من نووسراوی ڕەزامەندییەکەم پێیە.

ژنەی فەرمانبەر: بەڕێزم، پێم ناخۆشە کە پێتڕادەگەیەنم پەشیمانبوونەتەوە و نووسراوێکی قایلنەبوونیان کردووە.

كافكا: بەڵام لەبەرچی ؟

ژنەی فەرمانبەر: لێرەدا نووسراوە کە باڵات کەمترە لە 185 سانتيمەتر.

كافكا: ئێستا پێویستە چی بکەم؟ لایەنی کەم دەتوانم پارەی تکتی فڕۆکەکە وەربگرمەوە؟

ژنەی فەرمانبەر: نەخێر بەڕێزم، بەڵام دەتوانیت وادەی گەشتەکەت بگۆڕیت.

کافکا، کە نووسراوی ڕەزامەندییەکەی بە دەستییەوە گرتبوو و نائومێد و شڵەژاو بوو، فڕۆکەخانەکەی بەجێ هێشت. وێڵ و سەرگەردان ملی ڕێگەی گرتە بەر و خۆی کێشا بە کابینەیەکی تەلەفۆن لە چەقی ڕێگەکەدا. پاشان بڕیاریدا بۆ داوای وادەیەک تەلەفۆن بۆ باڵوێزخانەی هۆڵەندا بکات. دوای ئەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی چەند جارێک لە فەرمانبەرێکەوە هەواڵەی فەرمانبەرێکی دیکە کرا، دواجار توانی وادەیەک بۆ کاتژمێر١٢:٠٠ی ڕۆژی دووشەممە وەربگرێت.

ڕۆژی دووشەممەی حەوتی ئەیلوولی ساڵی1908، مایکڵ دیبەکی، پزیشکی نەشتەرگەری لوبنانیی ئەمەریکی و پێشەنگی چاندنی دڵی دەستکرد، لە ویلایەتی لویزیانای ئەمەریکی لەدایک بوو، کتومت هاوکات لەگەڵ گەیشتنی کافکا بە باڵوێزخانە لە کاتی دیاریکراودا. کافکا بە پەلەپڕوزێ خۆی گەیاندە باڵەخانەکە تا فریای نۆرەکەی بکەوێت. لەگەڵ فەرمانبەرێک لە باڵوێزخانەکە دانیشت و پێی گوت: “دەرکەوت مەرجەکانی وەرگرتنی ڤیزام تێدا نین لەبەر ئەوەی باڵام 182 سانتيمەترە و دەبێت لایەنی کەم 185 سانتيمەتر بێت. هیچ ڕێگەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە؟”

فەرمانبەری باڵوێزخانەکە: باڵات کەمترە لە 185 سانتیم؟

كافكا: بەڵێ، ئێستا پێم گوتی باڵام 182 سانتیمە.

فەرمانبەری باڵوێزخانەکە: کەواتە نەخێر.

كافكا: لایەنی کەم دەتوانم پارەی داواکە وەربگرمەوە؟

فەرمانبەری باڵوێزخانەکە: نەخێر، ئەو پارەیەی داوتە، لە هەقی بەدواداچوونی داواکەدا داوتە و وەرناگیرێتەوە.

کافکا بۆ ماوەی چەند چرکەیەک وەستا و لەبەرخۆیەوە گوتی: پارەکەم کەوتووەتە چنگی کەسانێکی نامۆ و نەناسەوە.

پاشان لە پرسیارکردن لە فەرمانبەری باڵوێزخانەکە بەردەوام بوو و پرسی: باشە، دەتوانم داوایەک بۆ وەرگرتنی ڤیزا بەم زووانە بنووسم؟

فەرمانبەری باڵوێزخانەکە: ئایا بۆ جاری داهاتوو کە داواکە دەنووسیت، باڵات دەبێت بە 185 سانتیم؟

كافكا: دوور نییە ببم بە شتێکی گەورەتریش، چونکە پیاو هەرگیز نازانێت چی لە ژیاندا ڕوو دەدات. دەتوانم دیسان داوا بنووسم یان نا؟

فەرمانبەری باڵوێزخانەکە: "پاش ئەوەی دەردەکەوێت مەرجەکانی وەرگرتنی ڤیزات تێدا نین، دەشێت ساڵی داهاتوو هەمدیس داوا بنووسیت. ئەگەر دیسان داوا بنووسیت بۆ وەرگرتنی ڤیزا پاش ئەوەی دەرکەوت مەرجەکانی وەرگرتنیت تێدا نین، بەدەر لە دۆخەکانی ڕەتکردنەوەی ژمارە (واو)، ئەو کات دەبێت داوایەکی نوێ بۆ وەرگرتنی ڤیزا بنووسیت و دیسان پارەی نووسینی داوا بدەیتەوە. ئەگەر ئێمە بەگوێرەی بەشی 214 (با) لە یاسای کۆچ و ڕەگەزنامە، بۆمان دەرکەوت مەرجەکانی وەرگرتنی ڤیزات تێدا نین، ئەو کات دەبێت گۆڕانکارییە ڕوونەکانی بارودۆخی پاش دواداواکاریت بسەلمێنیت".

كافكا: باشە، پێم وایە مرۆڤ کاتێک ماوەی 25 ساڵ لەم جیهانەدا دەژی و ناچار دەبێت ڕێگەی خۆی بە ناویدا تەی بکات، بەو چەشنەی من دەبوو بیکەم، بەرامبەر بە هەژەندەکان بەرگری پەیدا دەکات و گرنگی و گوێیان پێ نادات".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×