سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ڕاپۆرتی هەواڵگرییان پێگەیشتووە لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و پاشان بۆ ئەفغانستان.
ئاوێنە: هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان کرد لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانە بکەن کە دەربارەی بەقاچاخبردنی نەوت ئاشکرا بوون.
حەلبووسی ئەوەی خستەڕوو کە بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان نەوت بە تەنکەر لە ناوچەی جورفل سەخر بە قاچاخ دەبرێت کە لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئەوەشی خسەڕووە کە بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکەی هەواڵگریش نەوت کەرکووک و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەکانەوە بە قاچاخ دەبرێت بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان.
حەلبووسی بە سەرسوڕمانیشەوە پرسیاری کرد؛ “ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکان چییە و وەزارەتی نەوت لەکوێیە؟ ئەم بابەتە مەترسیدارە” و وتیشی: “کەمتەرخەمییەکی بەرچاو هەیە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە”.
هاوکات داواشی کرد لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بکرێت.