سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە یەکەم پانێڵی "کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی"، هەڵوێستی فەرمیی حزبەکەی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، ڕۆڵی ئەمریکا و دوایین پێشهاتە ئەمنی و هەرێمایەتییەکان خستەڕوو. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئێستادا واقیعی دوو حکومەت و دوو ئیدارە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە و جەختی کردەوە کە حزبەکەی دان بە پەرلەمانی ئێستای کوردستاندا نانێت.
دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی پەرلەمان و خزمەتگوزارییەکان
ئاوێنە: لە بەشێکی سەرەکیی وتەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی ڕەخنەی لە هەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان گرت و ئەو هەنگاوانەی بە "داڕمانێکی سیاسی لە مێژووی هەرێمدا" وەسف کرد کە بووەتە هۆی داخستنی دەرگاکان؛ لەو سۆنگەیەشەوە ڕایگەیاند کە لای یەکێتی هیچ پەرلەمانێک بوونی نییە و دانی پێدا نانێن.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە بوونی "دوو حکومەت و دوو ئیدارە" لە هەرێمی کوردستان کرد و وتی، کەمینەیەک لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەن کە جگە لە خۆیان هیچ لایەنێکی دیکەیان قبوڵ نییە، تەنانەت ڕێگرییان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکیش کردووە ئەگەر تەنها بۆ گرتنی وێنەیەکیش بووبێت.
لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و دابەشکردنی داهات، تاڵەبانی قەزای چەمچەماڵی بە "تەکساسی کوردستان" چواند وەک سەرچاوەی سەرەکیی غاز و کارەبای تەواوی شارەکانی هەرێم، بەڵام نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی کە شارەکە بەراورد بە هەولێر ٤٠ ساڵ لەدواوەیە و دوو هەفتە جارێک ئاوی خواردنەوەی پێ دەدرێت. هاوکات ئاشکرای کرد کە پڕۆژەی نوێی قازانج نەویستیان لە بواری دابینکردنی غاز و کارەبادا دەبێت بە ئامانجی خزمەتکردنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان.
پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و پرسی بەرگریی ئاسمانی
سەبارەت بە مامەڵەی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و دۆخی دارایی، بافڵ تاڵەبانی پێیوابوو کە بەهێزبوونی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست و بەهێز لەگەڵ بەغدا. لەم چوارچێوەیەدا، ستراتیژ و ئاڕاستەی کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەغدا بە "هەڵە" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەو حزبە ناتوانێت ڕۆڵێکی کارا لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بگێڕێت، بەوپێیەی دۆخی دارایی هەرێم وەک جاران نەماوە و بیرکردنەوە لەوەی هەرێم هێشتا دەوڵەمەندە، تێگەیشتنێکی نادروستە.
لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراقیشەوە، تاڵەبانی ئاماژەی بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و وەک گەنجێکی بزنسمان وەسفی کرد کە هەوڵی ڕاستکردنەوەی دۆخی عێراق دەدات. هەروەها سەبارەت بە پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی هەرێم، سەرۆکی یەکێتی داوای کرد ئەگەر حکومەتی بەغدا ناتوانێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەوا پێویستە ڕێگە بدات هەرێم خۆی ئەو سیستەمە بکڕێت.
گومانەکان لەسەر هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر
لە تەوەرێکی تایبەت بە دۆسیە ئەمنییەکان و بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بافڵ تاڵەبانی زانیاریی نوێی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە هەم لایەنی ئێرانی گەرەنتیی داوە کە ئەوان لە پشت هێرشەکەوە نین، هەم گروپە چەکدارەکانیش ڕەتیانکردووەتەوە ئەنجامدەری بن.
ناوبراو وتی: "ئەگەر گروپە چەکدارەکان هێرشەکەیان بکردایە، بە شانازییەوە دەیانوت ئێمەین." لەو ڕوانگەیەوە داوای لێکۆڵینەوەیەکی جددیی کرد و هۆشداریشی دا لە بوونی هەوڵی "ئاڵای ساختە" (ئۆپەراسیۆنی چەواشەکارانە) کە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و دۆخی گشتی ئەنجام دەدرێن.
پەیام بۆ ئیدارەی ترەمپ و وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان
لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، سەرۆکی یەکێتی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ناوەڕۆکی پەیامەکەی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا هاوڕا نەبووە، بەوپێیەی دۆخی هەرێمی کوردستان پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە. هەروەها داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کرد کە یان تێگەیشتنی دروستی بۆ دۆخەکە هەبێت، یان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆدا نەکات و لە دوورەوە بوەستێت تا لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق خۆیان کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.
تاڵەبانی ئەو دەنگۆیانەشی لەناو ناوەندەکانی ئەمریکادا ڕەتکردەوە کە گوایە ناوبراو "لە گیرفانی ئێرانییەکاندایە" و جەختی کردەوە کە سەربەخۆیە و لەژێر هەژموونی هیچ لایەنێکدا نییە و نابێت، ئاماژەی بەوەش دا کە لە کاتی سەردانەکانیدا بۆ واشنتن بە شێوازێکی باش پێشوازیی لێ دەکرێت.
گۆڕانکارییەکانی ئێران و ململانێی تاران و تەلئەبیب
سەبارەت بە دۆخی هەرێمایەتی و ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە دا کە ئێرانی ئێستا جیاوازە و مەسعود پزیشکیان گۆڕانکاریی ئەنجام داوە، وتیشی کە خودی ئێرانییەکانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە وڵاتەکەیان پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا و لەبارەی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، بافڵ تاڵەبانی هەڵسەنگاندنی خۆی خستەڕوو بەوەی کە هەرچەندە ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوبانگ زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. هاوکات داوای کرد هەردوو وڵات سەرەڕای ناکۆکی و ڕق و کینەی نێوانیان، خۆیان لە هێرشی سەربازی بۆ سەر یەکتری بەدوور بگرن لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.