ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی بودجەی فیدراڵی ئاشکرا دەکات و هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی کە کەمبوونەوەی ئاستی خەرجیی ڕاستەقینە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆی گشتیی بودجەی فیدراڵی کە بڕەکەی دەگاتە ٢١٧ ترلیۆن دینار، پشکی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی ١٢ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی بودجە نزیکەی لەسەدا ٦ پێکدەهێنێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی کە لە واقیعدا خەرج دەکرێت، ڕەنگە کەمتر بێت لەو تەرخانکراوانەی کە لە یاساکەدا بڕیاریان لەسەر دراوە. ناوبراو هۆکاری ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خەرجکردنی پارەکە پەیوەستە بە ڕێژەی خەرجیی ڕاستەقینە (الإنفاق الفعلي) لە عێراقدا، کە هەندێک جار لە نێوان لەسەدا ٨٠ بۆ ٩٠ دەبێت.
دلێمی ئاماژەی بەوەش کردووە، پاشەکشەکردنی ڕێژەی خەرجییەکان ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دابەزینی تەمویلی ڕاستەقینەی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی ١١ ترلیۆن دینار. هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەم کەمبوونەوەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕێکخستن و بەردەوامیی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت، ئەمە سەرەڕای کاریگەرییەکانی لەسەر بودجەی تەرخانکراو بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کردەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی پەیوەندییان بە تەمویلکردنەوە هەیە، هەروەها کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی پابەندییە داراییەکان و دوورخستنەوەی هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی لەسەر شایستە داراییەکان و ئەو بڕە پارانەی بۆ هەرێمی کوردستان بڕیاریان لێ دراوە.