وەزیری دەرەوەی عێراق ئامانج و ناوەڕۆکی سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ تاران ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدا بووە بۆ نێوەندگیری و لێکنزیککردنەوەی دیدگای نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق ( واع) تیشکی خستە سەر وردەکاریی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران بۆ ئێران و ڕایگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ تاران هەوڵێکە بە ئامانجی نزیککردنەوەی ڕوانگە جیاوازەکانی نێوان تاران و واشنتن؛ عێراق بانگەوازی ئاشتی دەکات، بەوپێیەی بەردەوامیی گرژییەکان و بارودۆخی ئێستا کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر کەرتی ئابووریی عێراق."
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە پێگەی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی کردەوە و وتی: "ڕۆڵی عێراق وەک لایەنێکی نێوەندگیر لە ناوچەکەدا بایەخێکی زۆری هەیە. ئەم سەردانەش هەنگاوێک بوو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەنێوان دیدگای ئێران و ئەمریکادا هەیە، هاوکات هەوڵی دیپلۆماسیی دیکەش لە ئارادان، چونکە هەڵوێستی فەرمیی ئێمە پشتگیریکردنە لە ئاشتی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان نەک هەڵگیرسانی شەڕ."
ئامانجی سەردانەکە و ئەنجامی کۆبوونەوەکان لە تاران
سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران کە لە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو (٦ی ئەم مانگە) بەشێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجام درا، کاردانەوە و زانیاریی جیاوازی لێکەوتەوە.
یاسیر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران، دوێنێ دووشەممە لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران ڕانەگەیەندراو بووە و وتی: "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و خاوکردنەوەی پتیلی جەنگ بووە لە ناوچەکەدا."
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران وردەکاریی زیاتریان لەسەر کۆبوونەوەکانی شاندی عێراقی بڵاوکردەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانیی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی زەیدی لە ڕۆژی هەینیدا تەنها چەند کاتژمێرێکی خایاندووە و تێیدا لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانی کۆبووەتەوە، کە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش چڕبوونەتەوە لەسەر هەوڵەکانی بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا.
هاوکات، سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار بە ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانیی ڕاگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) کۆبووەتەوە، بەڵام بە وتەی سەرچاوەکە "کۆبوونەوەکان هیچ دەرەنجامێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتووەتەوە کە ببێتە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنی ئەمریکی."
هەڵوێستی واشنتن و لێدوانی ترەمپ لەسەر دۆخەکە
هاوتەریب لەگەڵ جووڵە دیپلۆماسییەکانی بەغدا، واشنتنیش لەسەر هێڵە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا. ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (CSPAN) ئاشکرای کرد، سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوەیت ئەنجام داوە.
سەبارەت بە ئاسۆی ڕووبەڕووبوونەوەکان، سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە شەڕی دژی ئێران ئەگەری هەیە بە خێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی پێ بێت یان درێژە بکێشێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانەکەوە. لە کۆتایی لێدوانەکەیدا و پەیوەست بە نیازی تاران، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە "ئێرانییەکان خوازیاری ئەوەن بگەنە ڕێککەوتن."