سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد ناتوانرێت تەنیا لە پڕۆسەی چەکداناندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە هەنگاونانی هاوتەریب هەیە بەرەو دیموکراسیبوون و دەرکردنی یاسای نوێ لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا. لە بەرامبەردا، سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنقەرە بە نەبوونی هەنگاوی کرداری تۆمەتبار دەکات و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە دەبینێت.
دوو بنەمای سەرەکی: چەکدانان و دیموکراسیبوون
ئاوێنە: لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ غالب دالای، توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، دیدگای نوێی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد خستە روو. کاڵن رایدەگەیەنێت کە پڕۆسەی چارەسەری دەبێت لەسەر دوو بنەمای سەرەکی و تەواوکەری یەکتر بەڕێوەبچێت کە بریتین لە "چەکدانان" و "دیموکراسیبوون".
ناوبراو دان بە رەگ و ریشەی قووڵی کێشەکەدا دەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە هەستکردنی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد بە پەراوێزخستن، جیاکاری و بێبەشبوون لە مافەکانیان، یەکێکە لە رەهەندە سەرەکییەکانی ئەم پرسە و پێویستە بە شێوەیەکی جددی کاری لەسەر بکرێت. بە گوتەی سەرۆکی میت، کورتکردنەوەی پڕۆسەکە تەنیا لە رادەستکردنی چەکدا هەنگاوێکی ناتەواو دەبێت، بۆیە دەبێت شانبەشانی چەکدانان، چارەسەری ریشەیی بۆ پرسی ناسنامە، فرەکولتووری و دەستەبەرکردنی مافەکان بکرێت.
نیگەرانییەکانی پەکەکە و پێویستیی هەمواری یاسایی
سەبارەت بە خێرایی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و ئاستەنگەکانی بەردەمی، ئیبراهیم کاڵن ئاشکرای دەکات کە جۆرێک لە دوودڵی و بەرگری لەلایەن سەرکردایەتیی پەکەکەوە هەستی پێدەکرێت، بەتایبەت لەسەر پرسیاری پەیوەست بە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان لە دوای چەکدانان. لەم بارەیەوە کاڵن دەڵێت: "من لەو نیگەرانییانە تێدەگەم، بەڵام لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئەو پرسانە".
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرێکوێرە یاساییە، سەرۆکی میت نەخشەڕێگایەکی کرداری دەخاتە روو؛ بەپێی پێشنیارەکەی ناوبراو، دوای تەواوبوونی قۆناخەکانی چەکدانان و بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، پێویستە پەرلەمان یاسای نوێ و تەواوکاری دەربکات. ئامانج لەم یاسایانە گرتنەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکەیە کە چوارچێوە و پاکێجە یاساییەکانی ئێستای تورکیا نایانگرێتەوە، کە ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی خێرای چاکسازییە دیموکراتییەکان.
ڕەهەندی هەرێمی و رۆژئاوای کوردستان
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، کاڵن جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسی کورد بابەتێکی تەنیا ناوخۆیی نییە و لە چوارچێوەی سنوورەکانی تورکیادا قەتیس نەماوە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی سووریا، عێراق و ئێرانیشەوە هەیە. هاوکات ستایشی رۆڵی کورد دەکات لە شەڕی دژی تیرۆردا و دان بەوەدا دەنێت کە کورد لە شەڕی تێکشکاندنی داعشدا باج و قوربانییەکی گەورەی داوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەشداریکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە دامەزراوە دەوڵەتی و سیاسییەکانی سووریادا بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناو دەبات.
هەڵوێستی پەکەکە: بێ ئۆجەلان چارەسەر مەحاڵە
ئەم لێدوانە نەرم و کرانەوانەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە کاتێکدایە، کە بەرپرسان و سەرکردەکانی پەکەکە دیدگایەکی جیاوازیان بۆ دۆخەکە هەیە. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ماوەی رابردوودا بۆ نیشاندانی نیازپاکی و سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، چەندین هەنگاوی یەکلایەنەی گرنگیان ناوە؛ لەوانە راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، کشانەوەی هێزەکانیان، چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانیان لە ناوخۆی تورکیا و تەنانەت سووتاندنی سیمبۆلیی چەکەکانیان.
سەرکردایەتیی پەکەکە رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت بەوەی کە بەرپرسانی ئەنقەرە تەنیا لە چوارچێوەی لێدوان و قسەدا ماونەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە لەسەر زەوی نەناوە. لە هەمان کاتدا، پەکەکە داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتەکەیان دەکات تاوەکو راستەوخۆ سەرپەرشتیی دانوستان و پڕۆسەکە بکات، بەو پێیەی پێیان وایە بەبێ بەشداریی کارای ئۆجەلان، گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی کورد لە تورکیادا کارێکی مەحاڵە.