بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ڕوانگەی "ئیکۆ عێراق"، ڕاگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، زیانێکی دارایی گەورەی لێدەکەوێتەوە و تێکڕای زیانە خەمڵێنراوەکانی بەرهەمهێنان تیایدا ڕۆژانە لە 4 ملیۆن و 150 هەزار دۆلار تێدەپەڕێت.
ئاوێنە: ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانج، کە ئەمەش بە دوانزەیەمین هێرش و بۆردومان دادەنرێت بۆ سەر کێڵگەکە لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026ـدا. دوابەدوای هێرشەکەش، قەیرانی کەمیی گاز و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا سەریهەڵداوە.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی زیانە ڕاستەوخۆکانی خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە داوە کە کێڵگەکە بەر لە بەئامانجگرتنی، سێ جۆر بەرهەمی سەرەکی هەبووە کە داهات و بڕەکەیان بەم شێوەیەی خوارەوە خەمڵێنراوە:
گازی سروشتی: ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دەگەیشتە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا. بە جێگیرکردنی نرخی خەمڵێنراوی 3.3 دۆلار بۆ هەر ملیۆن پێ سێجایەک، بەهای گشتیی ئەم بەرهەمە دەگاتە نزیکەی 2.31 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا.
گازی شل (گازی ماڵان): کێڵگەکە ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 1,400 تۆن گازی شلی هەیە. بەپێی نرخی خەمڵێنراوی 720 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، تێکڕای بەهای ئەم بەرهەمەش دەگاتە نزیکەی 1.008 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا.
گازی چڕکراو (کۆندێنسەیت): بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەکە، قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی چڕکراو لە کێڵگەکەدا نزیکەی 22 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. بە نرخی خەمڵێنراوی 38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، داهاتی لەدەستچووی ئەم بەشەش هاوتایە بە 836 هەزار دۆلار لە ڕۆژێکدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ئیکۆ عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ژمارانە تەنها بەهای بەرهەمە لەدەستچووەکان دەگرێتەوە. خەمڵاندنەکان تێچووی دارایی وەستانی کارەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، کرێی هێڵەکانی گواستنەوە، و ئەو زیانە ناڕاستەوخۆیانە لەخۆناگرێت کە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دروست بوون.