حوسییەکان بۆ شەرع: لە بری شەڕی یەمەن، وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە
  2026-11-10     

بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) لە یەمەن، بە فەرمی کاردانەوەی توندیان نیشاندا بەرامبەر بەو ڕاپۆرت و دەنگۆیانەی باس لە ناردنی هێز لەلایەن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە دەکەن لە سوریاوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی یەمەن و پاڵپشتیکردنی عەرەبستانی سعودیە لە دژی حوسییەکان.

ئاوێنە: لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، محەمەد ئەلفەرەح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند، کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە گومانەکانی پێشووی ئەوان دەڕەوێنێتەوە سەبارەت بە سروشتی ئەو هێزانە. ئەلفەرەح لە پەیامەکەیدا ئەو چەکدارانەی بە "بەکرێگیراوی ئیسرائیل" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوان لە دەرەوەی سنوورەکانی سوریا لە دژی موسڵمانان دەجەنگن و پاڵپشتی لە هێرش و گەمارۆدانی سەر گەلی یەمەن دەکەن.

هاوکات، بەرپرسانی حوسییەکان ئەو چەکدارە سورییانەی کە باس لە ناردنیان دەکرێت بۆ بەرەکانی شەڕ لە یەمەن، بە گروپی "تەکفیری" و ئەندامانی پێشووی ڕێکخراوەکانی قاعیدە و داعش ناوزەد دەکەن، و جەخت لەوە دەکەنەوە کە جووڵەپێکردنی ئەو هێزانە لەسەر داوای ڕیاز بووە بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانیی سعودیە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی ئەنساروڵڵا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی سیاسەتی دەسەڵاتی نوێی سوریا کردووە بەرامبەر بە ئیسرائیل و نووسیویەتی: "هەزاران چەکدار ڕەوانەی یەمەن دەکرێن، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل تەنها ١٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە و ڕۆژانە پێشڕەوی دەکات." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای بۆردومانکردن و بەئامانجگرتنی ناوچەکانی دیمەشق و سوەیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەو هێزانە هیچ کاردانەوەیەکی سەربازییان نەبووە و تەنانەت بە بەردێکیش وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا تواناکانیان لە دژی موسڵمانان دەخەنە گەڕ.

ئەم لێدوانە توندانەی حوسییەکان دوای ئەوە دێت کە چەندین ڕاپۆرتی میدیایی ئاماژەیان بە جموجۆڵی هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع کرد بۆ بەشداریکردن لە شەڕی یەمەن لە پاڵ هاوپەیمانیی عەرەبستانی سعودیەدا.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەم پێشهاتە کاردانەوەی جیاوازی لە واشنتۆن لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان باس لە هۆشداریی بەپەلەی ئەمریکا دەکەن بۆ دیمەشق سەبارەت بە لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی گرتنەبەری بڕیارێکی لەو شێوەیە، دوێنێ جۆ ویڵسۆن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی کۆماری، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و ستایشی هەڵوێستی سەرکردایەتیی نوێی سوریای کرد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعودیە و یەمەن لە دژی چەکدارە حوسییەکان.

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
کابینەی حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، دۆخی ئابووری و پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان تاوتوێ دەکرێن
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×