لە وێستگەکانی ئاوەوە بۆ ساردکەرەوەی فرۆشگاکان؛ نهێنییەکانی گرووپی سایبەری "شەهید کاوە" و پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا دەکرێت
  2026-11-10     

لێکۆڵینەوە نوێیەکان لە بواری ئاسایشی سایبەری، تیشک دەخەنە سەر پەرەسەندنی چالاکییەکانی گرووپێکی هاککەری پەیوەندیدار بە ئێرانەوە کە بە "شەهید کاوە" دەناسرێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و لە دزینی زانیارییەوە گۆڕاون بۆ پەکخستنی ڕاستەوخۆی ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژئاوا.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی پۆلێنبەندیی ئاژانسی ئاسایشی سایبەری و ژێرخانی ئەمریکا (CISA)، گرووپی "شەهید کاوە" خراوەتە ناو لیستی "هەڕەشە بەردەوامە پێشکەوتووەکان" (APT)؛ کە زاراوەیەکە بۆ ئەو لایەنە ڕێکخراوانە بەکاردێت کە خاوەنی توانای تەکنیکیی پێشکەوتوون و ژێرخانە هەستیار و ژیانییەکانی وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەکەنە ئامانج. هاوکات دەستپێشخەریی "دۆمەین توڵز ئینڤێستیگەیشن" (DTI) — کە پڕۆژەیەکی توێژینەوەی کۆمەڵگەییە و لەلایەن کۆمپانیای (DomainTools) سەرپەرشتی دەکرێت بۆ ڕێگریکردن و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر سیستەمی ناوی پاوانەکان (DNS) — وردەکاریی زیاتری لەبارەی شێوازی کارکردنی ئەم گرووپە خستووەتە ڕوو.

​پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و سەرکردایەتی

​زانیارییە بڵاوکراوەکانی ناو لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپی "شەهید کاوە" لەژێر سەرپەرشتیی "حەمید ڕەزا لەشکرییان" کار دەکات، کە بەرپرسی فەرماندەیی جەنگی سایبەری و ئەلیکترۆنییە لە ئێران و یەکێکە لە فەرماندەکانی فەیلەقی قودس، باڵی دەرەکیی سوپای پاسداران.

​پێکهاتەی گرووپەکە دابەش بووە بۆ دوو باڵی سەرەکی:

​تیمی هەواڵگریی ١٣ (Intelligence Team 13): ئەم باڵە لەلایەن "ڕەزا سالاروەند" سەرپەرشتی دەکرێت و ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری، دەستنیشانکردنی دامەزراوە ڕۆژئاواییە بێپارێزگاکان لەسەر ئینتەرنێت، و چاودێریکردنی کەلێنە ئەمنییەکانە لە پڕۆگرام و هەژمارە دامەزراوەییەکاندا.

​سایبەر ئەڤێنجەرز (Cyber Aveng3rs): ئەم بەشە نوێنەرایەتیی باڵی جێبەجێکار دەکات و بەرپرسە لە ئەنجامدانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و ڕاگەیاندنیان لە ڕێگەی تۆڕی تێلیگرامەوە، سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتی پڕوپاگەندەیی لە بەرژەوەندیی سیستەمی سیاسیی ئێران.

​ئایدیۆلۆژیا و جەنگی دەروونی

​ڕاپۆرتەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئامانجی گرووپەکە تەنها گەیاندنی زیانی تەکنیکی نییە بە نەیارەکانی، بەڵکو ستراتیژییەک پەیڕەو دەکات کە تێکەڵەیەکە لە تێکدانی ئەلیکترۆنی و جەنگی دەروونی. ئەمەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو زیانانەی دەیانگەیەنێت، نمایشکردنی پڕۆسەی هاککردنی سیستەمەکان و ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز پێش ئەنجامدانی هێرشەکان.

​بەپێی شیکارییەکانی کۆمپانیای "دۆمەین توڵز"، بڵاوکراوەکانی ئەم گرووپە ئاماژەی پەیوەست بە "نەتەوەپەرستیی ئایینی"، چەمکی "شەهیدان" و گوتاری دژ بە ئیسرائیل لەخۆدەگرن، کە ئەمەش پەیوەندیی چالاکییەکانیان بە هێڵی فیکری و ئایدیۆلۆژیی سوپای پاسدارانەوە دەردەخات. تەنانەت ناوی "شەهید کاوە" هەڵگری سیمبوولێکی مێژووییە و لە ناوی "محەممەد کاوە" وەرگیراوە، کە یەکێک بوو لە فەرماندە گەنجەکانی سوپای پاسداران و لە ساڵی ١٩٨٦ لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران کوژرا. دامەزراوە توێژینەوەکە پێی وایە بەکارهێنانی ئەم چەمکانە وا دەکات گرووپەکە ئۆپەراسیۆنە سایبەرییەکانی وەک درێژکراوەی جەنگێکی مێژوویی و ڕۆحی وێنا بکات، نەک تەنها وەک ئەرکێکی تەکنیکی.

​فراوانبوونی بازنەی ئامانجەکان: لە کەرتی پیشەسازییەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە

​گرنگترین ئەو بەڵگەنامانەی سروشتی کارکردنی ئەم گرووپەیان ئاشکرا کرد، دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١، کاتێک کەناڵی "سکای نیوز"ی بەریتانی دەستی گەیشت بە ٥٧ لاپەڕە لە ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکانی تیمی هەواڵگریی گرووپەکە. بەڵگەنامەکان توێژینەوەی تەکنیکیی وردیان لەخۆگرتبوو لەسەر کۆمپانیای "ڤاگۆ" (Wago)ی ئەڵمانی کە تایبەتمەندە لە پێکهاتە کارەباییەکان، هەروەها سیستەمەکانی کۆنترۆڵکردنی ڕووناکی، هەواگۆڕکێ و گەرمکەرەوەی باڵەخانەکان، لەگەڵ سیستەمەکانی کەشتیوانی و پەیوەندییەکانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی. ئەو ڕاپۆرتانە کە مۆری "زۆر نهێنی"یان لەسەر بوو، ئاماژەیەک بوون بۆ گرنگیدانی پێشوەختەی گرووپەکە بە ژێرخانی پیشەسازی، نەک تەنها تۆڕەکانی زانیاریی باو.

​لەوەتەی گرووپەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەرکەوتووە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە زنجیرەیەک هێرش ڕاگەیاندووە، لەوانە:

​بەئامانجگرتنی سێرڤەرەکانی پەیوەست بە تۆڕی هێڵی ئاسنینی ئیسرائیل و بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەیەکی ئاوی ئەو وڵاتە و دەستکاریکردنی ڕێکخستنەکانی.

​لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، هاککەرەکانی گرووپەکە دزەیان کردە ناو سیستەمی کۆنترۆڵکردنی ترومپایەکی ئاو لە شاری "ئەلیکویپا" لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا و لەکاریان خست.

​بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI)، لە نێوان تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، نزیکەی ٧٥ ئامێر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هاک کراون، کە ٣٤ دانەیان پەیوەست بوون بە کەرتی پاڵاوتن و چارەسەرکردنی ئاوەوە.

​چالاکییەکان درێژبوونەتەوە بۆ وێستگەکانی سووتەمەنی و دامەزراوەکانی ئاو لە چەندین وڵاتی دیکە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کۆمپانیای "کلارۆتی" (Claroty) پڕۆگرامێکی زیانبەخشی ئێرانیی بە ناوی (IOControl) ئاشکرا کرد، کە بە تایبەتی بۆ بەئامانجگرتنی ئامێرە پەیوەستکراوەکان بە ئینتەرنێتەوە دیزاین کرابوو، وەک ڕاوتەرەکان، کامێراکان، سیستەمەکانی کۆنترۆڵی پیشەسازی و بەڕێوەبردنی سووتەمەنی.

​بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە پڕۆسەی هاککردندا

​بەگوێرەی ڕۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەڕەنسی، یەکێک لە نیشانە دیارەکانی پەرەسەندنی توانای گرووپەکە، پەنابردنە بەر ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکردە (AI) بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە تەکنیکییەکانیان.

​لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کۆمپانیای (OpenAI) داخستنی ژمارەیەک هەژماری پەیوەندیدار بە گرووپی "سایبەر ئەڤێنجەرز"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دەرکەوت مۆدێلەکانی کۆمپانیاکەیان بەکارهێناوە بۆ گەڕان بەدوای کەلێنە ئەمنییەکان، ڕاستکردنەوەی کۆدە پڕۆگرامسازییەکان و داواکردنی هاوکاری لە نووسینی دەقە کۆدەکاندا. کۆمپانیاکە لەو کاتەدا ڕوونی کردەوە کە هەژمارەکانی سەر بەو لایەنە زیانبەخشە، مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردیان بۆ پەرەپێدانی توانای تەکنیکیی خۆیان لە بواری دزەکردن و هاککردندا بەکارهێناوە.

​هێرشەکانی سەر فەڕەنسا و کۆمپانیا زەبەلاحەکان

​لە ماوەی ئەمساڵدا، بەپێی لێکۆڵینەوەکە، چالاکییەکانی گرووپەکە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە و کۆمپانیا پیشەسازییە گەورەکانی وەک "ڕۆکوێڵ" (Rockwell)، "شنایدەر ئەلیکتریک" (Schneider Electric) و "سیمێنس" (Siemens)ی گرتووەتەوە. ئەمە سەرباری چەند دامەزراوەیەکی خۆراک و سەربازیی ئەمریکی کە لە مانگی ئابی ڕابردوودا تووشی پەککەوتن بوون لە سیستەمەکانی ساردکەرەوەدا.

​هاوکات لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بە ئەگەری بەئامانجگرتنی "دامەزراوەی خوێنی فەڕەنسی" کردووە لە ٣ی تشرینی دووەمدا، دوای ئەوەی هەندێک لە ئامێرەکانی ساردکەرەوەی سەر بەو دامەزراوەیە بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی پلەی گەرمیان تۆمار کردووە.

​ڕۆژنامەی "لۆفیگارۆ" جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشکردنە سەر ساردکەرەوەی فرۆشگا فەڕەنسییەکان ناتوانرێت تەنها وەک ڕووداوێکی تەکنیکیی دابڕاو سەیر بکرێت، بەڵکو نموونەیەکە بۆ گۆڕانی سروشتی هەڕەشە سایبەرییەکان کە ئێستا ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و ژێرخانی مەدەنی دەکەنە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو گرووپەی گومانی پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانەوە لێ دەکرێت، تەنها هەوڵی شکاندنی سیستەمەکان و بردنی زانیاری نادات، بەڵکو کار بۆ دروستکردنی زیانی ماددیی ڕاستەوخۆ، بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ و دەرخستنی لاوازیی دامەزراوە هەستیارەکان دەدات لە بەرامبەر هێرشە دیجیتاڵییەکاندا.

​لە کاتێکدا فەڕەنسا هەنگاو بەرەو لێپرسینەوەی یاسایی و سەپاندنی سزای ئەوروپی دەنێت، ئەم دۆسیەیە وەک تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەردەکەوێت بۆ توانای وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پاراستنی دامەزراوە مەدەنییەکانیان لە جەنگێکی شاراوە، کە چیتر گۆڕەپانەکەی لە پشت شاشەی کۆمپیوتەرەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ ناو فرۆشگاکان، وێستگەکانی ئاو و کەرتەکانی وزە و خۆراک.

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
کابینەی حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، دۆخی ئابووری و پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان تاوتوێ دەکرێن
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×