تۆ ئەی باشور ئەی جوانی شەرمن
  2026-11-10     

نامۆ سامان

 

دەریامان نەبوو تاکو شەپۆلەکان چیرۆکی دۆفلینەکانمان بۆ بگێرێنەوە بەڵام بارانمان هەبوو تاکو بەگۆناحەکانمانەوە ڕامانماڵێ کەچی ڕاینەماڵین بەخڵتەکەوەی لەیەکێک لەکەلاوەکانی نیشتیماندا کۆیکردینەوە ئیتر بۆهەتا هەتایە خۆمان بۆ نەدۆزرایەوە لەو ڕۆژە تاکو ئێتساکە مناڵە گوومبۆکەی نیشتمانین. ئێمە کەوتینەتە نێوان دوو بەرداشی گەورەوە کەڕۆژانە دەمانهارێت یەکێکیان بەرەو عێراقبوونمان دەبات ئەویترمان لە کوردبوونمان بێزارمان دەکات و لێی رادەکەین ئەمیان سەوزو ئەوتریان زەرد! کۆچ تەنها تێکشکاندن و ترانسپۆرتی جەستەکان نەبوو بەڵکو سەرتایەکەبوو بۆ تێراوانین بەئایندە، بەخۆد، بەبوون! بەڵام مەخابن ئێمە لە حیکمەتەکانی پەپوو نەگەیشتین کە لەجنسی فریشتەکانبوون بەڵکو بەدووی ئەو خرافیاتانەوەبووین کە گووتمان شومە شوم!. من کەوتمە کوێ ئەم کۆچ و شوومی بوونەوە؟ دەبوایە ئێمە ماسی بوونایا ئەگینا ئەو هەموو دەرزی و سوژن ئاژن و زنجیر و دەمەپاچە لەگیانماندا هەڵکێشران لەخوێن و ئازارماندا سوربوون چۆنچۆنی لەبیرمانکرد؟ تێناگەم! تێی!                            

پەنجا ساڵ تفەنگ

٣٠ ساڵ خۆ کوژی و

١٠ ساڵ کۆچ

ئێستاکە بەم سوێسکەی دڵ و

خۆرنشینی پەنجەرەیەوە

جەنگ بێت یاخود ئاشتی بەمن چی

یەکێتێکان کە لە ٣١ ئابدا لە هەولێر لەپایتەختی باشوری کوردستاندا وەدەرنران و ئیتر بۆ هەتاهەتایە گوومبوون خۆیان بۆ نەدۆزرایەوە وایاندەزانی هێز سەنگی مەحەکی کێشەکانە بەڵام ئەوان چونکە لەهزریانە چەکیان هەڵگرتبوو هەرگیز لەوە نەگەیشتن کەژیان بردنەسەر لەگەڵ ڕابردوودا هیچ تروسکاییەک بەئایندە نادات! ئەوان دەیانتوانی بەپرۆژەی جوان، بەپەیڤی جوان، بەکرداری جوان دڵە جوانەکەی هەولێر ئاشتکەنەوە بەڵام ئەوان خێلی چەکبوون چەک!. گۆرانەکانیش لە سلێمانییەوە بەتاپرێکی شکاوەوە نیشانەیان لەهەولێر گرتەوە بەڵام بەخۆیانەوە تەقییەوە! ئەوەی دەمەوێت بیڵێم: ئەوەیە کە نەوەی داهاتوو نەوەی ڕابردوونیە! نەوەی خرافیات و چەک نییە بەڵکو نەوەی حیکەمەتاکانی پەپووە لە دارستانەکەی جیهانی ژیریدا پاشای حەکیمی دارستانەکانە نەوەک جەنگڵساتەنەکەی شەڕ! مرۆڤ دەتوانێت لە دووژمنەکەی ببورێت نەک بیکات بەدۆست و هاورێ خۆی! ڕێک ئێستاکەی کوردە دووژمنەکەی کردووە بەدۆست و هاورێ و ڕاوێژکاری خۆی! خۆیشی لەخۆیدا کردووە بەقارەمانی جەنگڵستانەکانی ڕابردوو! ئەو ڕابردووەی کە کردیان بەپردێکو بەسەریا پەرینەوە بۆ کورسی دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی کە ئێمەی لە نیشتمانەکەی خۆماندا کرد بەکرێچی و هاوردە! نەوەی داهاتوومان خۆیان لەپرۆژەکاندا دەبینەوە، لە خزمەتگوزارێکاندا خۆیان دەبینەوە نەوەک لەڕابردووداو قارەمانی شەرەکانی براکوژی! پیرەکان، مرۆڤە بەساڵاچووەکان هەمیشە کەسانی ئیرەیبوون هەمیشە منەتباربوون هەرگیز لەدیسپلینی نیشتیماندا نەگەیشتن کە بەرگریکردن و خەباتکردن لەپێناوی نیشتیماندا ئەرکە، ئەرک! نەک منەت! هەر ئەوە منەتەیشبوو کە گووتمان کێ کردیوو کێ خواردی! ئەم دەستەواژە نارەسەن ئێمەی بەم ڕۆژە گەیاند. ئیتر لەو ڕۆژەوە مەرگی یەکتریمان لە کۆلناوەو لێماننابێتەوە. ئێمە هەرگیز لەو فەلسەفەیەی کارما نەگەیشتین کە نەهامەتیمان نیشانەی کارە خراپەکانمانە، باشەکانیشمان نیشانەی کارە باشەکانمانە.                                                           

 ئەوانەی بەزۆرینە دەنگیاندا بەدەستوری عێراقی دۆراندیان لەهەمانکاتدا ئەوانەی بەکەمینە دەنگیان نەدا بەدەستوری عێراق هەمدیسان دۆراندیان ئێستاکە ئێمە لەنێوەند دوو تاشەبەردی دۆڕاندندا چیبڵێن بەمناڵانی کورد؟ نەوەی داهاتوومان نیشتیمانێکیان دەوێت کەتێیدا بەئارامی بژین و ئاسودەبن نەوەک بەرابردوویان بلکێنین! ئەو ڕابردووەیەی کەسەدەیەک پێشخۆیان بەناوکی خۆیانەوە بریانەوە!. جوولەکە نیشتیمانێکی بۆیە دروستکرد تاکو ئێستاکەیش کەنەوەی داهاتوویان بەئارامی تێدا بژین نەک لە دڵ راوکێ و هەڵهاتندابن. ئێمە وانەبووین ئێمە کوری دڵ راوکی و قەلەق وووتی ووتین لەسەر دێرە شیعرێک تەمەنێ لەهاورێیەتیمان وێراندەکەین کەچی کەسمان ئەو هەستەمان لە لادروست نەبوو کە کوردستان داگیرکراوە خاکو ئاو و زمان و کلتورمان داگیرکراوە نەک مافمان خورابێت. لەئەنفال بوراین،لەخۆمان نەبوراین! لەهەڵبجە بوراین لەخۆمان نەبوراین،لەشەنگال بوراین، لەخۆمان نەبوراین! لەعەرەب بوراین و کردمان بەبرا گەورەی خۆمان کەچی ماڵ بە ماڵ لەرەدووی کوشتنی برای خوێنی خۆماندابووین! ئێمە ئەنفالمان لەبیرچۆتەوە بەڵام ٣١ ئابمان لەمشتایە،شەنگالمان لەبیرچۆتەوە کەچی ١٦ ئۆکتۆبەرمان لەهزرماندایە ئەو هەموو سوکایەتی تورک وعەرەب و فارسمان لەبیرچۆتەوە کەچی لەسەر دێرێک شیعر و کلکی کەرێک خێزانێک تەفروتوونا دەکەین هەموو تەمەنی هاورێیەتیمان دەخەینە تەنەکەی خۆڵی دڵە پسەکەمانەوە. زۆربەمان لەئەوروپاوە وێنە لەلای تەنەکەی خۆڵەوە دەگرین بەپۆستکارت بۆمان دەنێرێتەوە کەچی هەمان زۆربەمان نیشتیمانەکەی خۆمانکردوە بەتەنەکەی خۆڵ. ئەوە سەرمایەدارو ئادیلەکانو خانەیان و خێزانە بۆژواکانی ئەوروپابوون کە نیتشیمانیان لەناخیاندا لەهزریاندا هەڵگرتبوو بۆیە بوونە خاوەنی نیشتیمانی خۆیان، ئەوروپێکان لەسەر بستێک خاک دوو جەنگی جیهانیان خوڵقاند تاکو نەوەی داهاتوویان ترس لەناخیاندا ڕەگ دانەکوتێ ئێمەی کورد هەموو سەرتاپامان ترس و هەڵهاتن و راکردنە! ئەمە خواست و پلانی دووژمنانە تاکو بیر لەئازادی نەکەینەوە تاکو ئەو هەستەمان لەلا دروست نەبێت کە خاکمان داگیرکراوە، تاکو سەرمایەداری کورد دروست نەبێت دەوڵەتیش دروست نابێت! سەرمایە پایەکانی دەوڵەتی کورد دادەکوتێ دەبێت ئیتر لەهەوڵی ئەوەدابین کەنەوەی داهاتوومان بەئارامی بژین و ترس لەناخیاندا رەگ دانەکوتێ، من خۆم نەوەی ترس و تۆقاندن و راکردن زیندانەکانی ژیانم، نەوەی شەستەکانم نەوەی بلۆکی یەکێتی و پارتی هەرگیز خۆشی لەخۆمدا نابینم بەڵام نیشتیمان پاراستن ئەرکە، ئەرک! نەک منەت!. مرۆڤ دەتوانیت بەخستنی گنکی سیغارێک بۆ تەنەکەی خۆڵ نیشتیمانەکەی خۆشبوێت نەک نیشتیمانەکەی بکات بەتەنەکەی خۆڵ مەخابن ئێمە نیشتییمانەکەمان کرد بەتەنەکەی خۆڵ هەرچی هەبوو خستمانە تەنەکەی خۆێ نیشتیمانەوە. ئێمە شەهوەتەکانمان و هەوەساکانمان لە نیشتیمان زیاتر خۆشدەوێت، باس لەبرایەتی گەلان دەکەین و کەچی خۆمان بووینەتە دووژمنی سەرسەختی یەکتری،لەبەردەم ژنی خەڵکیدا وەک پەشمەک دەتوێنیەوە کەچی مۆنوچرچو ناقۆڵا لەبەردەم هاوسەری ژیانماندا قووتبووینەتەوە.                             

ئاخر باوکە گیان!

هەموو میراتی تۆ

تەنها خەنجەرێک بوو

نازانم خۆمی پێ بکوژم

یاخود ڕابردوو

هەموو ژیان و مێژوو وکارێکتەرو کەسایەتی خۆم خستۆتە نێو هەگبەی مەنفای خۆمەوە، ئیتر لە کۆچەرێک زیاتر هیچیتر نیم کە هەمیشە دەستم بەقەیتانی غەریبی پێڵاوکانمەوەیە، جگە لەخۆم کەسێک شک نابەم بمخوێنێتەوە من بەراستی ئەو پیاوە ترافییەم کەخۆم لەخۆما هەڵگرتووە، قەلەندەرێکم لەمەنفاو نیشتیمانەکەی خۆمدا گوومبووم و هەرگیز خۆم لەئاوێنە گەورەکەی نیشتیماندا نەبینیوە وەک جنۆکەکەی نێو ماڵی خۆم واخەریکە خۆیشم نابینم، هێندە گوومبووم دۆزینەوەم حەتمییە،هێندە دڕندەیی و ناخۆشیم بینیووە هێندە دڵ شکاندن و غەریبیم بینیوە دەبوایە دڕندە دەرچوومایە وەک لەدووپێیەک هەرهیچ نەبوایە مرۆڤیکی ئاسایی. ئیتر بۆ ئەوەی لەوە زیاتر تەنیاتر نەبم هەوڵئەدەم جارناجارێک نامەیەک بە پەرەسێلکەکانی کۆچدا بۆ خۆم بنوسم، سەرەتا بە سڵاو ئەی کۆچ دەست پێدەکەم لەکۆتایشدا پولێک دەنێم بەپۆستی قەلەندەری خۆمەوە، ناونیشان مناڵە هەتیوەکی نێو کۆڵان و نیشتیمان و ڕەنگم زەرد و قەت سەوزنابێتەوە.                                                                              

 لە پەنجەرەی هەر ماڵێکەوە دەروانمە ئەم دونیایە گێلێک دەبینم                                                     

لە ئاوێنەی ھەربیرەوەرییەکدا دەروانمە خۆم گێلێک دەبینم!

ئەم زەمەنە! زەمەنی ئابرووبوونی تەمەنە

ئەم زەمەنە!

ھەمان گومانو چەقۆو قوربانی ڕۆژەکانە

ئەم دونیایە یەک پارچە نووقمی خەمە

ئەم سەدەیە, وەرزی وەرز بوونی مرۆڤە

دەشێ مردن نھێنیەک بێت

خوایش کلیلی ئەو نھێنیەی

فڕێدابێتە دەریای گومانی مرۆڤەوە

خوا تاوانە! خوا ئەلبومێکی گەورەی تاوانبارانە

چی دەبوو خوا بوونی نەبوایە یاخود خوا لیستی ئەو کەسانەی گوممکردبێت لەپێناوی خوادا کوشتارو دەستیان سورە بەخوێنی مرۆڤەکان؟ ئەلبوومە گەورەکەی ئاین و پەرستگاکان پڕە لەشمشێری پاسەوانەکانی خوا! حیزبەکانی باشوریش دەستیان سوورە بەکوشتنی ئەستێرەکانی نیشتیمان! لەکوێ بوون ئەوکاتانەی عیساکانی وڵات لەخاچ دەدران؟ جریوەکان بەدەم سرودی نیشتیمانەوە دەدرانە بەردەسترێژی بەعسێکان؟ لەوەتەی لەم پەنجەرەیەوە دەروانم پەنجەکانم لەپرچم نابنەوە، رۆحم سپی و سەرم پیش کۆچ سپیتر هەربۆیە زۆر لەوە دەترسم هەموو تەمەنم ببێتە پەنجەرە! منێک کەهەرگیز خۆم لەئاوێنە گەورەکەی شاردا نەبینی ئیتر چۆن غەریبی هەڵمناگرێت و فرێمناداتە نێو کۆڵانەکانی تەنیایمەوە، جاران شەقام هاورێ و کۆڵان ماڵی یەکەمی من بوون ئێستاکە خۆم بوومەتە شەقام و چوومەتە نێو کۆڵانەکانی غەریبی خۆمەوە، جگە لەباشورو خوا کەسێکم پەیێنەکرد لەمن تەنیاترو لەمن بێنەواتر،،، ئێوە هەرگیز لەوە نەگەیشتن کەنیشتمان چ واتایەک دەبەخشێ بەبوون! بوونێک بەئۆخەی ئایندە! منێک بەئۆخەی نیشتیمان. یەکێتی و پارتی دووژمنە سەر سەختەکەی ئایندەی نیشتیمان.                                           

دەڵێن هەموو ڕێگاکان دەچنەوەسەر بەهەشت! ئەوانەی بروایان بەو دونیا هەیە خۆیان بۆ بەهەشت داناوە لەسەر ئەم هەسارەی ئێمە دۆزەخێکیان بۆ خۆڵقاندووین تابگەن بەهەشت، ئەوانەی بروایشیان بە بەهەشت نییە ئێستاکە لەسەر دۆزەخی ئەم هەسارەیە دەژین کە پێدەلێن عەرزی خوا!.                                                                                          

گەیشتن بەخوا بەشمشێرو دەستی خوێناییەوە ئیتر خوا لەوە تێگەیشت کەچ کارەساتێکی خوڵقاندووە، خوا هەر لەحەزرەتی ئیبراهیمەوە کەویستی لەپێناوی خوادا کورەکەی سەربرێت ئیتر لەوەگەیشت کە ئەم مرۆڤە چ دڕندەیەکە، ئیتر تێدەگات چ کارەساتێکی خوڵقاندووە، هەر کەسێک لەپێناوی خوادا بە کێردێکەوە خەریکی سەربرینی کورەکەی خۆی بێت دڕندەیە، دڕندە! چی دەبوو قابیلی هابیلی برای نەکوشتایە؟ چی دەبوو ئەگەر خوا قەلە ڕەشی نەردایە بۆ شاردنەوەی تاوانەکان؟ چی دەبوو مەسیح لە خاچ نەدرایە؟ چی دەبوو ئەگەر زەرد و سەوز لاسک و گوڵی یەکتریبوونایە؟ ئەی چی دەبوو کە ئێمە هەر لەعەزەلدا بوونمان نەبووایە؟ بێگومان تاوانیش نەدەبوو، شمشێریش بوونی نەدەبوو.                                                             

واچەندین هەزار ساڵە دەبێت مەسیح لەخاچ دراوە کەچی دێری نیو کەنیسەکاندا هێشتاکە هەردەڵێیت خۆڕی بەیانین، هەردەڵێت هەناسەی ژیانەوەی ئەون، هێشتاکە هەرتازەن، هێشتاکە لەدڵی کریسیاندا مرۆڤ یەکەم بکوژی مەسیحە،، مەگەرێوە ئەی خاچ خوێناوی مەگەرێوە تاکو لەمن زیاتر غەریبتر نەبیت تەنیاتر نەبیت و فرێنەدرێتە تەنەکەی خۆێ دووپێکانەوە.               

مەگەرێوە ئەی خاچ خوێناوی! مەگەرێوە بۆ خاکێک کە تینوون بەخوێنی سەرت! مەگەرێوە بۆ پەنجەرەیەک کە لەڕوانینیدا تاوان لەسەر تەختی حەقیقەت دانیشتووە. تۆ ئەی باشور ئەی جوانی شەرمن! زۆربەی تەمەنم بەخشی بەبیرکردنەوە بەنیشتیمان پیری پێبەخشیم، نیشتیمانیش جگە لە ئیسکو پروسکو کەلاوەیەک، هەنگاوێک بۆ هەڵاتن و وتەیەک بۆ بێدەنگی هیچتری پێنەبەخشیم. ئێمە نیشتیمانێکمان هەبوو پێیەکمان تێنەکرد و هەڵهاتین، ئازادێکمان هەبوو کەچی هەناسەیەکمان تێدانەدا، ماڵێکمان هەبوو لەعەشق کەچی پێکمان تێنەکرد، ئای لەئێمە چیمان بەخۆ کرد! چیمان بەخۆمان نەکرد! هەندێکجار مردن ئارامی دهێنێت لەو گێژەلوکەی کەخەریکە دەمانخوات! ئێمە نیشتیمانێکمان هەیە بۆ کۆچ و مردن ئازادییەکیش بۆ هەڵهاتن ئێمە لەگەڵ مردۆکاندا دەفتەرێک بیرەوەری و چەپکێ ئارایشی درۆو گۆزەیەک خۆڵمان هەیە بۆ گووتن! ئای لە ئێمە بەو هەموو ئاخافتن و مردنەوە نەمانتوانی نیشتیمانێک دروستکەین بۆ نەوەی داهاتوومان. کەچی کۆچمان هەڵبژارد لەپێناوی نەوەی داهاتووماندا، خۆماندایە بەر قەدەری مەرگ و کۆچ و زێرابەکانی ئیجەوەو، پشتمان لە نیشتیمانکردو بێشەرمانە وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت بەتپۆزلی و بوغزەوە کۆچمان هەڵبژراد وەک لەمانەوە! ئای لەئێمە چۆنچۆنی لەم هاوکیشەیەدا گیرمانخوارد!. ئێمە حەوشەی ماڵکەمان بەو هەموو رمرمێنی تەمەنەوە تەنها بەگوڵێکەوە رازاندەوە لەکۆتایدا درگ دەرچوو و بۆنیشی وەک زێرابەکانی حیزب وابوو گێژیکردین. ئێمە کەی لەم هاوکێشەی بوغزو حیزبە دەگەین؟ بۆ نەمانتوانی نیشتیمانێک دروستکەین لەئارامی بۆ نەوەی داهاتوومان؟. ٣٠ ساڵ براکوژی و ٣٥ ساڵ دوو ئیدارەیی ئێستاکەیش لامەرکەزی ئێوە شەرمی لەخۆتان ناکەن؟. ئەگەر لەسەردەمی شێخ مەحمودی حەڤیدا دەستمان بەکیانی ئەوساکەی شێخەو بگرتایە ئێستاکە دەوڵەت بووین، ئەگەر لەسەردەمی بارزانیدا دەستمان بەئۆتۆنۆمی ساڵەکانی حەتفادا بگرتایە ئێستاکە دەوڵەت بووین ئێستاکەیش ئێمە لەم ئازادیی هەرێم وپەرلەمانەدا دەستی پێوەبگرین بێگومان هەر دەبین بە دەوڵەت ئەگەرنا دەبێت هەمیش بگەرێنەوە سەر خاڵی سفر. ئێمە پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو هەستەمان لە لا دروست بێت کە کوردستان داگیرکراوە نەک مافمان خوراوە، ئاخر ماف خوران و خاک داگیرکردن دوو میتۆدی جیاوازن لە راڤەکردن. دەبێت تاکی کورد لە هزریا کوردایەتی داگیرسێنێت، نەتەوایەتی نیشانەی پاکی خوایە بۆ نیشتیمان.                                 

تۆ ئه‌ی باشور ئه‌ی جوانی شه‌رمن!

تۆ به‌‌کۆڵێ چاڵی جه‌نگه‌وه

 من به‌‌کۆڵێ خه‌می ووردیله‌و دایکانی ڕه‌شپۆشه‌وه

تۆ به‌ئه‌نفال‌و هه‌ڵبه‌جه‌و شەنگالتەوە‌

من به‌حوکمی درۆ‌و قه‌ره‌قۆزه‌وه‌ 

باشور ئه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ی ته‌مه‌نی من

باشور ئه‌ی خه‌مه سه‌وزه‌که‌ی دڵی من

من به‌‌جانتایه‌ک درۆو

به‌دڵێکی پیس‌و بوغزەوە

هاتم بێشه‌رمانه بێئابڕوانه

چوومه عه‌شقته‌وه

دڵه کریستاڵه چوار پارچه‌که‌تم دزىو

کردم به‌‌شه‌ش به‌شه‌وه

کردم بەوەی کە دووژمنان دەیانوسیت دەیانخواست

ئه‌وه‌‌ی دڵی به‌وه‌خۆشه‌ له‌دوایی ڕووخاندنی دیكتاتۆرێك ئازادی ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بزانن کەزۆر خۆشباووره‌ كورد كه‌سایه‌تێكی خۆشباووره‌ هەردەم به‌دووی بازنه‌ی بیرچونه‌وه‌دا خولده‌خوات. كورد هەردەم‌ له ناهه‌مواری‌و دوودڵیدا ده‌ژی هه‌ربۆیه‌ ئاینده‌یه‌كی ڕوونی نییه، كورد نیشتیمانیكی هه‌یه‌ هه‌ر به‌قسه‌ تاپۆكه‌ی له‌گیرفانی دووژمندایه‌، سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌یه‌ هه‌ر به‌‌قسه‌ وته‌كانی له‌دڵی دوژمندایه. ئه‌وه‌ێ نیشتیمانی نه‌بێت نازانێ واتای ئازادىو خۆشه‌ویستی بریتیه‌ له‌ڕێزگرتنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ تاکه‌کانی ئێمه‌ ئاواره‌ی ناخی خۆیانن هه‌ر گەلێک تاکی ئازادی نه‌بێت ووته‌ى ئازادیشی نابێت نیشتیمانیشی نابێت! هاورێ مادەم هیچ شوێنێک نییە بۆ دەربازبوون بالێرەدا کەپرێک هەڵدەین، بالێرەدا بمێنینەوە، بالێرەدا نیشتیمانێک لە دڵە ترافێکەماندا دروستکەین، بالیرەدا دەرگایەک لەخۆماندا بخەینە سەرپشت بۆ میوانداری یەکتری لەدوایدا بروانین بزانین دەبین بە دوان بە سێان بە هەزار؟ مرۆڤەکان کە نیشتەجێ بوون زۆر دەبن کە ئاوارەیشبوون پەرت دەبن! ئەمە رێسای مان و نەمانە!. ئێمە لە کوێ ئەم ڕێسایانەداین؟ باران باریو کەچی کراسەکی من تەڕ نەکرد، باران باریو کەچی ڕۆحم نەبوو پارسارییەک، ئای چەند لە شەقامی چۆڵو هۆڵی شارەکەم دەترسم دڵم تێیدا بێتە بەستەیەک ڕۆحم ببێتە شاپەری چۆلەکەیەک. باشور جوانی نێو پەنجەکانم

                                                                                                         

 

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×