دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەڵێت بەدوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە لەگەڵ ئێران کە نەک تەنها بۆ ماوەی سەرۆکایەتیی خۆی بێت، بەڵکو لە سەرۆکایەتییەکانی دواتری ئەمریکاشدا بەردەوام بێت بۆ ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتووش کاریگەر و بەردەوام بمێنێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە ترەمپ لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بە سەرکردەکانی ئێرانی ئێستا کرد و وتی "لەوانەیە بە بەراورد بە سەرکردەکانی پێشووی ئێران نەرمتر و عەقڵانیتر بن، بەڵام هێشتا مامەڵەکردن و دانوسان لەگەڵیان زۆر دژوارە".
وتیشی "تاران ڕێککەوتنەکان قبوڵ دەکات، بەڵام ڕۆژی دواتر پاشگەز دەبێتەوە و پابەند بەو ڕێککەوتنانە نابێت".
سەرۆکی ئەمریکا لە ڕوونکردنەوەی هۆکاری پێداگریی خۆی لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەندا دەڵێت "دەمەوێت ڕێککارێک دابمەزرێنین کە تەنانەت ١٥ یان ٢٠ ساڵی داهاتوو سەرۆکێکی 'بێ لێهاتوو' لە ئەمریکا دەسەڵات بگرێتە دەست، ڕێککەوتنەکە هێشتا بەردەوام بێت".
لە زیادکردنی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگە نادات هیچ کەسێک چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. ئەو وتی "دووجار سەرکردایەتیی ئێرانمان لەناوبردووە، ئێستا ڕووبەڕووی سێیەمین سەرکردایەتیی ئەم وڵاتە بوینەتەوە. ئەوەش گۆڕانی کۆتایی ڕژێمە".
ترەمپ ڕۆژی هەینی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای گەڕانەوەی لە گەشتی چین، ڕەتکردنەوەی ئێرانی بۆ قبوڵکردنی ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی واشنتۆنی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ناوبردبوو.