دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
  2026-11-22     

لە کەناراوەکانی ڕووباری فورات و باخە بەرفراوانەکانییەوە تا شەقامە وێرانبووەکانی شارە کۆنەکە، گەشتێکی مەیدانی بۆ نێو ناحیەی جرف ئەلسەخر (جرف ئەلنەسر) لە باکووری پارێزگای بابل، وێنەی ناوچەیەک نیشان دەدات کە تێیدا سروشتی کشتوکاڵیی دەوڵەمەند، شوێنەواری وێرانکاریی ساڵانی جەنگ و بوونی سەربازیی زیاتر لە دەیەیەک تێکەڵ بوون.

​ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی مەیدانیی تۆڕی «جەزیرە نێت»، تیمێکی ڕۆژنامەوانی کاتژمێر ١٠:٣٠ی بەیانی لە بەغداوە بەرەو جرف ئەلسەخر بەڕێکەوتوون و کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ گەیشتوونەتە ناوچەکە. هەر لە یەکەم دەروازەوە بوونی سەربازی بەڕوونی بەدی کراوە؛ چەکدارانی «کەتیبەکانی حزبوڵڵا» بە درێژایی ڕێگاکە لە خاڵی جیاوازدا بڵاوببوونەوە، دوای نزیکەی کیلۆمەترێکیش چڕیی هێزەکان لە دەوروبەر و ناوەوەی خانوویەکی گەورەدا زیاتر بووە، کە خێمەیەکی گەورە لەبەردەمیدا بۆ پێشکەشکردنی خواردن هەڵدرابوو.

​لەو شوێنەدا ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی گرووپەکە دەکرا کە تێیدا شێخانی عەشیرەتەکان و چەندین کەسایەتی بانگهێشت کرابوون و سەکۆیەک بۆ وتاردانی سەرکردەکان و خوانێکی نیوەڕۆ ئامادە کرابوو. لە هەمان شوێن چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەبو تاڵیب سەعیدی، سەرکردە لە کەتیبەکانی حزبوڵڵا ئەنجام دراوە، بەر لەوەی گەشتەکە بە نێو ئەو ناوچەیەدا بەردەوام بێت کە ساڵانێکی زۆر بوو دوور بوو لە سەردانی ئاسایی ڕۆژنامەنووسان و لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی ئەمنی و سیاسیی ئاڵۆزدا مابووەوە.

​ڕوویەکی دیکەی جرف ئەلسەخر: سروشتی سەوز و شارێکی چۆڵ

​لەگەڵ چوونە قووڵایی ناوچەکەدا، لە پشت بڵاوەپێکردنە سەربازییەکانەوە دیمەنێکی جیاواز دەردەکەوت؛ باخە چڕەکان و دارخورماکان لە هەردوو لای ڕێگاکە درێژ بوونەتەوە و کێڵگە سەوزەکان تا کەناری ڕووباری فورات دەڕۆن. ئەم دیمەنە گوندنشینییە دەریدەخات کە سەرەڕای ئەوەی ناوی ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شەڕ و دۆسیە ئەمنییەکانەوە بەسترابووەوە، بەڵام هێشتا تایبەتمەندییە کشتوکاڵییەکانی خۆی لەدەست نەداوە.

​لەگەڵ ئەوەشدا، ناوچەکە بە تەواوی لە دانیشتووان چۆڵ بوو؛ هیچ خێزانێک، جووڵەیەکی بازرگانی یان نیشانەیەکی ژیانی ئاسایی ڕۆژانە بەدی نەدەکرا، چونکە دانیشتووانەکەی بەرەو کەمپەکانی ئاوارەیی ڕۆیشتوون.

​بە درێژایی ڕێگاکە، شوێنەواری وێرانکاری لەسەر باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان دیار بوو؛ بەشێک لە خانووەکان دیوار و بنمیچەکانیان ڕووخاون، هەندێکی دیکەیان بوونەتە پەیکەرێکی چیمەنتۆی کراوە و ژمارەیەکیشیان بە تەواوی لەگەڵ زەویدا تەخت بوون.

​بەشێکی گەورەی ئەم وێرانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە لە دەستی ڕێکخراوی داعش ئەنجام دران، لە چوارچێوەی «ئۆپەراسیۆنی عاشوورا» کە ٣ ڕۆژی خایاند و بۆردومان، پێکدادانی زەمینی و تەقینەوە گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانی گرتەوە و هێزەکانی سوپای عێراق، لیواکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان تێیدا بەشدار بوون.

​لەگەڵ نزیکبوونەوە لە شارە کۆنەکە، دیمەنەکانی وێرانکاری سەختتر دەبوون. تیمە ڕۆژنامەوانییەکە گەیشتنە ئەو خاڵەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا وەک کۆتایی ڕێڕەوی ڕێگەپێدراوی گەشتەکە دیارییان کردبوو. لەوێ حەوزی دەستکردی بەخێوکردنی ماسی دەبینران، بەڵام یاوەرانی گەشتەکە ڕێگرییان لە وێنەگرتنیان کرد، بەمەش نەتوانرا وردەکاری و سروشتی چالاکییەکانیان تۆمار بکرێت. هەروەها لە کاتی هاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبێل، لە دوورەوە وێستگەیەکی گەورە بەدی دەکرا کە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەچوو.

​سەرەڕای ئەو گومانانەی سەبارەت بە قاچاخچێتی نەوت و بوونی پێگەی ئابووری لە ناوچەکەدا دەخرێنە ڕوو — کە کەتیبەکانی حزبوڵڵا هەر پەیوەندییەکیان پێیانەوە ڕەتکردووەتەوە — بەڵام گەشتە مەیدانییەکە لەو سنوورانەدا وەستێنرا کە گرووپەکە دیاری کردبوو، بەمەش ئەو پێگانەی پرسیاریان لەسەرە لە دەرەوەی بازنەی پشکنینی میدیایی مانەوە.

​ڕۆژی دووەم: چوونەژوورەوەی هێزە هاوبەشەکان

​بەیانی ڕۆژی هەینی (٢٠ی تشرینی دووەم)، دیمەنی ئەمنی لە جرف ئەلنەسر گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئەمەش لەگەڵ دەستپێکردنی چوونەژوورەوەی یەکە ئەمنییە هاوبەشەکان بۆ ناوچەکە، وەک جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی حکومەت لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان پێی گەیشتبوو، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی بوونی سەربازی لەوێ دیاری کردبوو.

​هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی وزە یەکەم خاڵەکانی پشکنینی کەتیبەکانی حزبوڵڵایان تێپەڕاند؛ هەنگاوێک کە دەستپێکی جێبەجێکردنی پلانی دووبارە بڵاوەپێکردنەوە و گۆڕینی هێزە زەمینییەکانی نیشان دەدا دوای زیاتر لە ١٢ ساڵ.

​چوونەژوورەوەکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، بەڵکو لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتی و دابەشکردنی کەرتەکاندا لەنێوان پێکهاتە ئەمنییەکاندا بەڕێوەچوو. لە کاتێکیشدا هێزە حکومییەکان دەستیان بە بڵاوبوونەوە کرد، چەکدارانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا هەر لە ناوچەکەدا مانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پرۆسەکە زیاتر ڕێکخستنەوەی بوونی ئەمنییە وەک لەوەی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی دەستبەجێی بوونی کەتیبەکان بێت.

​هاوکات لەگەڵ چوونەژوورەوەی هێزەکان، کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی «بارەگای کۆنترۆڵکەر» (المقر المسيطر) لە جرف ئەلنەسر کرایەوە، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی جێگۆڕکێی هێزەکان بە فەرماندەیی فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم حەمید، کە لە ڕووی کارگێڕی و ئۆپەراسیۆنەوە بە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵییەوە بەستراوەتەوە.

​کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە ناو جرف ئەلنەسر

​لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو ناوچەکە، فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم حەمید، فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکەر، دەستپێکردنی جێگۆڕکێی یەکە و فەوجە ئەمنییەکانی لە جرف ئەلنەسر بە سەرپەرشتی پۆلیسی فیدراڵی و بەشداریی سوپا و حەشدی شەعبی ڕاگەیاند.

​لەلای خۆیەوە فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد کە پۆلیسی وزە بەرپرسیارێتی پاراستنی نزیکەی ٥ کیلۆمەتر لە ڕێڕەوی بۆریی نەوتیی ناو ناوچەکەی لە چوارچێوەی پلانی پاراستنی دامەزراوەکان و ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکان گرتووەتە ئەستۆ. هەروەها ڕایگەیاند کە کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێگای نێوان چوارڕیانی فازڵییە و کەربەلا بە ڕووی هاتوچۆی هاووڵاتییانی مەدەنیدا دەکرێتەوە (جگە لە بارهەڵگرەکان) و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی دەگرنە ئەستۆ. مەعن باسی لە کردنەوەی ڕێگا و پردی دیکەش کرد و پێشبینی کرد بەم نزیکانە دانیشتووانی جرف ئەلنەسر بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

​لە هەمان کۆنگرەدا، ئەبو عامر عیساوی، جێگری سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی، پابەندبوونی لیوا بەشداربووەکانی حەشدی بە بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا کرد.

​هەڵوێستی زەیدی و پاشخانی سیاسیی ڕێککەوتنەکە

​لە وتارێکدا کە لە ناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە ئاراستەی هێزە بڵاوپێکراوەکانی جرف ئەلنەسری کرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەو هەنگاوەی بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ و کۆکردنەوەی چەک و بڕیاری ئەمنی لە دەستی دەوڵەتدا وەسف کرد. ناوبراو جەختی کردەوە کە پرۆسەکە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ناو ناوچەکە نییە، بەڵکو ئاراستەی حکومەت لەسەر بنەمای «لەخۆگرتنە نەک پەراوێزخستن» و یەکخستنی هێزەکان لەژێر یەک فەرماندەیی و بەپێی یاسا و دەستوور.

​چوونەژوورەوەی هێزە هاوبەشەکان بۆ جرف ئەلسەخر جووڵەیەکی ئەمنیی دابڕاو نەبوو لە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان، بەڵکو پێشتر جووڵە و پەیوەندیی چڕ لەگەڵ سەرکردەی گرووپەکان ئەنجام درابوو بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی چەکداری لەنێو ماڵی شیعەدا و خۆلادان لە سەپاندنی کشانەوە بە زەبری هێز بەسەر کەتیبەکانی حزبوڵڵادا.

​لە ١٧ی تشرینی دووەمدا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەیدی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و کەتیبەکانی حزبوڵڵا کۆبووەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان. بەپێی سەرچاوەکان، پێشنیارەکان گواستنەوەی چەند لیوایەکی کەتیبەکانی بۆ سەر سنووری سووریا و جێگرتنەوەیان بە سێ لیوای حەشدی شەعبی لەگەڵ بەشدارپێکردنی پۆلیسی فیدراڵی لە پاراستنی جرف ئەلنەسر لەخۆگرتبوو، هەرچەندە تا ئێستا پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی بۆ پەسەندکردنی ئەم وردەکارییانە بڵاونەکراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بێ ئەنجام بووەو یەکێتی دوو داواکاری ھەیە
کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات
یانه‌ی هه‌ولێر: له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یاریگای دهۆك هێرشی دڕندانه‌مان كرایه‌ سه‌ر
زەیدی بانکی تی بی ئای ڕاسپارد 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بفرۆشێت
مه‌سعود بارزانی و فالح فه‌یاز: كێشه‌كانی نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەی دەستور قابیلی چارەسەرن
عراقچی: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ده‌كرێت له‌باره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك
ترەمپ: ئێستا رووبەڕووی سەرکردەی سێیەم بوینەتەوە و دوای ئەو کۆتایی ریژێمە
"ماسکیزم"، چۆن ئیلۆن ماسک بوو بەهێمای سەردەمی ئێمە؟
وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌زیری وزه‌ی توركیا تاوتوێی پشكی توركیا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
هەولێر: لە 10 مانگدا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لەدایکبوونە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×