فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا (مەهەپە)، رۆژی شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکدا لە ناوچەی ئوسکوداری شاری ئیستەنبوڵ، وردەکاری و مەرجەکانی یاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر" خستە ڕوو و رایگەیاند کە دوو هەزار و 800 سزادراو و راگیراوی پەکەکە و کەجەکە دەتوانن لێی سوودمەند بن.
ئاوێنە: بە وتەی جێگری سەرۆکی مەهەپە، لە ئێستادا کۆی گشتیی سزادراوان و راگیراوانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە زیندانەکانی تورکیادا چوار هەزار و 897 کەسن و یاسا نوێیەکە تەنیا دوو هەزار و 800 کەس لەو ژمارەیە دەگرێتەوە.
کێ لە یاساکە بێبەش دەبێت و میکانیزمی جێبەجێکردن چۆنە؟
سەبارەت بەو کەسانەی یاساکە نایانگرێتەوە، یڵدز روونی کردەوە، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە تاوانی کوشتن، تەقەکردن لە سەربازان، یان دانانەوەی بۆمب بۆ هاووڵاتییان، هەروەها ئەوانەی بە سزای زیندانیی هەتاهەتایی دادگایی دەکرێن، ناتوانن سوود لەم یاسایە وەربگرن. ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ بێبەشکردنی ئەم توێژە لە یاساکە، تەنیا بوونی لێکۆڵینەوە یان پرۆسەی دادگاییکردن بەسە و پێویست بە دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگا ناکات.
بۆ ئەو کەسانەشی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، جێگری سەرۆکی مەهەپە ئاشکرای کرد، ئەگەر سزای تاوانەکەیان تا 15 ساڵ بێت، ئەوا سزا، لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنەکەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوادەخرێت؛ بەڵام ئەگەر سزاکە لە 15 ساڵ زیاتر بێت، دواخستنەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبێت. یڵدز جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسە سوودمەندبووەکە هەر تاوانێکی دیکە ئەنجام بداتەوە، ئەوا لێکۆڵینەوە و جێبەجێکردنی سزاکەی لەو خاڵەوە دەست پێ دەکاتەوە کە لێی وەستابوو.
مەرجە سەرەکییەکان بۆ کەوتنەکاری یاساکە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەتی یڵدز ئاماژەی بە کاتی جێبەجێکردنی یاساکە کرد و رایگەیاند، هەرچەندە یاساکە لە مانگی ئابدا پەسەند کراوە، بەڵام چوونە بواری جێبەجێکردنی بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنان بە بوونی کردەیی پەکەکە، کەجەکە و سەرجەم پێکهاتەکانی سەر بەوان، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان و رادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان بە هێزە ئەمنییەکان.
بە گوتەی یڵدز، پڕۆسەی کەوتنەکاری یاساکە بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت: سەرەتا دەستەیەکی تایبەت رادەستکردنی چەکەکان پشتڕاست دەکاتەوە، دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی راپۆرتی کۆتاییهاتنی بوونی کردەیی رێکخراوەکە بە بڕیارێک پەسەند دەکات و دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بڕیارە لە رۆژنامەی فەرمیدا، یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پاشخانی پڕۆسەی نوێی ئاشتی و هەنگاوە یاساییەکان
پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێ کرد. دواتر لە 27ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای لە رێکخراوەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، پەکەکە لە کۆنگرەی 12یەمی خۆیدا کە لە 5 تا 7ی ئایاری 2025 بەڕێوە چوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا و لە 12ی هەمان مانگدا بە فەرمی رایگەیاند، پاشان لە مانگی تەمووزی 2025 یەکەم هەنگاوی هێمایی بۆ چەکدانان نا.
لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکانی ئەم پڕۆسەیەشدا، پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابی 2026 یاسای 12 بڕگەیی "بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" (یاسای ژمارە 7595)ـی پەسەند کرد و لە 18ی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە.