2025-04-15   1091     
دوای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر لە دوو هەفتەی داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، هەڵیدەوەشێننەوە. لایخۆیەوە جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "بەگوێرەی یاسا، نەوەی نوێ ناتوانێت ئەو کارە بکات".
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان لە دوو هەفتەی داهاتوودا کۆنەبێتەوە، ئێمە هەڵیدەوەشێنینەوە".
لەوبارەیەوە هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ بە میدیای پارتی وت "ئێستا نە نەوەی نوێ و نە هیچ لایەنێک ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، چونکە سوێندخواردن کراوە و ئێستا بە فەرمی پەرلەمان هەیە، تەنیا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە".
ناوبراو رونیشیکردەوە "لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی کۆبوونەوەی دیاریکرد. ئەگەر کۆبوونەوەکە نەکرایە لەو رۆژەی دیاریکرا، دوای 45 رۆژ پەرلەمان هەڵدەوەشایەوە، بەڵام کۆبوونەوە کرا و دەرچووان سوێندی یاساییان خوارد و بوونە پەرلەمانتار".