ڤیدیۆ..لە ئیتالیا رەگەزنامەی فەخری بەخشرایە ئۆجەلان
  2025-04-14       915       

ئەمڕۆ دوشەممە، لە شاری بۆلۆنیای ئیتالیا لە رێوڕەسمێكدا رەگەزنامەی فەخری كە بە عەبدوڵا ئۆجەلان بەخشرابو، رادەستی عومەر ئۆجەلانی برازای كرا.

ئاوێنە: رەگەزنامەی فەخری وڵاتی ئیتالیا، رۆژی 17ی ئازاری ئەمشاڵ لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی بۆلۆنیاوە بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بەخشرابو، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رێوڕەسمێكدا رەگەزنامەكە رادەستی عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی كرا.

بەگوێرە ئاژانسی میزۆپۆتامیا، رێوڕەسمەكە لە کۆشکی ئاکورسیۆی هەرێمی ئیمیلیا_ڕۆمانیا بەڕێوەچو. جێگری سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی بۆلۆنیا و چەندین بەرپرسی ئیتاڵی و ڕێکخراوە کوردییەکان بەشدار بون لە رێوڕەسمەكەدا.

ڤیدیۆی رێوڕەسمەكە لێرەوە ببینە

بە ناوی ئەنجوومەنی شارەکەوە، ماریا کاترینا مانسا قسەی کرد و کورتەیەکی لە ژیانی ئۆجەلان باسکرد، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەری ملیۆنان کەس لە گۆشەگیریدایە.

مانسا ڕایگەیاند بەخشینی ڕەگەزنامەی فەخری بە ئۆجەلان، رەمزی نییە، بەڵکو خاوەندارییە لە بانگەوازە مێژووییەکەی نابراو. وتیشی: "ئاشتی تەنیا گرێدراوی شەڕ نییە، بەڵکو گرێدراوی دادپەروەری و ئازادیی هەموانیشە".

پاشان عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، دەبێت ئیتاڵیا پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە تورکیا بکات، دەبێت ئیتاڵیا و ئەوروپا پشتگیری لە تێکۆشانی گەلی کورد بکەن، وتی: "بۆیە پێویستمان بە ئاشتییە، بۆیە داوا لە ئیتاڵیا و کۆمەڵگەی ئەوروپا دەکەین، پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن".

پاشان "ڕەگەزنامەی فەخری" بۆ ئۆجەلان، ڕادەستی عومەر ئۆجەلان کرا.

لەسەر پێشنیاری جێگری سەرۆکی شارەوانی بۆلۆنیا ئیمیلی کلانسی و سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی مەدەنی دیتیۆن بیگاج، ئەنجومەنی شاری بۆلۆنیا لە 27ی ئاداردا بڕیاریدا "ڕەگەزنامەی فەخری" ببەخشێتە عەبدوڵا ئۆجەلان.

تا ئێستە لە ئیتاڵیا زیاتر لە 20 شارەوانی ڕەگەزنامەی فەخرییان بەخشیوەتە عەبدڵا ئۆجەلان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×