سى پى تى: سوپای تورکیا سنوورى ئامێدی تۆپبارانکرد
  2025-04-15       147       

سوپای تورکیا چەند جارێک تۆپبارانى گوندەکانى سنوورى ئامێدی کرد، زیانى بە ناوچەکە گەیاندووە و ترسى لە دڵى هاونیشتمانییان دروستکردووە.

ئاوێنە: کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکى رایگەیاند، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، چوارجار تۆپبارانی "گەلی مێوین"یان لەنێوان گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە چیای مەتینا لە سنوورى ئامێدی کرد.

کامەران عوسمان، ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ کەسێکى سڤیل بەهۆى تۆپبارانی سوپاى تورکیاوە نەبووەتە قوربانی.

رۆژى 13ـی نیسانى 2025، سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر بۆردوومانى چیای مەتیناى لە سنوورى گوندەکانى گوهەرزێ و بەلاڤەى ئامێدى کرد و زیان بەر ماڵى هاونیشتمانییەک کەوت.

بەگوێرەى ئامارەکانى رێکخراوى سى پى تى، لە سنوورى ئامێدى 306 گوند هەن، بەڵام بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە 206 گوندیان چۆڵکراون.

رێکخراوەکە دەشڵێت، "سوپاى تورکیا 71 بارەگاى لە هەرێمى کوردستان هەیە و تەنیا لەساڵى 2024دا نۆ هاونیشتمانی بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×