دوو شه‌ممه‌, 21 ی نیسان , 2025
عێراق دەرماڵەی مامۆستایانی دوو هێندە زیادکرد
  2025-04-15       779       

پەرلەمانی عێراق پاکێجێکی یاسایی لە بەرژەوەندیی مامۆستا و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە پەسەندکرد و دەرماڵەی مامۆستایانی بۆ دوو هێندە زیادكرد.

ئاوێنە: مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە وتویەتی "بڕیاردرا بەزیادکردنی دەرماڵەی پیشەیی مامۆستایان لە ١٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٣٠٠ هەزار دینار لە مانگێکدا".

مەشهەدانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیار دراوە لەسەر ئەوەی خزمەتی مامۆستایان لە ناوچە گوندنشینەکان و دوورە دەستەكان بۆ مەبەستی خانەنشینی دوو هێندە هەژمار بكرێت.

سەرۆکی پەرلەمان ئاشكراشیكردووە "بەپێی بڕیارەكە، مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەستی ساڵی ٢٠٢٠ دەکرێنە هەمیشەیی، هاوکات سەرجەم شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢٤ خەرجدەکرێت".

ناوبراو وتوشیەتی "سەرجەم کارمەندانی پەروەردەیی مافی وەرگرتنی پارچە زەوی نیشتەجێبوویان دەبێت، هاوشێوەی ئەو فەرمانبەرانەی كە یەکەی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە مامۆستایانی عێراق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی پیشەیی و خێزان و منداڵ دەكەن.

جێی ئاماژەشە، دوێنێ‌ دوو شەممە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و جگە لە پەسەندكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، چەند پڕۆژە بڕیار و یاسایەك پەسەندكران، كە لەنێویاندا پڕۆژەیەكی تایبەت بەمامۆستایان بوو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×