وەفدی ئیمراڵی ناوەڕۆكی دیدارەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ئۆجەلان ئاشكرادەكەن
  2025-04-21       765       

پەروین بوڵدان، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی رایگەیاند، لە دیداری ئەمڕۆیاندا لە ئیمراڵی، عەبدوڵا ئۆجەلان جەختی كردۆتەوە كە هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیەو نامەیەكیشی لەڕێگەی ئەوانەوە بۆ سری سورەیا ئۆندەر ناردوەو هیوای زو چاكبونەوەی بۆ خواستوە.

ئاوێنە: پەروین بوڵدان، ئەندامی وەفدی دەم پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی كە سری سورەیا ئۆندەر چارەسەری لێوەردەگرێت، رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان، سەردانی دورگەی ئیمراڵیمان كردو بۆ ماوەی دو سەعات و نیو لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوینەوە.

ئەوەشی خستەڕو، دیدارەكە زۆر بەرهەمداربو، یەكەم بابەت كە باسمان كرد تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر بو.

پەروین بوڵدان وتیشی، ئۆجەلان لەنزیكەوە چاودێری پڕۆسەی ئاشتی دەكات، گوێ لە سەرجەم هەواڵەكانی پەیوەست بە تەندروستی ئۆندەر دەگرێت و هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیەو بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكانی.

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، نامەیەكی لەڕێگەی ئێمەوە بۆ سری سورەیا ئۆندەر ناردوە.

ئەو ئەندامەی وەفدی ئیمراڵی لە كۆنگرەكەدا نامەكەی ئۆجەلانی بۆ ئۆندەر خوێندەوە كە تێیدا هیوای زو چاكبونەوەی بۆ ئۆندەر خواستوە.

ئۆجەلان لە نامەكەیدا وتویەتی، ئەبینم هەموان سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكەن كە ئۆندەری لێیە، پشتیوانی بۆ ئۆندەر ئەوەیە كە هەوڵەكانی لەپێناو ئاشتی جێبەجێ بكرێن.

 

دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ  سری سورەیا ئۆندەر:

"بۆ سری سورەیا ئۆندەر

هیوای چاکبوونەوە بۆ سری دەخوازم لە نەخۆشییەکەی. هیوای باشبوون و سەلامەتی بۆ خێزان و دۆست و خۆشەویستانی دەخوازم. ١٢ ساڵە لەگەڵ سری سورەیا ئۆندەر کاردەکەین. گرنگی ئەو ئەمەیە: خەڵکی سەمسوورە، بە ڕەچەڵەک تورکمانە، نوێنەرایەتی نەریتی بابا ئیسحاق دەکات. هەمیشە هەوڵی مەزنی بۆ ئاشتی هەبووە. لە کەسێتی خۆیدا، پێشداوەرییە خراپەکانی نێو کۆمەڵگەی شکاند. پێشداوەرییەکانی لە پەرلەمان شکاند. پێشداوەرییەکانی لە شەقامەکان شکاند.

 ئەوەی لە کەسێتی ئەودا بەرجەستە و زیندوو بووەتەوە، ئێمە پێی دەڵێین جینات و کەلتووری ئەنادۆڵ. ئەوەی ئێمە لەبارەیەوە دەدوێین، زیندووکردنەوەی ئاشتی و جیناتی ئەنادۆڵ و نەریتی تورکمانەکانە. ئۆندەر کەسێتیییەکی وەهایە و ئەمە جەوهەری ڕاستەقینەی تورکمانێتییە: ناسنامەی هەرە باشی ئاشتی و کەلتوورە. وەستانەوەیە دژی زیهنیەتی "پێداگرم لەسەر دوژمنایەتی و سیاسەتکردن لەسەر ئەم شێوازە".

کەلتووری ئۆندەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشهاتە نەرێنییەکان زۆر گرنگە. دەتوانێت ئەو نەرێنیانەی کە سەرهەڵدەدەن بگۆڕێت بۆ ئەرێنی بەبێ ئەوەی قووڵیان بکاتەوە. دەبینم هەمووان دەچنە ئەو نەخۆشخانەیەی کە ئۆندەری لێیە و بەڵێنی خۆیان بۆ دڵسۆزبوون بەرامبەر یادی وی ئاشکرا دەکەن. ئەم پەیوەستبوونەش پێویستی بە جێبەجێکردنی هەوڵەکانی ئەوە لەپێناو ئاشتی. دیسانەوە هیوای باشبوون و چاکبوونەوە بۆ خۆی و خێزانەکەی و خۆشەویستانی دەخوازم. بەهیوام بەزووترین کات تەندرووستی باشتر ببێت و بە جۆش و هێزەوە بگەڕێتەوە نێومان".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×