مەلا بەختیار دەربارەی چارەنووسی ئێران: یان ڕێککەوتن یان تێکەوتن
  2025-04-20       339       

مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت کە لەمەودوا کلتوری ئاشتەوایی دەبێتە دوورنمای سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئێرانیش یان بەرەوە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەچێت، یان تێکەوتن.

ئاوێنە: مەلا بەختیار لە کۆڕێکیدا لە هۆڵەندا باسی لە دۆخی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ڕایگەیاند،  لەمەودوا، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. لەبری کەلتوری جەنگ و جەنگین، ئیتر کلتوری ئاشتەوایی دەبێتە دوورنمای سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتان.

سەبارەت بە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند لەم گۆڕانکارییانەی بەڕێوەیە، زۆر زۆر گرنگە دانوستاندنی ئاجەلان ـ مەزڵوم عەبدی، بەڕێکەوتنێکی سیاسی و دابینکردنی بەشێکی مافی کوردستان، بگاتە ئەنجام و ئامانج.

لەسەر ڕۆژئاوا، وتی: “زۆر گرنگ و کاریگەرە پەیەدە و ئەنەکەسە، ڕێککەوتنی سیاسی بکەن. تەنها ڕێککەوتنیان دەستەبەری مافەکانیانە. ڕێکیش نەکەوون. مەترسی هەیە دیمەشق- ئەحمەد شەرع، ناکۆکییەکانیان بقۆزێتەوە و مەترسی چاوەڕواننەکراویش، ڕووبدات”.

سەبارەت بەئێرانیش مەلا بەختیار وتی: دوای بەرکەنارکەوتنی سەربازی حەماس و حیزبوڵای لوبنانی و ڕوخاندنی بەشار ئەسەد، ئێران ساکاوە و بەقوڵی ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی نوێ بۆتەوەو خەریکە ستراتیژێکی تازە بۆ کۆی کێشەکان گەڵاڵە دەکات. ئەوەشی خستەڕوو کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، سەرەتای جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە گۆڕدراوەی ئێرانە، کە چیکە، ئێران، ئێرانی پێش ٧ی ئۆکتۆبەر نامێنێ.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە گۆڕانکاری لەسەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دێتەدی.

وتیشی: “بە کورتییەکەی، ئێران یان ڕێککەوتن، یان تێکەوتن”. باوەڕیشی وابوو، کە ئێران دژوارە، وڵاتەکە دووچاری شەڕی نەخوازراو بکات، بەڵکو ڕێککەوتنیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پێ باشترە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×