دەم پارتی رایگەیاند، بەهۆی دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەرەوە، هاوسەرۆكانی فراكسیۆنەكەیان لەگەڵ وەزیری دادی توركیا كۆدەبنەوە.
ئاوێنە: پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پەیوەست بە دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی کە لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل چارەسەر وەردەگرێت، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەم پارتی وتوشیەتی، چارەسەرکردنی ئوندەر لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە بەردەوامە. پارتەکەمان لەگەڵ هەمو لیژنەکان، بە هیوایەکی مەزنەوە لە نەخۆشخانەن و لەو باوەڕداین کە دۆخی هەڤاڵمان سری سورەیا ئوندەر لە ماوەیەکی کورتدا باش دەبێت.
دەم پارتی رەتیشیكردۆتەوە كە لە شوێنی سری سورەیا ئۆندەر كەسێكی دیكە كرابێتە ئەندامی وەفدی ئیمراڵی پارتەكەیان و وتویەتی، ئەو بانگەشەیە دورە لە راستییەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەبەر دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئوندەر و کاروباری زۆری پەروین بوڵدان لە نەخۆشخانە، هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی پارتەکەمان لەگەڵ وەزیری داد کۆدەبنەوە.