عومەر گوڵپی، كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، كرێی كارەبای خێزانێك لە هەولێر بۆ مانگی سێ كە پێنج ئەمپێریان بەكارهێناوە، 148 هەزارو 500 دینار بوە.
ئاوێنە: عومەر گوڵپی، ئەمڕۆ شەممە، لە بەدواداچونێكدا ئاماژەی بەوەداوە، تازەترین پسوڵەی کارەبای پڕۆژەی ڕوناکی خێزانێکی پێنج کەسی هەولێرم سەیرکرد، کە بۆ مانگی سێ بڕی 148 هەزارو 500 دیناریان بۆ هاتوەتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، خێزانەکە سپلیتیان نییەو زۆر بەباشی و بەبێ زیادەڕەوی كارەبایان بەکاریهێناوە بۆیە تەنیا 1100 کیلۆ واتییان خەرج کردوە، مانگەکەش نە زۆر ساردەو نە زۆر گەرم.
ئاماژەی بەوەشداوە، کیلۆواتێک بە 135 دینار ئەژمار کراوەو بە ئەمپێر کارەبای ئەو ماڵە دەکاتە نزیکەی 5 ئەمپێر، واتە بۆ هەر ئەمپێرێک نزیکەی 30 هەزار دینار وەرگیراوە.
عومەر گوڵپی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەپێی نرخی کارەبای حکومی کە ئێستا لە شارو شارۆچکەکان وەردەگیرێت، بەکارهێنانی ئەم خێزانە (1100 کیلۆوات) تەنیا دەکاتە (23600) دینار، واتە نزیکەی هەشت هێندە کارەبا لەسەر هاوڵاتی گران کراوە!
لەكۆتاییشدا وتویەتی، "ئەمە بە کرێچیکردن نەبێت ناوی چییە؟"