هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە رایگەیاند، بەگومانەوە لە دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەمپارتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەڕوانن بەهۆی ئەوەی رۆڵی ستراتیژی و كاریگەری لە پرۆسەی چارەسەری پرسی كورددا گێڕاو داوا دەكەن لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بكرێت. دەشڵێت، لە دیدارەكاندا عەبدوڵا ئۆجەلان سەرنجی خستبوە سەر ئەگەری ڕودانی دۆخی لەم شێوەیە.
ئاوێنە: هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سری سورەیا ئۆندەر، دوای کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری داددا کەوتە دۆخێکی لەم شێوەیەوە، بۆیە ئەوانەی لە تورکیا لایەنگری دیموکراتیبون و چارەسەری پرسی کوردن، پێویستە زۆر باشتر لە ماناداری و سەنگینی کارەکانی سری سورەیا ئۆندەر تێبگەن و بۆ بەرەوپشێچونی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتی بوێرانەتر کاربکەن و هەوڵبدەن.
كەجەكە وتوشیەتی، گەر ڕۆڵی سری سورەیا ئۆندەر لە پرۆسەی سیاسیدا لەبەرچاوبگیرێت، ئەوکاتە دەبێت مرۆڤ بە گومانەوە لەم دۆخە بڕوانێت. بەو پێیەی دەزانرێت کە هێزی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دژایەتی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیبون دەکەن، سری سورەیا ئۆندەر چالاکانە بەشداری ئەم پرۆسەیە بوە. دەمانەوێت ئەم نیگەرانیانەی خۆمان ئاشکرا بکەین و داوا لە هەمو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ڕونکردنەوەی ئەم دۆخە لە هەوڵدانی پێویستدا بن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، هەرخۆی ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکاندا بە گرنگییەوە سەرنجی خستوەبوەسەر ئەگەری ڕودانی دۆخی لەم شێوەیەو داوای لە هەمو کەسێک گرد ڕێوشوێن بگرنەبەر و ئاگاداربن. بەم هۆکارە ئەمە ڕوداوێکە دەبێت لێکۆڵینەوەی لێبکرێت و ڕونبکرێتەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
جێگری سەرۆک پەڕلەمان لە پشکی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و نەشتەرگەرییەکی ١٢ کاتژمێری بۆ ئەنجام درا. بە داخەوە دکتۆرەکان گوتیان، هیشتا مەترسییەکان لەسەر ژیانی بەردەوامە. بە غەمگینییەوە ئەم هەواڵەمان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیست و هەوڵمان دا دۆخی ڕاستەقینەی بزانین. پێش هەمو شتێک هیوای زو چاکبونەوەی بۆ دەخوازین و هیوای خۆڕاگری بۆ دەخوازین. جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە کە مرۆڤێکی سەنگین کەوتوەتە دۆخێکی لەم شێوەیەوە، کە بە تێکۆشانی سۆسیالیزمی و دیموکراسی، بە کارە هونەرییەکانی بوە موڵکی گەل. هیوا و خواستمانە بە زوترین کات ئەم دۆخە تێپەڕێنێت و درێژە بە کارە تەواونەکراوەکانی و بە تایبەت کارەکانی لە پێناو ئاشتی و دیموکراسی بدات. ڕایدەگەینین خواست، هیوا و چاوەڕوانییەکەی لەم شێوەیەمان هەیە.
لە کاتێکدا کە چارەسەری سیاسی دیموکراتی پرسی کورد بوە بە رۆژەڤی تورکیا و هەنگاوی گرنگ بەرەو دیالۆگ دەنرێت، کەوتنە دۆخێکی لەم شێوەیەی سری سورەیا ئۆندەر، کە لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی ستراتیژی تێدا گێڕا، زۆر کاریگەر دەبێت. لەبەرئەوەی سری سورەیا ئۆندەر کاری گرنگی بەڕێوەبرد و بۆ پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و گەیشتنی بەم ئاستە ڕۆڵێکی مەزنی گێڕا. لەسەر ئەم بنەمایە دوای کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری داددا کەوتە دۆخێکی لەم شێوەیەوە. بۆیە ئەوانەی لە تورکیا لایەنگری دیموکراتیبون و چارەسەری پرسی کوردن، پێویستە زۆر باشتر لە ماناداری و سەنگینی کارەکانی سری سورەیا ئۆندەر تێبگەن و بۆ بەرەوپشێچونی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتی بوێرانەتر کاربکەن و هەوڵبدەن.
وەک ئەوەی دکتۆرانی نەشتەرگەرییەکە باسیان کردوە، بەگشتی ئەوەی دەزانرێت دۆخی ئێستای دۆخێکی ئاسایی نییە، لە دۆخێکی سەختدایە. گەر ڕۆڵی سری سورەیا ئۆندەر لە پرۆسەی سیاسیدا لەبەرچاوبگیرێت، ئەوکاتە دەبێت مرۆڤ بە گومانەوە لەم دۆخە بڕوانێت. بەو پێیەی دەزانرێت کە هێزی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دژایەتی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیبون دەکەن، سری سورەیا ئۆندەر چالاکانە بەشداری ئەم پرۆسەیە بوە. دەمانەوێت ئەم نیگەرانیانەی خۆمان ئاشکرا بکەین و داوا لە هەمو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ڕونکردنەوەی ئەم دۆخە لە هەوڵدانی پێویستدا بن. هەرخۆی ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکاندا بە گرنگییەوە سەرنجی خستوەبوەسەر ئەگەری ڕودانی دۆخی لەم شێوەیەو داوای لە هەمو کەسێک گرد ڕێوشوێن بگرنەبەر و ئاگاداربن. بەم هۆکارە ئەمە ڕوداوێکە دەبێت لێکۆڵینەوەی لێبکرێت و ڕونبکرێتەوە.
بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی کە بە بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی'ی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردوە و بە کار و هەوڵە مەزنەکانی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر بەرەوپێشەوەچوە، لە ئێستا و دواتریشدا درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین. هەم لەبەر ئەو باوەڕدارییەی بە ڕێبەر ئاپۆ و پرۆسەکەمان هەیە، هەم لەبەر ئەو رێز و حورمەتەی دەیدەینە دۆست و هاوڕێی دۆزی گەلەکەمان، بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر هەوڵدانەکانمان زیاتر دەکەین و درێژەی پێدەدەین. جارێکی دیکە هیوای خێرا چاکبونەوەی بۆ دەخوازین و دەڵێین، دڵمان لەگەڵ دڵە سەنگینەکەیدا لێ دەدات.