عەلی حەمەساڵح: میدیای حزبی هەرگیز باسی سەرمایەی نێچیرڤان، بافڵ، مەسرور و قوباد ناكات
  2025-04-18       497       

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە میدیای ئێستا كە زۆرینەیان حزبین، هەرگیز باسی سەرمایەی نێچیرڤان، بافڵ، مەسرور و قوبادو پاڵاوگەو فرۆشتنی کارەباو تاڵانی 205 ملیۆن مەتر زەوی و کاروانی ئۆتۆمبیل  ناکات، ئەركی ئەو میدیایانە "لەبیربردنەوەی ئەمانەیە."

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ هەینی، لە نوسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لەژێر ناونیشانی "ئەرکی میدیای حیزبی و داپۆشینی زوڵم و تاڵانی" نوسیویەتی "ئەرکی میدیا (زۆرێک حیزبی)، ئێستا تەواو پێچەوانە بوەتەوە. ئامانجیان شاردنەوەی ڕاستی، گەورەکردنی بابەتی بچوکی کەسی، شاردنەوەی بابەتە گرنگ و کاریگەرەکانە."

ئەوەشی خسۆتەڕو"میدیا؛ ئامادەنین بچنە بازگەکانی سلێمانی و لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی ڕۆژانە ئەو دو ملیۆن دۆلارەی بەسەرانە وەردەگیرێت بۆ کێیە. سیاسیەکان چۆن قاچاخی کاهو و پەتاتەو مریشک دەکەن. مایک ڕادەگرن بۆ هیچ!"

ئاماژەی بەوەشداوە، میدیا "ئامادەنییە؛ لێکۆڵینەوە بکات لەوەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە چۆن دەدرێتە سێ کۆمپانیاو داهاتی سفرە بۆ حکومەت! ئامادەنییە باسی قاچاخی بازگەکان و تاڵانی زەوی بکات. بۆ داپۆشینی ئەمانە، گرفتێکی بچوکی کۆمەڵایەتی گەورە دەکات. نمایشی ساختەو لێدوانی ناڕاستی سیاسییەکان گەورە دەکات، فو دەکات بەو پرۆژانەی لەسەر تاڵانی زەوی دروستبون. باسی ڕۆڵی ئیدارەی گشتی یەکێتی و کۆمپانیاکانی نۆرس لایت و ستێر...ناکات! باسی چیرۆکی ئەو گەنجە سەرکەوتوە 23 ساڵە ناکات، چۆن ئێستا سەرپەرشتی قاچاخی جگەرە دەکات!"

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی، میدیا "هەرگیز باسی سەرمایەی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و کەسوکارو کۆمپانیاو زانکۆو میدیاو پاڵاوگەو فرۆشتنی کارەباو تاڵانی 205 ملیۆن مەتر زەوی و کاروانی ئۆتۆمبێل  ناکات، ئەرکی ئەو لەبیربردنەوەی ئەمانەیە."

ئەوەشی وتوە"ئەرکی ئەو داپۆشینی چیرۆکی ئەو منداڵانەیە کە خاوەنی ملیاران دۆلارو زەوی و پاڵاوگەو میدیاو بانک و پرۆژەو پاڤیلۆن و ئەربیل هێڵس و دەریاچەی دەستکردو هەمو شتن!"

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×