سوپای تورکیا بە فڕۆکە، بڵاوکراوە بەسەر هەرێمدا بڵاودەکاتەوە
  2025-04-18       4058       

سوپای تورکیا بە فڕۆکە، بڵاوکراوە بەسەر چیای ئاسۆسدا بڵاودەکاتەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی گەریلا دەکات.

ئاوێنە: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بە درێژایی چیای ئاسۆس و لە دەووروبەری گوندەکانی “گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەروون” لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی چەندین بڵاوکراوەی بە شێوەزاری کرمانجی لە ئاسمانەوە فڕێداونەتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی گەریلاکانی پارتی_کرێکارانی_کوردستان دەکات.

ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەیە بە شێوەزاری سۆرانی:

‎*عەبدوڵڵا ئۆجالان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەی و چەکدانانی کرد، بەدەم بانگەوازەکەیەوە وەرن!

* سەیرکە هەڤاڵەکانت کە خۆیان تەسلیم کردووە چی دەڵێن:

“من دەلالم، دەستم لە تۆ بەردا، تەسلیم بووم، دەوڵەت منی پاراست. هەموو تەلەفزیۆنەکان دەڵێن کە عەبدوڵا ئۆجالان بە پەکەکە دەڵێت پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. من لێرە تێگەیشتم. لە ئەشکەوت وەرنە دەرەوە. ئێمە چاوەڕوانتانین.”

“من جیهادم، پێیان نەدەگوتین کە سەربازە تورکەکان ئەوەندە باشن. من ئاسوودەم، خواردنی گەرمیان پێم دا. زۆر باش ئاگادارمان بوون. دوای چەندین ساڵ، ڕێگەیان دا چاوم بە خێزانەکەم بکەوێت.”

“من دەڤریم سەرحەدم، بارودۆخم ئێستا زۆر باشە. قاچم تەداوی دەکرێت. ئێوەش تەسلیم بن و بەرەو ژیانی ئازاد وەرن.”

“من شەڤگەرم، لە پیردۆگان بووم. تەسلیم بووم. هەموو خواستێکی منیان بەجێگەیاند.”

*وەرن! ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن! خۆت بە لێبووردەیی دەوڵەت بسپێرە. باوەڕمان پێبکە! مافی تۆیە وەک مرۆڤ بژی. لە ئەشکەوت وەرە دەرەوە!

*قوماشێک بەرز بکەوە، ئێمە ڕێبەرایەتیت دەکەین. 

*بەر لەوەی زۆر درەنگ بێت، هەڵبژێرە کە لەگەڵ ئەزیزەکانت لە ئاشتیدا بژی.

تێبینی: وێنەی هاوپێچ، یەکێکە لە بڵاوکراوەکان کە لەگوندی گەڵاڵە کەوتۆتە خوارەوە و دەست گوندنشینان کەوتووە.

کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×