بەرپرسێکى پێشمەرگە وتی، یەكخستنەوەی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و مانگی ئاب و ئەیلوولی ئەمساڵ، یەكەی 70 و 80ـی پێشمەرگە بەتەواوی دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێرو مەخموری هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهاوكاریی هاوپەیمانان و دووپاتكردنەوەی وڵاتان، وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی یەكخستنەوەی هێزەكانیەتی، لە پێكهێنانی فیرقەكانی بەردەوامە و چاوەڕێ دەكرێت پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 ش پێش كۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بێت.
هاوکات بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستا چوار فیرقە دروستكراون و هەموو پێداویستییەكانیان تەواو كراوە و وەزارەتەكە سەرقاڵی پێكهێنانی دوو فیرقەی دیکەیە كە بڕیارە بەمزووانە ئەوانیش كارەكانیان كۆتایی پێ بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی چەندین ساڵە پارتی و یەکێتی دەڵێن، هێزەکانى پێشمەرگە یەکدەخەنەوە و هێزی حزبی ناهێڵن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووە هەموو هێزەکان یەک بخەنەوە.