ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لە پێكهاتەی سوننە دوای 12 ساڵ زیندانیكردن بە تۆمەتی كوشتنی سەربازێك، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئازادكرا.
ئاوێنە: خالید عەبدوڵا عەلوانی، سەركردە لە هاوپەیمانی "قیمەم"ی سوننەكان، هەواڵەكەی پشتڕاستكردۆتەوەو لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشو دوای چەندین ساڵ زیندانیكردن، ئازادكرا.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئازادكردنی ئەحمەد عەلوانی هەنگاوێكی گرنگە لەسەر رێگەی ئاشتەوایی نیشتمانی و پتەوكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی.
ئەحمەد عەلوانی، كە لەسەر لیستی عێراقییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بو، لە ساڵی 2013، كاتێك كە سەركردایەتی خۆپیشاندانەكانی ئەنباری دەكرد دژبە حكومەتەكەی نوری مالیكی، هێزێكی سەربازی هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی لە رومادی. پاسەوانەكانی روبەڕوی هێزەكە بونەوەو لە ئەنجامدا سەربازێكی عێراقی و پاسەوانێكی ناوبراو كوژران كە برای خۆی بو و پاشان ئەحمەد عەلوانی دەستگیركرا.
دواى دەستگیرکردنى، بە تاوانی کوشتنى ئەو سەربازە لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا، بەڵام دواتر سزاکەى کەمکرایەوە بۆ زیندانیكردن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كەسوكاری سەربازە كوژراوەكە سازشیان بۆ كردوەو بەوهۆیەوە یاسای لێبوردنی گشتی گرتویەتییەوەو ئازادكراوە.