ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردسات چەند نهێنییەکی گرنگ ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ لاهور جەنگیدا نییە چونکە لە "پشتەوە" خەنجەری لێداوە، ناوبراو هەر لەمیانی وتەکانیدا دەشڵێت "ئەگەر سەرۆك نەبوومایە حەزم بەکاری خێرخوازی بوو".
لەبارەی تەوتینەوە وتیشی "لە هەڵبژاردن دەموت تەوتین، بەڵام وەک ئەوە نییە کە خەڵک باسی دەکات. هەروەها لەناو هەژماری منیش چەند شتێکی تێدابوو بەدڵمان نەبوو داوای گۆڕانکاریمان کرد و پارتی ڕازیبوو".
بافڵ تاڵەبانی باسی لاڤەی خێزانی دەکات و دەڵێت "خەڵك بۆ پێی سەیرە من و لاڤە جیابووینەتەوە؟ خۆ لاڤە 20 ساڵە هاوڕێمە و حەز دەكەم 20 ساڵی تر هاوڕێم بێت و دایكی منداڵەكانمە و زۆر ئاساییە جیابوونەوە و لاڤە كەسێكی زۆر تایبەتە".
دیارترین وتەکانی بافڵ تاڵەبانی:
ـ ژیانی ئێرە زۆر خۆشترە وەك لە دەرەوەی وڵات و تەنانەت ئەم جەژنە وابزانم هەر خۆم لێرەبووم و ئەوانی تر هەموو گەشتیان كردبوو.
ـ گەر سەرۆکی یەکێتی نەبومایە لە کوردستان حەزم دەکر ڕێکخراوێکی خێرخوازی تایبەت بە منداڵانی بێ دایک و باوک دابنێم.
ـ هیچ كاتێك پەیوەندی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ناكەم و هیچ پەیوەندییەكم پێوەی نییە و كەسێكە باش نییە و لەدواوە خەنجەری لێدام.
ـ خەڵك بۆ پێی سەیرە من و لاڤە جیابووینەتەوە؟ خۆ لاڤە 20 ساڵە هاوڕێمە و حەز دەكەم 20 ساڵی تر هاوڕێم بێت و دایكی منداڵەكانمە و زۆر ئاساییە جیابوونەوە و لاڤە كەسێكی زۆر تایبەتە.
ـ هاندەری یانەی مانچستەر یونایتدم و كەس لەماڵی ئێمە ناتوانێت بڵێت ئەو یانەیە نییە و قوباد تاڵەبانی نزیکترین کەسمە لە دونیادا.
ـ وڵات پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە.
ـ پەیوەندیم لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان باشە و ئۆپۆزسيۆنێكی جدین و كەسانی بەڕێزن و تەداخولی خێر دەكەن.
ـ مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر سیاسەتی خۆیان هەیە.
ـ لەگەڵ کاک چیا و کاک دانا دانیشتووم.
ـ بەرەی گەل کورسییەک زیاتری لەوە بەدەستهێنا کە چاوەڕێم دەکرد.
ـ گۆڕان دۆخی کوردستانی تێکدا، وە قورسە گۆڕان ببێتەوە بە گۆڕانێکی بەهێز.
ـ نەبوونی کاک نەوشیروان و نەبوونی پرەنسیپ وایکردووە گۆڕان وای لێبێت.
ـ سەرکەوتوودەبم لەم ئەرکەم و لە ئایندەدا هاوڵاتیانی کوردستان زۆر خۆش دەژین.
ـ چەند جارێک لەگەڵ کاک مەسرور دانیشتوم و دڵم خۆشە بەو دانیشتنانە، چونکە دەزانم دەتوانین پێک بێین.
ـ سێ مانگ لەمەوبەر بە بەغدام وت؛ نرخی نەوت دادەبەزێت.
ـ گەر نەوت بێتە سەر 45 دۆلار بەغدا ناتوانێت مووچەی خۆشی بدات.
ـ لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی زۆرمان دا، ئەوان قسەیان بە خێزانم و مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد دەدا، بەڵام من وتم؛ نابێت باسی كاك مەسعود و مەلا مستەفا بكەن.
ـ وتم؛ دەیڕوخێنم، زابخودێ، مودیر عام، هەموویمان هێنایە دی، ئەوەتا بەبێ ئۆكەی یەكێتی ناتوان حكومەت پێكبهێنن و غروورمان شكاند.
ـ گەر یەکدەنگ نەبین ناتوانین هیچ شتێک بۆ میللەتەکەمان بکەین.
ـ لە هەڵبژاردن دەموت تەوتین، بەڵام وەکا ئەوە نییە کە خەڵک باسی دەکات.
ـ لەناو هەژماری من چەند شتێکی تێدابوو بەدڵمان نەبوو داوای گۆڕانکاریمان کرد و پارتی ڕازیبوو.
ـ گەر ڕێککەوتین هەژماری من دەکەین بەشتێکی بەسوود.
ـ بەرنامەی باشترمان بۆ یەکێتی هەیە و باشتری دەکەین.