وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم سەرقاڵی كاركردنە بۆ زیادكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و هاوتاكردنی لەگەڵ بەغدا.
ئاوێنە: ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری لە وەزرارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم بە میدیاکانی وت "سەبارەت بە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێشتر لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆمان كردووە و رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین".
بە وتەی ئەحمەد مام بێت، دوو لیژنەیان پێكهێناوە بۆئەوەی لەلایەنە سلبی و ئیجابییەكانی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ بەغدا بكۆڵێتەوە. هاوکات ناوبراو دەشڵێت "ئێستا لیژنەكان سەرقاڵی كارەكانیانن و دوای ئەوەش گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن".
پەیوەست بە مووچەی زیندانیانی سیاسیش بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری لە وەزرارەتی شەهیدان هێما بۆ ئەوە دەکات، کە پێشتر دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق سەردانی هەرێمیان كردووە و وەزارەتی دارایی بەغداش رەزامەندی دەربڕیوە بۆ هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغدا.
"ئێستا سەرقاڵی هاوتاكردنەكەن و هەركات كارەكان تەواوكران ئەوكات مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم هاوتای زیندانیانی سیاسی عێراق دەكرێت و بڕەكەشی زیاد دەبێت". ئەحمەد مام رەسوڵ