شه‌ممه‌, 03 ی ئایار , 2025
ئیلهام ئه‌حمه‌د: گەڕانەوەى كورد بۆ دۆخی پێش ساڵی 2011 مومکین نییە
  2025-04-20       434       

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەگەڵ تورکیا گفتوگۆو دانوستاندنمان هەیەو لەنێوان ئێمەو ئه‌واندا هەندێک هەنگاو هاوێژراوە بۆ چارەسەری کێشەکان"، ده‌شڵێت:"گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی 2011 مومکین نییە".

ئاوێنە: ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشكرایده‌كات، بەشێک لەو نەوتەی لەڕۆژئاوای کوردستان دەردەهێنرێت، ڕادەستی دیمەشق دەکرێت.

ئیلهام ئەحمەد لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا باسی لەرێککەوتنی پەیەدەو ئەنەکەسە کردو جه‌ختیكرده‌وه‌، لەماوەیەکی نزیکدا ڕادەگەیه‌نرێت، هاوكات باس لەڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق دەکات، بەتایبەتی دوایین ڕێککەوتنیان لەسەر بەنداوی تشرین.

به‌وته‌ى به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان باس لەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەکات‌و دەڵێت، "لەڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکاندا هەم ڕۆڵی هەرێم، هەم ئەو پشتگیرییەی کردی بەئەرێنی‌و باش دەیبینین، جێگه‌ی سوپاسە".

سەبارەت بەدەستورى کاتى سوریاش دەڵێت:"دەبێت لەدەستوردا پەروەردە بەزمانی دایک بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا بنەما بێت، نابێت زمانێک بنەمابێت‌و ئەوی دیکە بنەما نەبێت، زمانێک فەرمی بێت‌و زمانێکی دیکە فەرمی نەبێت".

ئیلهام ئەحمەد ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "ئەو زمانانەی لەناو سوریادا هەن، ئەو کولتورانەی لەناو سوریادا هەن هەمویان فەرمین، لەو شوێنەی کە لێین، لەو شوێنەی کە تێیدا دەژین فەرمین، دەبێت لەدەستوری سوریادا خاڵێکی وا هەبێت، کە کورد بتوانن بەزمانی خۆیان پەروەردە ببینن، بەزمانی خۆیان بژین، کولتوری خۆیان زیندوو بکەنەوەو بەهێزبکەن، پێویستە پشتگیری بکرێت، دەبێت دەستور ئەم مافە بدات".

ئه‌وه‌شى وت:"لەدەرەوەش لەسیاسەتدا ڕۆڵگێڕان، مافەکانی سیاسی، نەتەوەکانی سوریا هەموو بەئازادی‌و سەربەستی بتوانن بەشداری سیاسەت بن‌و ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن، نوێنەرەکانیان لەبەڕێوەبەرایەتیی سوریادا هەبن، دەبێت کورد نوێنەرایەتی خۆی لەبەڕێوەبەرایەتیی سوریادا دیاریی بکات".

سه‌باره‌ت به‌ڕێكه‌وتنى به‌نداوى تشرینیش ئاشكرایكرد، "ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئەم بەنداوە لەشەڕو ناکۆکییەکان دوربخرێتەوە، لەبەرئەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە، خەڵک سودی لێوەردەگرێت‌و ژیانیان باشدەکات، ئەوە لەشەڕ دوربخرێتەوەو بپارێزرێت‌و ئاگربەست پێکبهێنرێت، لەسەر بەڕێوەبردنی گفتوگۆ دەکرێت، ئەم بەنداوە چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ چۆن باشتر دەکەوێتە خزمەتەوە؟ لەسەر ئەمەش گفتوگۆ هەیە".

به‌وته‌ى ئیلهام ئه‌حمه‌د، "گەڕانەوەى كورد بۆ دۆخی پێش ساڵی 2011 مومکین نییەو هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌ین، دامەزراندنی سیستەمی لامەرکەزی بوەتە پێویستییەک کە ئەم سیستەمە دەرفەت بەخەڵکی ناوچەکە دەدات کە خۆیان بەڕێوەببەن".

له‌باره‌ى پێكهاته‌ى حكومه‌تى ئێستاى سوریاشه‌وه‌ كه‌ كه‌سێك به‌ناوى تەنیا محەممەد تورکۆ وەزیری پەروەردەی سوریا كه‌ کوردە، ئیلهام ئه‌حمه‌د وتى:"محەممەد تورکۆ نوێنەرایەتیی کورد ناکات‌و وەکو کەس بەشدار بوە، بۆیه‌ دەبێت گەلی کورد خۆی نوێنەری خۆی دیاریی بکات‌و بینێرێتە نێو حکومەت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×