بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە دەباشان لەگەڵ عەلی ئەكبەر ساڵحی، وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئێران كۆبوەو گەشبینی خۆی بەرامبەر بە گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمریكا دەربڕی و راشیگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان باشترین بژاردەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە عەلی ئەکبەر ساڵحی، وەزیری پێشوتری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی هەمو لایەنەکان کرایەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئارامی و دورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژییەکان.
بەپێی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی بە گەشبینییەوە لە گفتوگۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکای روانی و هیوای خواست ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکان و جەختیکردەوە کە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان باشترین بژاردەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسەکان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆشییەوە، عەلی ئەکبەر ساڵحی ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی مام جەلالدا لە بنیادنانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەردولا و "خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە ئەمڕۆ یەکێتی بەهەمان سیاسەت و پێگەیەکی بەهێزەوە درێژە بە کاری خۆی دەدات."