سودانی بەبێ‌ ئاگاداری سەركردەكانی شیعەو سەرۆكایەتیەكانی كۆمارو پەرلەمان سەردانی قەتەری كردووە
  2025-04-21       547       

بەرپرسێكی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت سودانی بەبێ‌ ئاگاداری سەركردەكانی شیعەو سەرۆكایەتیەكانی كۆمارو پەرلەمان سەردانی قەتەری كردووە.

ئاوێنە: لەمبارەیەوە عەباس موسەوی، راوێژکاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (العهد)  رایگەیاند: هیچ کام لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و کۆمار، پێشتر زانیارییان لەسەر سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ قەتەر نەبووە.

ناوبراو  وتویەتیشی:  سیاسەتی نیشتمانی و پرۆسەی دیموکراسی بە مانای پاراستنی گەل و پشتگوێ نەخستنی خوێنی بێتاوانەکانە، وتیشی، ناتوانین لەبیرمان بچێت تیرۆر چی بەسەر کەسوکاری شەهیدان هێنا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع لە ناوخۆی عێراق، دەبێتە هۆی خولقاندنی ئاشوبێكی نوێ لەگەڵ داعش و تیرۆر، شەرع تائێستا هیچ هەڵوێستێكی نەبووە بۆ داوای لێبوردن لە گەلی عێراق، لەسەر تاوانە تیرۆریستییەکانی.

هاوكات داوای لە حکومەت و سودانی کرد، شەهیدان لەبیر نەکەن، پەیڕەوی دیپلۆماسی راستەقینە بکەن و رێز لە خوێنی شەهیدان بگرن، بە پێویستیشی زانی، کۆمکاری عەرەبی ئاگاداربكرێتەوە بەوەی هاتنی شەرع بۆ عێراق، دەبێتە هۆی ئاشوب.

ناوبراو باسی لەوەشكرد، نامانەوێت عێراق کێشبكرێتە ناو بەرەیەك بەرامبەر بەرەیەكی تر، رۆیشتنی سودانیش بۆ قەتەر، لە بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان نییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×