پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەسەر كێشەیەكی خێزانی، كەسێك بە دەمانچە تەقەی لە باوك و خوشك و ژنەكەی خۆی كردوەو هەر سێكیانی برینداركردون.
ئاوێنە: بەڕێوەبەراتی پۆلیسی زاخۆ، لە راگەیەندراوێكدا وتی، نزیك سەعات 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە گەڕەكی "تلكەبەر"ی شارەكە، تۆمەتبارێك بەناوی "ر. ا. ر." لەسەر كێشەیەكی خێزانی سێ ئەندامی خێزانەكەی خۆی بە چەكی دەمانچە برینداركردون و تۆمەتبارەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە.
ئەو كەسانەی برینداركراون، وەك پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی پێداوە، باوك و خوشك و ژنی تۆمەتبارەكەن.
پۆلیس وتوشیەتی، بەپێی راپۆرتی پزیشكی، تەندروستی بریندارەكان جێگیرەو پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.