پاپا فرانسیس کێیە؟
  2025-04-21       301       
پاپا فرانسیس سەردانی هەولێری کرد ساڵی ٢٠٢١

ئا: ئاوێنە

 

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان‌و رابەری ئایینی کاسۆلیکەکان بەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد. ئەو پیاوە ئایینییە ئەرجەنتینییە کێ بوو کە هەم لەلایەن کەسانی کۆنەپەرستەوە رەخنەی لێدەگیراو هەم لەلایەن کەسانی پێشکەوتنخوازەوە؟

خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆ، کە زیاتر بە"پاپا فرانسیس" ناسراوە، لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتینەو لەڕێکەوتی ١٧/١٢/١٩٣٦ لەدایکبووە یەکەم کەسی بەڕەگەز ئەمەریکای لاتینیە کە نازناوی پاپ وەردەگرێت.

پاپا فرانسیس لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٣ وەک ٢٦٦ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا، ئەم هەڵبژاردنە زۆرێک لەچاودێرانی کڵێسای سەرسام کرد. چونکە ئەوکات بۆ زۆر کەس "نەناسراو" بوو، یەکەم رابەری ڕۆحی نائەوروپی بوو کە لە ماوەی ١٣٠٠ ساڵدا بەپاپا هەڵبژێردرا. دووەم کەسایەتی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە لە دوای گریگۆری سێیەم نازناوی پاپی وەرگرتووە.

پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فڕەنسی، ئۆکڕانی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانی.

فرانسیس لەکاتێکدا بوو بەپاپا کە سکانداڵەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەلایەن قەشە کاسۆلیکەکانەوە بەرۆکی بەڤاتیکان گرتبوو. هەروەها لەو کاتەدا لەناو بیرۆکراسی ڤاتیکاندا مشتومڕی گەورە هەبوو، دنیا هەمووی چاویان لەسەر پاپای نوێ بوو کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانە دەکات‌و خەڵک داوایان لێدەکرد ڤاتیکان رێکبخاتەوە.

پاپا فرانسیس هەوڵیدا تا ئەو جێگایەی کە دەتوانێت بە سادەیی بژی، ڕەتیکردەوە ئەو شوینە ڕازاوەی کۆشکی ئەپۆلیستیکی بەکاربهێنێت کە پاپاکانی پێش خۆی بەکاریان دەهێنا، پێیباشتر بوو لەکۆمەڵگاکەدا بژی‌و "تەندروستی دەروونی"ی خۆی کرد بەهۆکارو پاساو.

بەڵام فرانسیس لە ماوەی دەسەڵاتداریدا ڕووبەڕووی کاردانەوەی هەردوو کۆنەپەرستان‌و پێشکەوتنخوازان بووەوە. کۆنسەرڤایڤ‌و کۆنەپارێزەران، فرانسیسیان تۆمەتبار کرد بەشکاندنی نەریت، لەکاتێکدا پێشکەوتنخوازان ڕەخنەیان لێدەگرت کە کاری نەکردووە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کەنیسەی ٢٠٠٠ ساڵەی کاسۆلیک.

لەڤاتیکان تەنها دوو کەس هەبوون کە جلوبەرگی سپییان لەبەردا بێت تا لەساڵی ٢٠٢٢، بینێدیکت، پاپای پێش فرانسیس کە کۆچی دوایی کرد، هەروەها پاپا فرانسیس، ئەمە بووە مایەی سەرلێشێواویی‌، کاردیناڵ جۆرج پێڵی ئوسترالی کە کەسایەتییەکی گرنگی بزووتنەوەی کۆنەپەرستانە لەناو کاسۆلیکەکانداو بەهاوپەیمانی بینێدیکت ناسراوە، بابەتێکی نووسی‌و لەساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکرایەوەو تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەی فرانسیس وەک پاپا "کارەسات" بووە.

لەنێو ئەو کارانەی پاپا کە توڕەیی کۆنەپەرستانی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕێگەدان بەژنان‌و موسڵمانان بوو بۆ بەشداریکردن لەپێنجشەممەی پیرۆز، تەنانەت ئەو وتی "کڵێسا پێویستە بەشێوەیەکی لەبارتر لەتاکەکانی ئێڵ جی بی تی نزیک بێتەوە"، هەروەها پشتگیری مەرجداری بۆ هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان کرد لەکانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا.

سەرەڕای ئەوەی لەچوارچێوەی ڤاتیکاندا روبەڕووی ئاڵنگاریی‌و دژایەتی بووەتەوە، بەڵام فرانسیس بووەتە "سۆپەرئەستێرە" لەسەرانسەری جیهاندا. پاپا کە زۆرجار سەردانی دەرەوەی وڵاتی دەکرد، چاوی بە کەسانێک دەکەوت کە لەدۆخێکی سەختدا دەژیان، بەبێ گوێدانە ئایینەکەیان. بۆ نموونە لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە شاری بانگوی پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کە زۆرینەی موسڵمانە، لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا. بەهەمان شێوە لە 29ی تشرینی دووەمی 2014، بەر لە ئەنجامدانی مەراسیمی پیرۆز لەکاتدراڵی سەینت ئیسپریت لەئەستەنبوڵ، بە بەشداری جەماوەرێکی زۆری موسڵمان کۆترێکی سپی ئازاد کرد.

پاپا فرانسیس ئەو کەسە بوو کە لەسەدا ٨٠ی ئەو کاردیناڵانە دیاری دەکات بەرپرسیارن لەهەڵبژاردنی پاپای نوێ. بەڵام ئەوە گەرەنتی ئەوە ناکات کە پاپای داهاتوو پێشکەوتنخواز بێت. هەندێک لەشارەزایانی ڤاتیکان پێیانوایە جێنشینی فرانسیس "میانڕەوتر" دەبێت‌.

هەروەها لەسەردەمی دەسەڵاتی پاپا فرانسیسدا دەستووری ڤاتیکان پێداچوونەوەی بۆ کراو ڕێگەی بەژنانیش دا بەشداری لەئیدارەکردنی کەنیسەی کاسۆلیکیدا بکەن. لەماوەی خولی پاپا فرانسیسدا ژنانی زیاتر لەپۆستە باڵاکان دەستبەکاربوون.

فرانسیس کە کاتێک بەپاپا هەڵبژێردرا تەمەنی ٧٦ ساڵ بوو. تا ساڵی ٢٠٢١ تەندروستی باش بوو، لەو ساڵەدا نەشتەرگەری ڕیخۆڵەی بۆ کراو دوای ئەوە کێشەی ئەژنۆی تووشبوو. بۆیە کەوتە بەبەکارهێنانی گۆچان‌ کورسی گەڕۆک، هێواش هێواش کێشی زیادی کرد.

هەروەها هەڵوێستی پاپا سەبارەت بەشەڕی ئۆکرانیا بۆ زۆر کەس جێی سەرسوڕمان بوو. هەرچەندە نزیکەی لەهەموو دەرکەوتنێکی گشتیدا داوای ئاشتی دەکرد، بەڵام هەندێک ئەم بانگەوازانەیان بەناتەواو زانی‌و شەڕەکە ململانێی نێوان ڤاتیکان‌و کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیای گەیاندە ئاستێکی نوێ. بەتایبەتی کاتێک پاپا فرانسیس داوای لەپاتریارکی روسی کرد کە نەبێتە "پاتریاکی پوتین". سەبارەت بە شەڕی غەززە، پاپا داوای کردووە هەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێت و هەم ئاگربارانکردنی غەززە کۆتایی پێبهێنرێت.

پاپای ڤاتیکان هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ ئێزیدییەکان راگەیاندووەو نزاو نوێژی بۆ کردوون بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هامه‌تیه‌كانىان له‌بیربچێته‌وەو خوازیاری ئەوە بووە ئاشتى به‌رقه‌رار له‌عێربەرەبەیانی ٧ی ٣ی ٢٠٢١، پاپا فرانسیس وەک یەکەمین پاپای ڤاتیکان سەردانی هەرێمی کوردستان‌ کردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوەوەو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەیاریگای فرەنسۆ هەریری لەهەولێرو  بە بەشداریی ١٠ هەزار کەس گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوەبرد.

پاپا فرانسیس پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان هەبووەو بەرەبەیانی ٧ی ٣ی ٢٠٢١، وەک یەکەمین پاپای ڤاتیکان سەردانی هەرێمی کوردستان‌ کردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوەوەو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەیاریگای فرەنسۆ هەریری لەهەولێرو  بە بەشداریی ١٠ هەزار کەس گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوەبرد.

فرانسیس دوای خوێندنی لەئەرجەنتین‌و ئیسپانیاو شیلی، لەساڵی ١٩٦٩ وەک قەشەیەک دەستنیشانکراو بەخێرایی بوو بەسەرۆکی کڵێسای ئەرجەنتین. ئەمەش لەساڵانی ١٩٧٦-١٩٨٣دا، کە ئەرجەنتین لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەربازیدا بوو. لەو ماوەیەدا نزیکەی 30 هەزار کەس ڕفێندراون‌و کوژراون. هەندێک دەڵێن گوایە فرانسیس لەو کاتەدا لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگ بووەو نەیتوانیوە دوو قەشە بپارێزێت کە دژی دیکتاتۆرییەت بوون. بەڵام ڤاتیکان ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.

دوا سیاسەتمەدار کە پاپا لەگەڵیدا کۆبووەوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس بوو.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×