ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، ئەمڕۆ دوشەممە، یاسای پەسەندكردنی "پەیماننامەی ستراتیژی" لەگەڵ ئێران، ئیمزاكرد كە بۆ ماوەی 20 ساڵە.
ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی تاسی روسی، ئەو پەیماننامەیە، چوارچێوەیەكی یاسایی دەبێت بۆ هاریكاریی درێژخایەن و ستراتیژیی نێوان روسیاو ئێران لە هەمو بوارەكاندا، لەوانە لە بواری بەرگری، شەڕی تیرۆر، وزەو بازرگانی.
پەیماننامەكە پێنج رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی فیدراڵی روسیاوە پەسەندكرا، هەروەها رۆژی 8ی ئەم مانگەش، لەلایەن ئەنجومەنی دۆمای روسیاوە پەسەندكرابو.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیاو مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، رۆژی 17ی 1ی ئەمساڵ و سێ رۆژ بەرلە دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپ، وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا، پەیماننامەكەیان ئیمزاكرد.
بە ئیمزاكردنی یاسای پەسەندكردنی پەیماننامەكە لەلایەن پوتینەوە، ئێستا روسیا سەرجەم قۆناغە یاساییەكانی پەسەندكردنی پەیماننامەكەی تەواوكردون بەڵام هێستا حكومەتی ئێران، پەیماننامەكەی بۆ پەسەندكردن نەناردۆتە پەرلەمانی وڵاتەكەی.
هەفتەی رابردو، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ، بە كەناڵی ئاڕ تی راگەیاند، بەم نزیكانە پەیماننامەكە بۆ پەسەندكردن دەنێرنە پەرلەمان.
بەگوێرەی پەیمانناكە، وێڕای پرسە سیاسی و ئابورییەكان، هەردو وڵات هاریكاری یەك دەبن لەبەرامبەر هەڕەشە هاوبەشەكان.
لە كاتی پەسەندكردنی پەیماننامەكەدا لەلایەن ئەنجومەنی دۆمای روسیاوە، ئەندری رودنكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەپێی پەیماننامەكە، لە كاتی هێرش بۆ سەر یەكێك لە وڵاتانی پەیماننامەكە، ئەویدیكەیان پابەندنییە بە پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی.
لێدوانەكەی ئەو بەرپرسە روسییە لەكاتێكدا بو كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی لە ئێران كرد كە ئەگەر نەگەنە رێككەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی، ئەوا بژاردەی سەربازی بەكاردەهێنن.
لەگەڵ ئەوەش لە بەندی سێیەمی پەیماننامەكەدا هاتوە، ئێران و روسیا نابێت پشتیوانی و هاوكاری ئەو وڵاتانە بكەن، كە هێرش دەكەن سەر هەر كامیان.