سی پی تی: لەماوەی سێ رۆژدا سوپای توركیا 97 جار بۆردومانی سنوری ئامێدی كردوە
  2025-04-20       110       

ئەندامێكی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، لەماوەی سێ رۆژدا، سوپای توركیا 97 جار بۆردومانی سنوری قەزای ئامێدی كردوە.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، کاتژمێر 7:50 خولەکی ئێوارەی دوێنێ، هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، بەچڕی هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین، لە چیای مەتینا لە سنوری گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی.

وتوشیەتی، کاتژمێر 10:32 خولەکی هەمان ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، 5 جار بۆردومانی هەمان شوێنیان کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، کاتژمێر 10:05 خولەک تاوەکو 11:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، 53 جار گوندەکانی “مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ”یان لە بەری گارە، لە سنوری قەزای ئامێدی، لە پارێزگای دهۆک تۆپبارانکرد.

كامەران عوسمان ئاشكراشیكردوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردودا، سوپای تورکیا زیاتر لە 97 هێرش و بۆردومانی بۆسەر چیا و گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×