محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەمواركردنەوەی یاساو بڕیارەكانی پەیوەست بە موچەی فەرمانبەران، تاكە رێگایە بۆ یەكخستنی سیستمی پلەبەندیی موچە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كردوە لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لە پارێزگای زیقار.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی لەكۆبونەوەكەدا وتەیەكی پێشكەشكردوە و وتویەتی، رەخساندنی هەلی كار دەبێتە تەواوكەری خزمەتگوزارییەكان و جێگرەوە بۆ ئەوەش بونی كەرتێكی تایبەتی كارایە و پێویستە فەرمانگەكان رێكاری نەرم و خێرا لە پەیوەست بە كەرتی تایبەت بگرنەبەر.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، 34 یاساو بڕیار هەن كە پێشتر پەسەندكراون، ئەو یاساو بڕیارانە، دەرماڵەی جیاوازیان دیاریكردوە و ئەوەش جیاوازی لە موچەی فەرمانبەراندا دروست كردوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە هەمواركردنەوەی ئەو یاساو بڕیارانە، تاكە رێگایە بۆ یەكخستنی سیستمی پلەبەندیی موچە.
سودانی وتوشیەتی، لە بودجەی ساڵی رابردو كە 213 ترلیۆن پلانی بۆ داڕێژراو بوە، 156 ترلیۆنی خەرج كراوە، 90 ترلیۆن دیناری بۆ موچە، 40 ترلیۆن دیناری بۆ بەكاربردن و 13 ترلیۆن دیناریشی بۆ پڕۆژەكانی وەزارەت و پارێزگاكان بوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە، توانیومانە وەبەرهێنانی زۆری بیانی رابكێشین لە ئەنجامی ئەو چاكسازییە دارایی و بانكیانەی كە كراون.