ڕاوێژکارێكی سودانی: موچە مسۆگەرە و بە ئاسانی دابیندەكرێت
  2025-04-21       140       

د.مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی گشتی سێ ساڵە لەسەر سیاسەتێکی دو لایەنەیە بنیاتنراوە، زۆرترین سنوریش (200) ترلیۆن دینارە و کەمترین سنوریش بریتییە لە (150) ترلیۆن دینار، بۆیە دەتوانێت هەمو پێداویستییە سەرەتاییەکانی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی، پاڵپشتی کشتوکاڵی و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە کەمتر لە (150-156) ترلیۆن دینار دابین بکرێت.


ئاوێنە: د.مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەمڕۆ دوشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی الصباح-ی عێراقی ڕایگەیاند، "دۆخی جیۆپۆلەتیکی جیهانی شایەتحاڵی چاوەڕوانییەکانی ئارامبونەوەی دۆخی ڕوسیا و کەنداوە، ئەوەش دەبێتە هۆی شەپۆلێکی گەشەی ئابوری جیهانی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر (1%) زیادبونێک لە گەشەی ئابوری جیهانی پێویستی بە زیادبونی گەشەی خواست لەسەر نەوت و غاز هەیە بەڕێژەی نیو لەسەد و هتد، ئەمەش کارێکە کە زۆر پێشبینی دەکرێت ڕوبدات لەدوای ناوەڕاستی ئەمساڵەوە".

ڕاوێژكارەكەی سودانی، گەشبینی خۆی بەرامبەر پێشهاتە ئابورییە جیهانییەکان دەربڕی و وتی، "سەرەڕای ترس لە دەستپێكردنی شەڕی بازرگانی یان شەڕی گومرگی، بەڵام بە ڕێککەوتنێک کۆتایی دێت کە هاوسەنگی بۆ بازاڕ و ئابوری لەسەر ئاستی جیهان دەگەڕێتەوە".
 
سەبارەت بە دۆخی دارایی عێراقیش ڕونیکردەوە، بودجەی گشتی سێ ساڵە لە بنەڕەتدا لەسەر سیاسەتێکی دارایی بنیاتنراوە کە سیاسەتێکی دو لایەنەیە، زۆرترین سنوریش (200) ترلیۆن دینارە و کەمترین سنوریش بریتییە لە (150) ترلیۆن دینار، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوت بە (70) دۆلارە، لەگەڵ کورتهێنانی گریمانەیی بۆ زۆرترین سنوری خەرجکردن کە (64) ترلیۆن دینارە.

ئەوەشیخستەڕو، بودجەی گشتی دەتوانێت هەمو پێداویستییە سەرەتاییەکانی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی، پاڵپشتی کشتوکاڵی و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە کەمتر لە (150-156) ترلیۆن دینار دابین بکات، کە بە کەمترین سنوری دارایی کورتهێنان لە ڕێگەی قەرزکردنی ناوخۆیی ئاسان و سادە دابین دەکرێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابوری هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×