وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە لەسەر ئایندەی دینار و دۆلار و تمەن زانیاری نەبیستراو بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات
  2025-04-15       2627       

وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆرى دراو لە سلێمانى بەرزبونەوە و نزبوونەوەی تمەنی ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ لێدوانەکانی ترەمپ و رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبارەی بەهای دیناریشەوە ئەگەر هەیە بگەڕێتەوە بۆ بەهای ١٥٠ هەزار دینار.

ئاوێنە: د. جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆرى دراو لە سلێمانى کە هاوکات پسپۆڕی ئابورییشە لەلێدوانێکدا ئایندەی بەهای دینار و دۆلار و تمەن ئاشکرا دەکات و بە ئاوێنە دەڵێت "تمەن لەم ماوەدا هەڵبەز و دابەزی زۆر دەکات و هەمووی پەیوەستە بە لێدوانە سیاسییەکان و راگەیاندنەکان".

زیاتری وت "تویتێک لەگەڵ لێدوانێک گۆڕانکاری لەبەهای تەمەنی ئێرانی دەکات، بۆیە نرخی تمەن لەم ماوەیەدا زۆر ناجێگیر دەبێت، ئەمڕۆ یەک لێدوانی عەلی خامنەیی تمەنی بەرزکردەوە. ئێستا خواست و خستنەڕوو کاریگەری نییە تەنیا لێدوانەکان نەبن".

سەبارەت بە بەهای دیناریش د. جەبار گۆران رایگەیاند "ئەمڕۆ دینار لەکاتی داخستنی بازاڕ بە ١٤٧ هەزار بوو، پێموایە لەم ماوەیەدا لەو نرخەدا جێگیر دەبێت واتە لە ١٤٧ بۆ ١٤٩ دەبێت ئەگەریشی هەیە دابەزێت بۆ ١٤٦یش".

ناوبراو وتیشی "ئەمەش پەیوەندیدارە بە سەقامگیری سیاسی عێراق و سیاسەتەکان لەگەڵ نەختینەی بانکی مەرکەزی، وە هەروەها پاڵپشتی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ بانکی مەرکەزی عێراق".

بەوتەی ناوبراو بێت، نرخی ئێستا دینار پەیوەندی بە حەواڵەکردنی دەرەکی هەیە، هەروەها خێراتریش دەڕوات و خواست لەسەر بازاڕ کەمبووەتەوە چونکە "خواستەکان هەمووی گوازراوەتەوە بۆ بانکەکان".

"دوو شت جموجۆڵ بە بەهای دیناری تۆوە دەکات، یەکەم دۆخی سیاسی و دووەم ئابووری، ئێستاش دۆخی ئابووری عێراق باشە بەپێی داتاکان لە٪٢.٥ ئابووری عێراق گەشەی کردووە، دۆخی سیاسیش تەنگەشەکەی نەماوە و سەقامگیرە. بەڵام هەر گرەنتی نییە دۆلار و ئەگەر هەیە دۆخەکە تێکبچێتەوە و بەهای دینار ببێتەوە بە ١٥٠ هەزار". وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆرى دراو لە سلێمانى
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×