ئا: مەزهەر کەریم
زیاتر لەدە ساڵە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەدەست کێشەی دواکەوتنی مووچەو لێبڕینی مووچەو پاشەکەوتکردنو نەدانی مووچەوە گیرۆدەن، پرسیاری سەرەکییان ئەوەیە "کەی کێشەی مووچە بەیەکجاریی لەنێوان حکومەتی هەرێمو حکومەتی ناوەندی بەغدا چارەسەر دەکرێت؟".
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەوە ئاماژە بەوە دەکات کە پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا پەیوەستە بەوەی مەرجەکانی بەغدا لەلایەن حکومەتی هەریمەوە جێبەجێبکرێت، کە ئەویش ئەوەیە ھەرێم لیستی مووچە بێ کەموکوڕی دەنێرێت بۆ بەغداو داھاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا دەکات یان نا، ئەو وتی "دادگایی فیدرالی عێراق لەبەرامبەر چوار بڕیاردا کە دەبێت حکومەتی هەرێم پابەند بێت ئەویش تەوتینو رادەستکردنی داھاتی نەوتیو داھاتی نانەوتیو پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ ئاگاداربوون لەداھاتی ھەرێم، بەغدای پابەند کردووە بەپێدانی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا".
لەبارەی ئەوەی لەمانگەکانی ئایندەدا بەغدا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا دەنیرێت، کۆچەر وتی "ئەوە نرخی نەوت بڕیار دەدات، ئەگەر نرخی نەوت بچێتە خوار ٦٠ دۆلار حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی خۆشی پێنادرێت نەک ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدات، ھەر بۆیە ئێمە لەماوەکانی پێشوودا داوامان کرد ھەرێم تەوتینی موچەی فەرمانبەران ھەرێم بکاتو واز لەھەژماری من بھێنێت تا پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بسەپێنرێت بەسەر بەغدا، بەڵام نەیانکرد".
وتیشی "ئێستا پارە لەبەغداوە دێتو بەدەستی ھەرێمە ئەمەش زۆر خراپە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم، کە سبەینێ کێشەیەکی بچوک لەبەغدا دروست ببێت دەڵێن پارەمان نیە موچەی فەرمانبەران ھەرێم نادەن، بەڵام بیریشمان نەچێت ھەمو کوتلە شیعیەکان ھەتا مانگی یانزەی ئەمساڵو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیشیان بەکورد دەبێت بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو، بۆیە کورد لەخۆیان توڕە ناکەنو بریاری دادگای فیدرالیشمان ھەیە، بۆیە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەدەن، بەڵام تا چەند لەکاتی خۆیدا دەیدەن یان دوادەکەوێت؟ ئەوە دیار نیە".
شارەزایانی ئابوریش جەغت لەوە دەکەن کە سەڕەرای دڵنیایی کاربەدەستانی هەرێم سەبارەت بەچارەسەرکردنی کیشەی مووچەم بەڵام هێشتا هیچ گرەنتییەک لەئارادا نییە.
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووی لەبارەی دوانەکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەداھاتوودا، بەئاوێنەی وت "ئەگەر دۆخی عێراقو ناوچەکەش باش بێت، هێشتا گرەنتی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نابینرێت، چونکە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم سیاسیەم کارگێڕیو دارایی نیە، ھیچ بڕیارێکش لەناو لاییەنە سیاسیە عێراقیەکان گرەنتی نیە، ئەو کەسانەی خۆیان لەسەروو یاساوە دەبینەوە حکومی ھەولێرو بەغدا دەکەنو بۆ ئامانجی کورت مەودای حیزبی خۆیان کاردەکەنو بابەتی مووچەی فەرمانبەران وەک کارتێک بەکاردەھێنن".
وتیشی "ئەوەی ئێمە پێشبینی دەکەین چیتر دۆخی بەغدا بەو باشیەی ئێستا ھەیە لەڕووی نرخی نەوتەوە نامێنێتەوەو بەردەوام نابێت. ئەو کێشانەی دۆناڵد ترامپو ئیدارەکەی بۆ دۆخی دارایی جیھان دروستیان کردووە، بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی نرخی نەوتی دابەزاندوە، بۆیە ئەمەش وا دەکات عێراق تووشی کورتھێنانی دارایی سەخت ببێت، کە ساڵی پار نرخی یەک بەرمیل نەوت ٧٧ دۆلار بووە ١٥ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەبووە، ئێستا بەرمیلێک نەوتی عێراق بەنزیکەی ٦٠ دۆلار دەفرۆشرێت، ئەمەش کورتھێنانێکی گەورەی ئابووری دەبێت بۆ عێراق لەداھاتوودا".
ئەم شارەزا ئابووریە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر دۆخی دارایی دونیا بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بەھەموو پێوەرەکان چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دروستببێت لەمانگەکانی داھاتوودا، ئەو وتی "ئەم گرێکوێرانە سەرێکی لەبەغدایەو ئەوەی دیکەی لەھەرێمە، وەک ھەناردەکرنەوەی نەوتی ھەرێم بەبۆریی یان لەبابەتی تەوتین بەم شێوەیەی دابەشکردنی مووچە لەبانکەکانی ھەرێم، ئەمەش وایکردوە ھەر کاتێک بەغدا بیەوێت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بکات، بەشی ئەوە کێشەی لەبەردەستدایە کە حکومەتی ھەرێم سازاندویەتی تا موچەی فەرمانبەران دوابخاتو نەیدات".
هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەبارەی کێشەی دواکەوتنو نەدانی موچەی فەرمانبەران لەمانگەکانی داھاتوودا لەلایەن بەغداوە، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "پێشبینی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا لەلایەن بەغداوە وەک فاڵ گرتنەوە وایە".
سەرچاوەکە وتیشی "کەس نازانێت لەعێراقدا چی روودەدات لەداھاتوودا، بۆیە پێشبینیەکانی ئێمە لەسەر ئەو بابەتە زۆر ئاڵۆزو قورسە، بۆیە لەوبارەیەوە ناتوانین بڵێین باش دەبێت یان خراپ، پێویستە چاوەرێ بکەین تا بزانین چی روودەدات لەداھاتوودا".
چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە دۆخی ئابوری عیراق لەداهاتوودا رووبەڕووی هەلومەرجێکی سەخت دەبیتەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوەو ئەمەش کاریگەری نەخوازراوی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، چاودێریی سیاسی لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەمساڵداو لەکاتی خۆیدا لەلایەن بەغداوە بەئاوێنەی وت "دۆخی سیاسیو ئابوری جیھان لەلایەکو عێراقیش بەم دۆخە خراپەی کە ھەیەتی لەمانگی پێنجی ئەمساڵ بەدواوە دۆخی ئابوری عێراق خراپتر نەبێت باشتر نابێت، کە ئەمەش کێشە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دروست دەکاتو کێشەکان بەردەوامیان دەبێتو باش نابێت".
وتیشی "ئەو ئەگەرانەی پێش ھەڵبژادنی عێراق ھەیە بۆ باشبوونی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم باس دەکرێت لاوازە، ھەر جارەی کێشەیەک بۆ موچەی فەرمانبەران ھەرێم دروست دەکەنو لایەن عێراقییەکان ھیچ باکێکیان بەکورد نییە لەپێکھێنانی دەوڵەتی عێراق. ھەرچەندە ئێرانش لەئێستادا دۆخی خراپە، بەڵام کەم تا زۆر رۆڵی ھەر ھەیەو دەشیبێت لەدواخستی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھەتا بۆی بکرێت لەگوشارەکانی ناوەستێت بەرامبەر کورد".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات